پێکوتەی رووداو؛ هەموو پێکوتەکانی کۆرۆنا بەشێوەی ئینتەرئەکتڤ

20-11-2020
A+ A-
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بەردەوامن لە رکابەری بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە خێراترین کاتدا، تاوەکو ئێستا نزیکەی 141 ڤاکسین دژی نەخۆشیی کۆڤید-19 پەرەی پێدراوە. ڤاکسینەکان بۆ ئەوەی گونجاوبن بۆ بەکارهێنان دەبێت بە سێ قۆناخدا تێپەڕن. بەشێوەیەکی گشتی دروستکردنی ڤاکسین زیاتر لە ساڵێک دەخایێنێت، بەڵام زاناکان هەوڵدەدەن ڤاکسینی کۆرۆنا خێراتر لەو کاتە دروستبکەن، و هەندێک لە کۆمپانیاکان تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم و دووەم لە یەککاتدا دەکەن.
 
ڤاکسین پێکهاتووە لە بەکتریا یان ڤایرۆسی لاوازکراو یان مردوو کە توانای تووشکردنیان لەدەستداوە. کاتێک ڤاکسین لە کەسێک دەدرێت جەستەی کەسەکە بەو جۆرە بەکتریا یان ڤایرۆسە ئاشنادەبێت و لەکاتی تووشبوون بەو بەکتریا یان ڤایرۆسە بەخێرایی دەیناسێتەوە و سیستەمی بەرگریی چالاکدەبێت. بەوجۆرەش کەسەکە خێرا وەڵامی نەخۆشییەکە دەداتەوە و پارێزراو دەبێت. 
 
قۆناخی پێش تاقیکردنەوەکان:
پێش ئەوەی ڤاکسین لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە، پێویستە سەرەتا بڕێكی دیاریکراوی بدرێت لە مشک یان مەیموون بۆ ئەوەی زاناکان دڵنیا ببنەوە لە چالاککردنی سیستەمی بەرگریی. ئێستا 87 ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەم قۆناخەدان، بەشێکیشیان لە قۆناخەکانی تاقیکردنەوەن لەسەر مرۆڤ.
 
قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوە:
دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ سەرکەوتوو بوو، ڤاکسینەکە لەسەر دەیان کەس تاقیدەکرێتەوە. نزیکەی 38 ڤاکسینی دژی کۆرۆنا تاقیکردنەوەی ئاژەڵیان تێپەڕاندووە و لەم قۆناخەدان.
 
قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوە:
لەم قۆناخەدا ڤاکسینەکە لەسەر سەدان کەس تاقیدەکرێتەوە، دەبێت کەسی پیر و منداڵ لەنێو بەشداربوواندا هەبن. تاوەکو ئێستا 17 ڤاکسین گەیشتوونەتە ئەم قۆناخە.
 
قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوە:
لە دوایین قۆناخی تاقیکردنەوەکاندا، ڤاکسینەکە لەسەر هەزاران کەس تاقیدەکرێتەوە، دوای تاقیکردنەوەکە ماوەیەک چاوەڕێدەکەن تاوەکو دەردەکەوێت بەشداربووان تووشی ڤایرۆسەکە دەبن یان نا. تاوەکو ئێستا 12 ڤاکسین لەم قۆناخەدا ماونەتەوە و دوای سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوە بۆ بەکارهێنان ئامادە دەبن.
 
قبوڵکراوی سنووردار:
بەشێک لە کۆمپانیاکان پێش ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم تەواوبێت، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤاکسینەکەیان سەرکەوتووە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان. بەشێک لە بەرپرسان و لایەنە تەندروستییەکان هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینانە دەدەن، تاوەکو ئێستا شەش ڤاکسین لەم قۆناخەدان. 
 
قبوڵکراو:
بەرپرسان و لایەنە تەندروستییەکانی هەر وڵاتێک پێداچوونەوە بۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکەن. ئەگەر ئەنجامەکانیان پشتڕاستکردەوە، مۆڵەتی بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکان دەدەن.
 
