چەند کوردێک لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا

20-09-2025
مەی دۆست
یاسین کوت و پەیمان حەسەن، دوو لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا
یاسین کوت و پەیمان حەسەن، دوو لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کران، ژمارەیەکی زۆر کورد بەربژێر بوون و بەشێکی کەمیان سەرکەوتن، هەندێکیشیان مانەوە بۆ خوولی داهاتوو کە رۆژی 28ی ئەم مانگە دەکرێت.
 
بێریڤان ئایماز، بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی کوێلن ناسراوترین بەربژێرە کە لە خولی یەکەمدا لە شارەکەی زۆرترین دەنگی هێنا و کۆتایی ئەم مانگە جارێکی دیکە دەبێت خەڵکی کوێلن بچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکو لەنێوان ئەو و یەکێکی دیکەدا هەڵبژێرن کە کێ ببێتە سەرۆکی شارەوانییەکەیان.
 
یەکێک لەوانەی لە هەڵبژاردنە خۆجێی و ئەنجوومەنەکانی ئینتیگراسیۆنی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤالن سەرکەوتنی بەدەستهێنا، "یاسین کوت"ە، کە نزیکەی 30 ساڵە لە کۆمەڵگە و سیاسەتی ئەڵمانیادا چالاکە، لە ساڵی 2023وە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی شاری لودنشایدە.
 
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا یاسین کوت نزیکەی 32%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بە پلەی یەکەم لە شارەکەی دەرچوو، ئەو بۆ رووداو باسی هۆکاری ئەوە دەکات و دەڵێت، "هۆکاری ئەو سەرکەوتنە ئەوەیە، یەکەم شت دەبێت خۆت چالاک بیت، هەروەها دەبێت وا پیشانی بدەیت کە تۆ لێرە دەژیت و ئەوەی لێرە روودەدات پەیوەندیی بە تۆوە هەیە، پەیوەندیی بە هەموو ژیانتەوە هەیە، ئێمە وەکو مرۆڤ لێرە دەژین و خاوەنی ئەو مافەین کە بچینە سەر سندووقەکان و دەنگی خۆمان بدەین، ئەگەر دەنگ بدەین دەتوانین بەهێزتر بین، ئەگەر نەچین و دەنگ نەدەین ئەو کاتە پارتە رەگەزپەرستەکان 100% وەکو ئێستا بەهێز دەبن."
 
پەیمان حەسەن، ئەندامی SPD لە پەرلەمانی روور؛ خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە تەمەنی 6 ساڵییەوە لە ئەڵمانیا دەژی، پێش دوو ساڵ و نیو سەنتەرێکی پەروەردەیی لە شاری هێرن کردەوە و لە هەمان کاتدا بووە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا 29 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بووە پارتی یەکەم.
 
 
پەیمان حەسەن بە رووداوی گوت، "لەو 29 کورسییەی بەدەستمان هێنا، یەکێک لەوانەی سەرکەوت کورد بوو، منیش گەنجێکم، ئەگەر باسی خۆم بکەم، زۆر پەیوەستم بە کوردبوونی خۆمەوە و دەمەوێت کورد پێشبخەم، دەمەوێت ناوی کورد پێشبخەم، دەمەوێت بە سیاسەتڤانانی ئەڵمانیا بڵێم و پێیان ئاشنا بکەم کە کوردی زۆر هەن دەیانەوێت کار بکەن، هەم گەلی خۆیان و هەم گەلی ئەڵمانیش پێشبخەن، دەیانەوێت شتێکی باش لە ئەڵمانیا هەم بۆ کۆمەڵگەی کوردی و هەم بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمان بکەن."
 
پەیمانی تەمەن 30 ساڵ دەیەوێت بە نەوەی نوێی کوردی دیاسپۆرا بڵێت، ئەوانیش بچنە نێو پارتە ئەڵمانییەکانەوە و گۆڕانکاری دروست بکەن.
 
ئەو ئەندامەی SPD لە پەرلەمانی روور ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر کەسێک لێرە کار بکات، بەتوانا بێت و بیەوێت دەنگی خۆی بگەیێنێت، ئەڵمانەکان زۆر پشتگیریی دەکەن، واتە کاتێک ئەڵمانەکان دەبینن مرۆڤێک زۆر کار دەکات و خۆی ماندوو دەکات، زۆر پێی دڵخۆش دەبن و پشتگیریی لێ دەکەن، ئەگەر گەنجی زیاتری کورد بێنە ئەم بوارەوە، زۆر دڵخۆش دەبم، دەتوانین زۆر شت بۆ کورد بکەین و ناوی کوردیش بە شێوەیەکی جوان و بە شێوازێک دەربخەین کە وەکو گەلێکی لێهاتوو و بەتوانا بناسرێت."
 
جگە لە یاسین کوت و پەیمان حەسەن کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا سەرکەوتن، ژمارەیەک لە بەربژێرە کوردەکانیش لە ئەنجوومەنەکانی ئینتیگراسیۆندا کورسییان بەدەستهێنا، بەتایبەتی لە لیستە هاوبەشە فرەنەتەوەییەکاندا.
 
ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و ئەنجوومەنەکانی ئینتیگراسیۆن ئەوە دەردەخەن کە بەشداریی کورد لە سیاسەتی ئەڵمانیادا روو لە زیادبوونە، سەرکەوتنی بەرچاوی ئەو بەربژێرە کوردانەی لەنێو پارتە ئەڵمانییەکاندا چالاکن، لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا دەتوانن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و سیاسەتی ئەڵمانیا دروست بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت