ئۆکراینا داوایەکی ئاراستەی تورکیا کرد: ئامادەین بۆ دیداری پووتین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئامادەیە لە تورکیا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە و بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە، داوایان لە تورکیا کردووە.
 
ئاندری سیبیها، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئۆکراینی 'ئۆکرینفۆرم'، باسی لە پەیوەندییەکانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا چەندین دیداری دووقۆڵی ئەنجامداوە و گوتی: "وەک وەزیرێکی وڵاتێکی لە جەنگدا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ من بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی هاوبەشی نوێ. بیرم نایەت لەسەر سەکۆی فرەلایەن، هێندە داواکاریی دیدارم پێگەیشتبێت." 
 
سیبیها رایگەیاند، هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لە سەنتەری بایەخی جیهاندا بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوەدا، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەکۆیەکی گرنگە بۆ ئەوە.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئۆکراینا، سیبیها باسی لەوە کرد، هاوبەشیی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. گوتی: "تورکیا وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانی هەیە. ئێستا ئۆکرایناش نەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لە جیهاندا خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانە. هەموو ئەمانە زەمینە بۆ هاوکارییەکی زۆر نزیک خۆش دەکەن." 
 
سیبیها ئاماژەی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا روو لە زیادبوونە. لە ساڵی 2025دا، بەراورد بە پار، نزیکەی 40% گەشەی کردووە. پێموایە دەتوانین پەرەی زیاتری پێبدەین." 
 
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە و گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی تورکیا لە ناوچەکە و رۆڵی زۆر لە گەشەی وڵاتەکەمان، من پشتگیری لە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا دەکەم. هەموو ئەمانە رێگەمان پێدەدەن شێوازی نوێی هاوکاری دەستپێبکەین، وەک فۆرماتێکی هاوکاریی سێقۆڵی ئۆکراینا-تورکیا-سووریا، هەروەک لە سووریا هەیە."
 
بە گوتەی ئاندری سیبیها، تورکیا وڵاتێکە کە توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بێوێنە و زۆر گرنگی لە دیپلۆماسیدا هەیە. "دەزانم دیپلۆماسیی تورکیا، کە من بەهایەکی زۆری بۆ دادەنێم، چ لە رووی فەرمی و چ لە پشت پەردەوە چۆن کاردەکات. زۆر کاریگەرن."
 
سیبیها ئاشکرای کرد، داوایان لە تورکیا کردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان زێلێنسکی و پووتین بە بەشداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "داوامان لە تورکیا کردووە ئەگەری رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە ئاستی سەرۆک زێلێنسکی و پووتین، بە بەشداریی ئەردۆغان و ترەمپ هەڵبسەنگێنێت. ئێمە ئامادەی ئەم کۆبوونەوەیەین. تاکە کێشە ئەوەیە کە پووتین خۆی دەشارێتەوە. سەرۆکی ئۆکرایناش ئامادەی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەیە. دەمانەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنین. پێشنیازی کاریگەرمان هەیە. هیوادارین تورکیا رۆڵێک بگێڕێت کە بتوانێت پرۆسەی ئاشتی خێراتر بکات و بەشداریی تێدا بکات."
 
رۆژی 17ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بەشێکی گوتاری کردنەوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، باسی لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کرد. ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کۆبوونەوەی پووتین و زێلێنسکی و جەختی کردەوە هەموو کارێک دەکەن بۆ رێکخستنی ئەم لووتکەیە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

ترەمپ شاندی نارد و ئێران هێشتا دوودڵە

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئێران دەکات، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و تەنگەی هورمزیش وەک شا دەماری پەککەوتووی ئابووریی جیهان بە داخراوی ماوەتەوە.