دوای ئەوەی ڤاکسینەکان ئەو سێ قۆناخەیان تێپەڕاند بەرپرسانی تەندروستی لێکدانەوە و لێکۆڵێنەوە لەسەر تاقیکردنەوەکان دەکەن، و دەست بە بەرهەمهێنانی دەکەن.
 
لیستی ڤاکسینەکان بەپێی قۆناخەکان:

پێش تاقیکردنەوە

کۆمپانیای سانۆفی فەرەنسی لەگەڵ کۆمپانیای ترانسلەیت بایۆ لە 23ـی حوزەیران لەبارەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان رایانگەیاند، ڤاکسینەکە لە تاقیکردنەوەکانیان لەسەر مشک و مەیموون ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە. و لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەست بە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ دەکەن.

پێش تاقیکردنەوە

کۆمپانیای نۆڤارتیسی سویسری دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 ڤاکسینەکەی لەسەر مرۆڤ تاقیبکاتەوە.

پێش تاقیکردنەوە

ڤاکسینی پیتکۆڤاک لە زانکۆی پترسبۆرگی رووسی دروستکراوە. تاقیکردنەوەی لەسەر مشک بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە. بەرهەمهێنەرانی ڤاکسینەکە دەیانەوێت لە کۆتاییەکانی 2020 دەست بە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ بکەن.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای جێنزینی کۆریای باشوور لە مانگی حوزەیران دەستی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد و پێشبینیدەکات لە پاییزی ئەمساڵدا دەست بە قۆناخی دووەم بکات.

قۆناخی یەکەم

لێکۆڵەرانی پەیمانگەی سوژۆ ئەبۆجینی چینی رایانگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە لەسەر مەیموون سەرکەوتوو بوون، دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کردووە. لێکۆڵەرانی ئەکادیمیای سەربازی چینی لە مانگی حوزەیران سەرکەوتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر مەیموون راگەیاند، و دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

زانکۆی چولالۆنگکۆرنی تایلەندی یەکێکی دیکەیە لەو زانکۆیانەی کە کێبڕکێی دروستکردنی ڤاکسین دەکات، زانکۆکە لێکۆڵینەوە لە چەند ڤاکسینێک دەکات. لە 29ـی ئەیلوول سەنتەری لێکۆڵینەوەی چولا دەستی بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە رایگەیاند، ئەگەر قۆناخەکان بەسەرکەوتوویی تەواو بوون، بڕیارە 30 ملیۆن ڤاکسین بۆ نێوخۆی تایلەند و شەش وڵاتی دیکە بەرهەمدێنن.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای ئینتۆسی کەنەدی دڵنیایی دەدەنە لایەنە تەندروستییەکان کە کاریگەریی ڤاکسینەکەیان تاوەکو ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە. لە سەرەتای تشرینی یەکەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای سیمڤیڤۆی کەنەدی لە سەرەتای تشرینی دووەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای ریتێرای ئیتاڵی لە کۆتایی مانگی تەممووز تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەمیان دەستپێکرد.

قۆناخی یەکەم

بەشێکی زۆری ڤاکسینەکان لەڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت لە خەڵک، بەڵام کۆمپانیای ڤاکسارتی ئەمریکی دەیەوێت حەبی ڤاکسین دروستبکات. ئەنجامی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیان لەسەر مشک بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات، بۆیە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

سەنتەری ئۆنکۆسێکی ئەمریکی لە 13ـی تشرینی دووەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای مێرکی ئەمریکی دەیەوێت جۆرێک ڤاکسین پەرەپێبدات کە تێیدا ڤایرۆسی سورێژە بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی ڤاکسینەکە. لێکۆڵەرانی کۆمپانیاکە لە مانگی ئابدا دەستیان بە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکان کرد.

