تەکسیی فڕیوی بێ شۆفێر لە چەند وڵاتێک تاقیدەکرێتەوە؛ توانای هەڵگرتنی شەش سەرنشینی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەکسیی کارەبایی ئی ڤی تۆڵ لەلایەن کۆمپانیای لیلیۆمی ئەڵمانییەوە دروستکراوە، بڕیارە لە گواستنەوەی ئاسمانیدا بەکاربێت؛ لە چوار وڵاتی جیهانیش تاقیدەکرێتەوە، یەکێک لەو شوێنانەش لێی تاقیدەکرێتەوە شاری ڤیلاکاریلۆیە لە باشووری ئیسپانیا.
 
ستیوارت بێرێل، مامۆستای بواری گواستنەوە لە زانکۆی کۆڤێنتری ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم جۆرە گواستنەوەیە پێی دەڵێین گەشتی ئاسمانیی ناوچەیی، بەو مانایەی کە مەبەست گواستنەوەی نێوان شارەکانە. لەبەر ئەوەش فڕینی ئەم جۆرە فڕۆکەیە بێ فڕۆکەوان لە تایبەتمەندییە هەرە باشەکانیەتی."
 
بڕیارە تاوەکو چەند ساڵێکی دیکە، لیلیۆم تەکسیی ئی ڤی تۆڵ لە چین، ئیتاڵیا و سویسرا وەکو تاقیکردنەوە بەکاربهێنێت.
 
کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ چین کردووە، بۆئەوەی 100 تەکسی لەو جۆرەی پێ بفرۆشێت. تەکسییەکە توانای هەڵگرتنی شەش کەسی هەیە.
 
ستیوارت بێرێل ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک چاو لە بەرهەمی کۆمپانیای لیلیۆم دەکەین، یەکسەر جوانیی دیزاینەکەی بەرچاو دەکەوێت. هەندێک لە کۆمپانیاکانی دیکە هاوچەشنی ئەو تەکسییانەیان دروستکردووە، بەڵام بەرهەمی ئەوان زیاتر لە شێوازی سەربازی دەچێت، لەبەر ئەوەش ئەم تەکسییە زیاتر لای خەڵک پەسەندکراو دەبێت بۆ گەشتکردن."
 
بەهۆی قەرەباڵخیی شارەکانەوە، ئێستا لە چەندین وڵات هەوڵی تاقیکردنەوەی تەکسیی فڕیو دەدرێت. پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2040 بازاڕی تەکسیی فڕیو بۆ یەک تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار بەرز ببێتەوە.