19-09-2022
17:18
نێچیرڤان بارزانی: شاژنی بەریتانیا ئیلهامبەخشێکی راستەقینە بوو بۆ زۆر کەس لە جیهاندا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا پرسهنامه بۆ كۆچى دوايی شاژنى كۆچكردووی بەریتانیا له "تۆمارى پرسه"دا دەنووسێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شاژن ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئیلهامبەخشێکی راستەقینە بوو بۆ زۆر کەس لە جیهاندا."
لە تویتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "لە وێستمینستەر ئەبی لە لەندەن بەشداریم لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژن ئێلیزابێزی دووەم کرد بۆ رێزگرتن لە شاژنی کۆچکردوو."
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "خاوەن شکۆ [شاژنی بەریتانیا] ئیلهامبەخشێکی راستەقینە بوو بۆ زۆر کەس لە جیهاندا."
هاوکات نێچیرڤان بارزانی باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شا چارلسی سێیەم کردووە و دەڵێت، "شەوی رابردوو شەرەفمەند بووم بە بینینی خاوەن شکۆ شا چارلسی سێیەم لە کۆشکی بەکینگهام و پرسە و سەرەخۆشیکردن لێی."
I attended the State Funeral of Queen Elizabeth II at Westminster Abbey in London to pay my respects to the late Queen. HM was a true inspiration to many around the world. I was also honored to meet HM King Charles III at Buckingham Palace last night and offer my condolences.
— Nechirvan Barzani (@IKRPresident) September 19, 2022
هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، پاشنيوهڕۆى رۆژی دووشهممه 19ی ئەیلوول نێچيرڤان بارزانى له لهندهن، دواى تهواوبوونى رێوڕهسمى پرسهى شاژن ئێلیزابێزی دووەم، شاژنى كۆچكردووی بەریتانیا له وێستمينستهر ئابی له پهرلهمانى بەریتانیا بهشداریى له رێوڕهسمێكى پێشوازيدا كرد كه لهلايهن جهيمس كلێڤهرلى، وهزيرى دهرهوهى بهريتانياوه بۆ بهشدارانى رێوڕهسمهكانى پرسه و ماڵئاوايى له شاژنى كۆچكردوو له چێرچ هاوس له لهندهن ساز كرا.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو رێوڕەسمەدا پرسهنامهيهكى بۆ كۆچى دوايی شاژنى كۆچكردووی بەریتانیا له "تۆمارى پرسه"دا نووسیوە.
لهميانى دوو رۆژى سهردانهكهيدا بۆ لهندهن كه لهسهر بانگهێشتى فهرميى حكومهتى بهريتانيا بوو، نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ سهركرده و رێبهرانى وڵاتانى جيهان بهشداریى له پرسه و رێوڕهسمى دوايين ماڵئاوايى له شاژن ئێلیزابێزى دووهم، شاژنى كۆچكردووى شانشينى يهكگرتوودا كرد.
نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له لهندهن پرسهنامهيهكى بۆ كۆچى دوایی شاژن ئێلیزابێز، شاژنى كۆچكردوو له تۆمارى پرسهنامەکاندا نووسى. pic.twitter.com/ayeZfBQ5Xk
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 19, 2022
16:13
بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە جیهانییەکان رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت
گواستنەوەی تەرمی شاژن ئێلیزابێزی دووەم. وێنە: AFP
سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی گەلانی بەریتانیا چوونە پایتەختی ئەو وڵاتە و بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژن ئێلیزابێزی دووەم دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی خێزانی شاهانەی بەریتانیا لە رێوڕەسمەکە بەشدارە.
هاووڵاتییەکی بەریتانی بە رووداوی گوت، "پێموایە کوردستان کراوەتە ئامانجی شەڕ و پێکدادانی زۆر و قەیرانی سیاسی؛ پێموایە جەنابیان لەگەڵ شا کۆدەبێتەوە و پاڵپشتیی گەورە بەدەستدەهێنێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە."
ئەو جووڵەیەی کەوتووەتە شەقامەکانی لەندەن کەم وێنەیە. تامەزرۆ و پەرۆشانی شاژن لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە چوونەتە شارەکە.
