رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و گازدا واژۆ کردووە، بەهاکەیان زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەبێت.
لەبارەی گرێبەستەکان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە پایتەختی ئەمریکاوە بە رووداوی گوت: "راوێژمان بە حکومەتی عێراق نەکردووە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "مەبەستی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆکی حکومەت لە 17-05-2025 بۆ واشنتن، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسیی، ئابووری و سەربازییەکانە لەگەڵ حکومەت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان".
کەمال محەممەد باسی لە گرێبەستەکان کرد و گوتی: "لەم گەشتەدا دوو گرێبەست لە بواری پیشەسازی نەوت و گازدا واژۆ دەکرێم. گرێبەستی یەکەم بۆ گازە لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنرجی، کە پێکهاتووە لە دوو کۆمپانیا؛ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس، کە لە بواری نەوتدا کار دەکەن".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لەوەشکرد: "گرێبەستەکان بۆ ئەوەیە کێڵگەی گاز بەکاربهێندرێت لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەکارهێنانی کارەبا، هەروەها بۆ ئەو کارەبایەش کە بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن".
بە گوتەی کەمال محەممەد، بەگوێرەی داتاکان، کێڵگەی میران هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی تێدایە. گوتیشی: "وەکو سەرەتا لەماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەکو قۆناخی یەکەم پێشبینی دەکرێت 50 بۆ 70 ملیۆ پێ سێجا گازی لێ دەربهێندرێت. دواتر کێڵگەکە گازی زیاتر بۆ تۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابیندەکات".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بە گرێبەستێکی دیکە کرد و گوتی: "گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، ئەو کێڵگەیەش کێڵگەی گاز و نەوتیشی تێدایە، وێستێرن زاگرۆس کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، پێشتر لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە. ئەم گرێبەستەش بۆ ئەوەیە، کێڵگەی کوردەمیر لەگەڵ کێڵگەی تۆپخانە بەرهەمی نەوت و گازیان زیاتربێت".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشتنتنی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "راوێژمان لەگەڵ حکومەتی عێراق یان وەزارەتی نەوتی عێراقدا نەکردووە، بەڵام ئەم ژێرخانە وەکو گاز و نەوت، بەتایبەت گاز لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە، چونکە ئێستا کێڵگەکانی کۆرمۆر و خورمەڵە کە 650 ملیۆن پێ سێجا گازیان هەیە، زیاتر لە هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق بەرهەمدەهێنن".
کەمال محەممەد باسی بەرهەمهێنانی کارەبای کرد بە پشت بەستن بە گازی سرووشتی و گوتی: "ئێستا گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنین، توانای ژێرخانی کارەبامان 8 هەزار و 189 مێگاواتە، بەڵام ئەوەی بەرهەمدەهێندرێت نزیکەی 4500 مێگاواتە، ئەویش بەهۆی نەبوونی گازی پێویستەوە. ئێستا وێستگەکانی هەرێم{ـی کوردستان} بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستیان بە یەک ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز هەیە، ئێمەش ئەوەی هەمانە 525 ملیۆن پێ سێجای لە کۆرمۆر و 120 بۆ 130 پێ سێجا لە خوورمەڵەیە، ئەوەش نیوەی پێویستیی کارەبایە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان پێیوایە گرێبەستەکان دەبنە هۆکاری چارەسەکردنی کێشەی کارەبا، هەروەها بۆ پیشەسازی وەکو چیمەنتۆ و ئاسن بەکاردەهێندرێت، کە ئێستا نەوتی رەش بەکار دەهێنن؛ هاوکات دەیانەوێت وەکو وڵاتان گاز بۆ ماڵان دابینبکەن.
بە گوتەی کەمال محەممەد، گازی بەرهەمهێندراو ئەگەر لە پێویستیی کارەبا، پێشەسازی و ماڵان زیاتربوو، ئەوکاتە دەیفرۆشن.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "کۆمپانیای HKN پێشتریش دوو کێڵگەیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کێڵگەی سەرسنگ و ئەترووش، ئەمە دەبێتە کێڵگەی سێیەم، کۆمپانیاکە ئێستا 75 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت".
کەمال محەممەد دەڵێت: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتاندا باشتر بکەین، بەتایبەت ئەمریکا کە پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیشی دەکات، بێگومان کاتێک بەرژەوەندییان کەوتە هەرێم{ـی کوردستانەوە} بە دڵنیایی بەرگری لە بەرژەوەندی خۆیان و ئێمەش دەکەن".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "لە کێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەکان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا نزیکەی بەهای 40 ملیار {دۆلار} دەکات. بەهەمان شێوە بابەتی کێڵگەی تۆپبخانە لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، 5 ترلیۆن پێ سێجا گاز 9 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیکەی 70 ملیار دەکات و پێکەوە دەبێتە 110 ملیار دۆلار، بەڵام ئەمە پێشبینییە و دەکرێت زیاتر یان کەمتر بێت".
کەمال محەممەد لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە گوتی: "گرێبەستەکان نابێت کێشە دروست بکەن، چونکە هەمان گرێبەستەکان پێشتر هەبوون، تەنیا کۆمپانیایەک دەرچووە و یەکێکی دیکە چووەتە شوێنی، ئێمەش چاوەڕێ ناکەین بەغدا رازی دەبێت یان نا، چونکە گرێبەستی دیکەمان هەیە و کێشە هەبێ بۆ هەمووی دەبێت، بۆیە پێشبینی کێشە ناکەم".
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە پرۆسەکەدا وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "سوپاسی ئەمریکا دەکەین، وەکو باڵیۆزخانەیان بەردەوام لەگەڵماندا بوون و هەوڵیانداوە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان رێکبکەون، رۆڵیان زۆر گرنگ بووە و ئەو نەرمییەش وەزارەتی نەوتی عێراق دەریبڕیوە پێموایە ئەنجامی پشتیوانیی حکومەتی ئەمریکایە کە ئێمە سوپاسیان دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، کەمال محەممەد باسی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، پێشبینی دەکەن "لەم نزیکانەدا" هەناردەکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