قاچاخچییەکان بەلجیکا وەک رێگەیەکی نوێ بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بەکاردەهێنن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی بەلجیکا رایدەگەیێنێت، کەناراوەکانی وڵاتەکەیان بووەتە رێگەیەکی سەرەکی بۆ کۆچبەری نایاسایی بەرەو بەریتانیا و لەم ساڵدا ژمارەی ئەو بەلەمانەی کۆچبەران دەگوازنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
 
بەپێی راپۆرتێکی "RTL Today" کە رۆژی 19-4-2026 بڵاوکراوەتەوە، رێکارە ئەمنییە تووندەکانی فەرەنسا و بەریتانیا وایکردووە قاچاخچییەکان ناچاربن بەدوای رێگەی نوێدا بگەڕێن. ئان بێرگەر، گوتەبێژی پۆلیسی بەلجیکا رایگەیاند، هەوڵەکانی پەڕینەوە لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیانەوە رووی لە زیادبوون کردووە.
 
ئان بێرگەر گوتی: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیادبوونێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو بەلەمە بچووکانەدا تۆمار کراوە کە لە کەناراوەکانی بەلجیکاوە بەڕێدەکەون." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا 17 هەوڵی بەڕێکەوتنی بەلەمەکان بەرەو بەریتانیا تۆمار کراون، بەڵام دەڵێت: "رەنگە ژمارە راستییەکە لەوەش زۆرتر بێت."
گوتەبێژی پۆلیسی بەلجیکا روونیکردەوە، لە ساڵانی رابردوودا بەکارهێنانی بەلەمی بچووک لە کەناراوەکانی ئەواندا یان هەر نەبووە، یان ساڵانە تەنیا 1 بۆ 2 جار دەبینرا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.
 
کۆچبەران رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە
 
ئان بێرگەر تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ئەم رێگەیە و رایگەیاند، گواستنەوەی کۆچبەران "جیهانێکی تاوانکارییە"، چونکە کۆچبەران لەو رێگەیەدا رووبەڕووی هەڕەشە، تووندوتیژی و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە.
 
گوتەبێژەکەی پۆلیس ئاشکرای کرد، قاچاخچییەکان زۆرجار ڤیدیۆی ئەو تاوانانە تۆمار دەکەن و وەک ئامرازێکی گوشار بەرامبەر خێزانی کۆچبەرەکان بەکاری دەهێنن تاوەکو پارەی زیاتریان لێ وەربگرن. 
گوتیشی: کۆچبەران قۆناخ بە قۆناخ دەگوازرێنەوە و بۆ هەر قۆناخێکیش بڕە پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگیرێت.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی 2025، زیاتر لە 30 هەزار کۆچبەر بە شێوەی نایاسایی و لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا. 
 
بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە، فەرەنسا و بەریتانیا هاوئاهەنگییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و چاودێریی کەناراوەکانیان بە هێزی پۆلیسی زیاتر زیاد کردووە. 
 
ئەم رێکارە تووندانە وایکردووە قاچاخچییەکان رێگەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا وەک بەلجیکا تاقی بکەنەوە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر ژیانی کۆچبەرانی زیاتر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

ترەمپ شاندی نارد و ئێران هێشتا دوودڵە

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئێران دەکات، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و تەنگەی هورمزیش وەک شا دەماری پەککەوتووی ئابووریی جیهان بە داخراوی ماوەتەوە.