هاووڵاتییەکی بەریتانی دەڵێت، "پێموایە شاژن خانمێکی سەرنجڕاکێش بوو، تەنانەت بۆ هەموو جیهان، لەلایەن سێ بەشی جیهانەوە ناسراوە، ئەگەر هەموو جیهانیش نەبێت. خەڵكی وڵاتان لێرەن بۆئەوەی هێندەی رێزگرتن لێی، سوپاسگوزاری بۆ ژیانی شاژن دەربڕن."
سەرکردەکان یەک لەدوای یەک، لە کۆشکی بەکینگهام بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە تەرمی شاژن دەکەن.
تەرمی شاژن ئێلیزابێز دەبردرێتە ناوچەی وینزەر لە رۆژئاوای لەندەن و لە نزیک تەرمی دایک و باوکی و خوشکەکانی بە ئامادەبوونی شا چارلسی سێیەمی کوڕی، بەخاک دەسپێردرێت.
12:04
بایدن: کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێز بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت
جۆ بایدن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنە ئێلیزابێز. وێنە: AFP
ئەمڕۆ سەرۆک، بەرپرس و خەڵک لە نێوخۆ و لە دەرەوەی بەریتانیا، لە کۆشکی بەکینگهام، یەک یەک ماڵئاوایی لە شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دەکەن.
شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە ساڵی 1952ـەوە تاوەکو 2022 شاژنی بەریتانیا بوو.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆچی دوایی شاژنی بەریتانیا دەڵێت، "بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت، هەندێکجار وا بیردەکەینەوە کە هەرگیز پڕنابێتەوە، بەڵام هەروەکو بە شا [چارلسم] گوت. شاژن هەموو ساتێک، هەموو خولەکێک لەگەڵت دەبێت، ئەمەش شتێکی دڵخۆشکەرە."
دوایین گەشتی شاژن ئێلیزابێزی دووەم بەرلەوەی بەخاکبسپێردرێت، لە وێستمینستەر دەستپێدەکات، کاژێر 12:44 خولەک، تەرمی شاژن لە وێستمنیستەرەوە دەگاتە کەنیسەی وێستمنیستەر ئابی، کاژێر 13:00 بە کاتی بەریتانیا پرسەکە دەستپێدەکات و کاژێر 13:55 خولەک دوو خولەک بێدەنگی وەکو رێزلێنان لە شاژن بەڕێوەدەچێت.
کاژێر 14:15 تەرمی شاژن دەگەیێندرێتە ویلینگتن ئارک، کاژێر 18:00 دەگەیێندرێتە کۆشكی قەشە جۆرج و کاژێر 18:30 بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێدەکرێت و بەخاکدەسپێردرێت.
23:46
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم و بەشداریی نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا
رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی شاهانەی بەریتانیا، دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، 10 رۆژە ماتەمینییەکەی کۆچی دوایی شاژن کۆتایی دێت و بەخاک دەسپێردرێت.
رێوڕەسمەکە لە وێستمینستەر ئەیبی، کە کۆشکێکی ئایینی بۆنەکانە بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی بەریتانیا ئامادە دەبێت. هەروەها، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جیڵ بایدن، خانمی یەکەمیی ئەمریکا و نوێنەرانی وڵاتانی کۆمۆنوێڵس کە پێشتر بەشێکبوون لە وڵاتی بەریتانیا بەشداردەبن.
"ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا جەختیانکردەوە لە بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی"
رۆژی یەکشەممە 18ـی ئەیلوولی 2022، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، "ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانی جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریبکات."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، رێوڕەسمەکەی بە رووداوێکی زۆر گەورە بۆ بەریتانیا و جیهان وەسفکرد و گوتی، "گردبوونەوەیەکی جیهانییە و سەرکردەی 150 وڵاتی جیهان بەشدار دەبن، سەرکردەکان لەوێ یەکدی دەبین و رەنگە چەند بابەتێکی سیاسیی تاوتوێ بکرێت، بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان ئەوە نیشاندەدات کە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولادا هەیە و لەم ساڵانەدا زیاتر بەرەوپێشچوون."
رێوڕەسمەکە چوار قۆناخە:
یەکەم: نووسینی یاداشتی هاوخەمی
دووەم: میوانداریکردنی شا چارلسی سێیەم
سێیەم: رێز نواندن بۆ شاژنی کۆچکردوو و ماڵئاواییکردن لێی
چوارەم: پرسەی فەرمی وڵاتی بەریتانیا و بەڕێکردنی تەرمەکەی بۆ بەخاک سپاردن
کاروان جەمال تاهیر دەڵێ: "پەیوەندیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان قووڵ و فراوان و مێژوییە و چەند بوارێکیش دەگرێتەوە، لەم دواییانەدا زیاتر بەرەوپێشچووە، پەیوەندییەکان خواستی بەریتانییەکانە و هەم خۆشیان پابەندن بەوەی کە دەیانەوێ هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهێزبێت لە چوارچێوەی عێراقدا، نموونە بۆ ئەوەش پەیوەندییە باشەکەی بۆریس جۆنسنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی بەریتانیاش خواستێکی زۆریان بۆ پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
نێچيرڤان بارزانى سهرهخۆشى له شا چارلسى سێيهم دهكات
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارهى رۆژی یەکشەممە، لهسهر بانگهێشتى فهرميى حكومهتى بهريتانيا لهگهڵ سهركرده و رێبهرانى وڵاتانى جيهان بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوو گەیشتە لهندهن و چووە کۆشکی بەکینگهام.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى پرسه و سهرهخۆشيى خۆى و گهل و حكومهتى ههرێمى كوردستانى به خاوهنشكۆ شا چارلسى سێيهم و خانهوادهى شاهانه و گهل و حكومهتى شانيشنى يهكگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گهياندووە و هاوسۆزى و هاوخهمى لهگهڵياندا دووپاتكردهوه.
لای خۆشیەوە، خاوهنشكۆ شا چارلسى سێيهم سوپاس و پێزانينى بۆ نێچيرڤان بارزانى و بهشدارييان له پرسه و رێوڕهسمى ماڵئاوايى له شاژنە ئێلێزابێسى دووهمدا دهربڕى.
رێوەڕەسمەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە کاژێر 11:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 13:00 بەکاتی هەولێر]، ئامادە دەبن و بە 2 خولەک بێدەنگی لەسەرتاپای وڵات دەستپێدەکات و دواتر هاوار دەکەن "خودا شا بپارێزێت."
دواتریش رێپیوان لەنێو شەقامەکانی لەندەن دەستپێدەکات بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی شاهانە لە قەڵای ویندسۆر تاوەکو تەرمی شاژن لەنێو کەنیسەی سەینت جۆرج لەنێو قەڵای ویندسۆر دادەنرێت.
رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، لە بەریتانیا پشووی فەرمییە و زۆرینەی بازاڕەکان، شوێنە بازرگانییەکان و قوتابخانەکان داخراون، تاوەکو خەڵکی بتوانن بەشداری یاخود بینەری رێوڕەسمەکە بن.
میدیای ئەو وڵاتە کاژێر 04:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 06:00 بەیانی بەکاتی هەولێر] دەست بە پەخشی رێوڕەسمەکە دەکەن و تاوەکو نزیکەی کاژێر 19:30 بەکاتی لەندەن و [21:30 بەکاتی هەولێر] بەردەوام دەبێت.
لە کاتی رێوڕەسمەکە گرتەڤیدیۆییەکانی کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری شاژنە ئێلیزابێز و شازادە فیلیپ پەخش دەکرێت و یەکەمین رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شاژنی بەریتانیا دەبێت کە رێوڕەسمەکە بە کامێرا بگوازرێتەوە.
خشتەی کاتی رێوڕەسمەکان
06:30 بەکاتی لەندەن [08:30 بەیانی بەکاتی هەولێر]، دەرگاکانی هۆڵی پەرلەمانی وێستمینیستەر کە تەرمی شاژنی کۆچکردووی لێیە دەکرێنەوە.
کاژێر 10:44 بەکاتی لەندەن [12:44 بەکاتی هەولێر]، رێپێوانی شاهانە لە هۆڵی پەرلەمانی وێستمینیستەر دێنەدەرەوە و بەرەو وێستمینیستەر ئەیبی رێپێوان دەکەن. تەرمیی شاژن بە گالیسکە و بە میوزیکەوە و بە ئامادەبوونی خێزانە خانەدانەکانی بەریتانیا، لەنێویاندا شا چارلسی سێیەم و شازادە ویلیام بەدوای گالیسکەوە کە رێپێوان دەکەن، بەڕێوەدەچێت.
کاژێر10:52 بەکاتی لەندەن [12:52 بەکاتی هەولێر] تەرمیی شاژن دەگاتە دەروازەی وێستمینیستەر ئەیبی.
کاژێر 11:00 بەکاتی لەندەن [13:00 بەکاتی هەولێر]، دەیڤد هۆیڵ، راگری وێستمینستەر رێوڕەسمەکە بە نزا کردن بۆ شاژن دەستپێدەکات و سەرکردە سیاسییەکان، لەنێویاندا لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و سەرکردە ئاینییەکانی دیکە بەشداردەبن.
کاژێر 11:55 بەکاتی لەندەن [13:55 بەکاتی هەولێر]، دوو خولەک بێدەنگی لەنێو رێوڕەسمەکە و لەسەرانسەری بەریتانیا بەرێوەدەچێت.
کاژێر 13:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 15:00 بەکاتی هەولێر]، تەرمیی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لەنێو ئۆتۆمبێلی تەرمدا دەگاتە دەروازەی ویلینگتنی کۆشکی بەکینگهام و خێزانی شاهانە دەچنە قەڵای ویندسۆر کە 20 مایل دوورە لە کۆشکی بەکینگهامەوە.
کاژێر 15:06 بەکاتی لەندەن [کاژێر 17:06 بەکاتی هەولێر]، تەرمیی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دەگاتە شەقامی ئەلبیرت، شا و ئەندامانی خێزانی شاهانە بەپیادە دوای 30 خولەک دەچنە کۆشکی سەینت جۆرج و لەگەڵ کاروانی تەرمەکە یەکدەگرنەوە.
کاژێر 16:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 18:00 بەکاتی هەولێر]، لە کۆشکی سەینت جۆرج مەراسیمێکی دیکە دەستپێدەکات و نزا بۆ شاژنی کۆچکردوو دەکەن.
کاژێر 17:30 بەکاتی لەندەن [کاژێر 19:30 بەکاتی هەولێر]، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە قەڵای ویندسۆر تەرمی شاژن لە تەنیشت گۆڕی شازادە فیلیپی هاوژینی بەخاک دەسپێردرێت.
12:01
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژن ئێلیزابێزی دووەم
بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم
ئەمڕۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی پێشووی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و تێیدا زیاتر لە 2 هەزار سەرکردە و کەسایەتیی جیهان بەشدار دەبن؛ یەکێك لەوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
تەرمی شاژنە ئێلیزابێز کاژێر 7:30ی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە قەڵای ویندسۆر لە لەندەن لە تەنیشت گۆڕی شازادە فیلیپی هاوژینییەوە بەخاک دەسپێردرێت، ئەوەش دوای 10 رۆژ ماتەمینی لەو وڵاتە بەهۆی کۆچی دواییەوە.
رێوڕەسمەکە لە هۆڵی وێستمنستەر ئابی، باڵەخانەی کۆنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت کە تەرمی شاژنی کۆچکردووی تێدایە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو سەرۆکانەی جیهان کە لەلایەن شا چارلسی سێیەم، شای بەریتانیاوە بانگهێشتکراوە.
یەکشەممە 18-9-2022، نێچیرڤان بارزانی و سەدان سەرۆک و سەرۆکوەزیران و کەسایەتیی دیکەی دیاری جیهان لە کۆشکی بەکینگهام بەشدارییان لە رێوڕەسمی دوا ماڵئاوایی لە شاژنی بەریتانیا کرد و ئەمڕۆ دووشەممەش بەشداری لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنیدا دەکەن.
سەرۆکە بانگهێشتکراوەکان
هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن شا چارلسی سێیەمەوە بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراوە.
پەیوەندیی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەهێزتر بووە. نێچیرڤان بارزانی رۆڵی دیاری لە بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانەدا هەبووە. لە ئەیلوولی رابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەریتانیای کرد و لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا، لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی وڵات و سەرۆکوەزیرانی ئێستا و چەندین وەزیری دیکەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رۆژی یەکشەممە 18-9-2022 بە رووداوی راگەیاند، بەریتانیا دەیەوێت هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا هەبێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جێل بایدنی هاوژینی بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون.
ئەڵمانیا
فرانک والتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکات لە کاتێکدا ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری وڵات ناچارە رێوڕەسمەکە لە رێگەی تەلەڤزیۆنی ماڵەکەی لە ئەڵمانیا ببینێت.
فەرەنسا
کۆشکی ئێلیزێ، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە پەیوەندیی "نەپچڕاوی" فەرەنسا و بەریتانیا کردەوە و رایگەیاند: ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکات.
یەکێكی دیکە لەو کەسایەتییانەی کە ئامادەبوونیان لە رێوڕەسمەکە بۆ بەریتانیا گرنگە، مایکل مارتن، سەرۆکوەزیرانی ئێرلاندایە.
لەنێوان بەریتانیا و ئێرلاندا مێژوویەکی خوێناوی کۆن هەیە کە دواجار بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی ئێرلاند کۆتاییهات.
شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە ساڵی 2011دا وەک یەکەمین شاژنی بەریتانیا سەردانی ئێرلاندی کرد کە بە هەوڵی پاشایەتی بەریتانی بۆ داخستنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دانرا.
وڵاتانی کۆمۆنوێڵس
سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمۆنوێڵس بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکەن.
14 وڵات لە ئەندامانی کۆمەڵەی کۆمۆنوێڵس بە فەرمی دانیان بە سیستمی پاشایەتی بەریتانیادا ناوە و شای بەریتانیا بە شای وڵاتەکانیان دەزانن. جگە لەو 14 وڵاتە، 39 وڵاتی دیکەی ئەندامی کۆمۆنوێڵس هەن کە بە فەرمی بە سیستمی شاهانەی بەریتانیا نەبەستراونەتەوە، بەڵام پەیوەندی مێژوویی، زمان، کولتوور، ئابووری و بەرگریکردن لە بەها دیموکراتییەکان کۆیان دەکاتەوە.
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەر 14 وڵاتەکەی کۆمۆنوێلس بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن، دیارترینیان جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەنتۆنی ئالبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاندن.
سەرۆکە بانگهێشتنەکراوەکان
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا
بەهۆی هێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، بەریتانیا بانگهێشتی پووتینی نەکردووە.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
سەرۆککۆماری ئێران بانگهێشتی رێوڕەسمەکە نەکراوە. لە ساڵی 1979ەوە پەیوەندییەکی بەهێزی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵاتدا نییە.
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور
سەرەڕای دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیۆنگیانگ لە ساڵی 2000ەوە، لەندەن بانگهێشتی کیم جۆنگ ئوونی نەکردووە.
ئەفغانستان
کۆماری ئیسلامی ئەفغانستان داننانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستنەهێناوە؛ بۆیە بەریتانیا هیچ سەرکردەیەکی ئەو وڵاتەی بانگێشتنەکردووە.
میانمار
بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتی سەربازی ئەو وڵاتە بانگهێشتی رێوڕەسمەکە نەکراوە.
شی جی پینگ، سەرۆکی چین
پەیوەندیی ئاڵۆزی بەریتانیا و چین بە تایبەتی لەسەر پرسی دوورگەی تایوان وایکرد شی جین پینگ، بەشداری لە رێوڕەسمەکە نەکات، بەڵام وانگ قیشان، جێگری سەرۆکی چین بەشداری بکات.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بانگهێشتی رێوڕەسمەکە نەکراوە.
لە خۆپێشاندانەکانی ئاداری ساڵی 2011وە و وەڵامی تووندی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی سووریا دژی خۆپیشاندەران و کوژران و برینداربوون و بێسەروشوێنبوونی سەتان هەزار کەس و ئاوارە و پەنابەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەریتانیا لە ئایاری ساڵی 2012وە باڵیۆزی سووریای لە لەندەن دەرکرد.