قۆناخی یەکەم

هەردوو زانکۆی هۆنگ کۆنگ و ژیامێن لە ساڵی 2019 ڤاکسینێکیان بۆ هەڵامەت دروستکرد، دواتر لە سەرەتاکانی ئەمساڵ هەوڵیاندا ڤاکسینێکیش بۆ کۆرۆنا دروستبکەن. لە مانگی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

سەنتەری لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەڵمانیا لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد. ئەو سەنتەرە پێشتر ڤاکسینێکیان دژی کۆرۆنای مێرس دروستکردبوو

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای مێرکی ئەمریکی 38 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی وڵاتەکە وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک کە هاوشێوەی ڤاکسینی ئیبۆلایە. بەپێچەوانەی زۆربەی ڤاکسینەکان کە لەڕێگەی دەرزییەوە بەکاردەهێنرێن ئەم ڤاکسینە بەشێوەی حەب دروستدەکرێت. لە کۆتایی مانگی ئەیلوول دەستیان بە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکان کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای ئیمونیتی بایۆی ئەمریکی لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

حکومەتی ئیسرائیل لە تشرینی یەکەم رایگەیاند کە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی زیندەزانیی ئیسرائیل دەست بە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکان دەکەن. ئەگەر لە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم سەرکەوتوو بن، لە سەرەتای ساڵی 2021 دەست بە قۆناخی سێیەم دەکەن.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای کلۆڤەری چینی لە مانگی حوزەیران دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد، و سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکەیان راگەیاند و لە کۆتایی 2020ـیش تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دووەم دەستپێدەکەن. ڤاکسینەکە لەڕێگەی پڕۆتینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤاکسینێکی دروستکردووە کە ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەرێنی بێت، ساڵانە سەدان هەزار ڤاکسین بەرهەمدەهێنن.

قۆناخی یەکەم

ڤاکسینێکی زانکۆی کوینسلاندی ئوسترالی لە تاقیکردنەوە لەسەر هامستەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دواتر لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد. زانکۆکە رایگەیاندووە ئەگەر تاقیکردنەوەکان سەرکەوتووبن دەتوانن دەیان ملیۆن بەرهەمبهێنن.

قۆناخی یەکەم

لە مانگی تەممووز کۆمپانیای ڤاکسینی ئوسترالی قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکانیان سەرکەوتووانە تەواوکرد و و بڕیارە لە کۆتاییەکانی 2020 دەست بە تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەم بکەن.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای کەنتاکی ئەمریکی ڤاکسینێکی لە گەڵای تووتن دروستکردووە. پێشتر ئەو کۆمپانیایە دەرمانێکیان لەڕێگەی گەڵای تووتنەوە بۆ نەخۆشیی ئیبۆلا دروستکردبوو. ئێستاش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای مێدیجینی تایوانی ڤاکسینێکیان دروستکردووە کە لە تشرینی یەکەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای دروستکردنی ڤاکسینی تایوانی لە 20ـی ئاب مۆڵەتی تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەمی وەرگرت و دەستیان بە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کرد.

قۆناخی یەکەم

لێکۆڵەرانی زانکۆی سیشوانی چینی لە 24ـی ئاب مۆڵەتی دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەی کۆرۆنایان وەرگرت و دەستیان بە تاقیکردنەوە کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای کۆڤاکسی ئەمریکی لە 11ـی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد لە تایوان. رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی بەرازیل هەیە کە تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەم و سێیەم لەو وڵاتەدا بکەن.

قۆناخی یەکەم

لێکۆڵەرانی زانکۆی تبینژێنی ئەڵمانی لە بەهاری ئەمساڵ ڤاکسینێکیان دروستکرد کە لە مانگی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

لە 18ـی تەممووز میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رایگەیاند، دەستیان بە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کردووە. بەهۆی سنوورداربوونی کاری میدیایی لە وڵاتەکە زانیاریی زیاتر لەبارەی ڤاکسینەکەوە بەردەست نییە.

قۆناخی یەکەم

پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی زیندەزانیی کازاخستان لە 28ـی ئاب دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ڤاکسینەکەیان کرد.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای شینژێن کانگتای چینی کە پێشتر ڤاکسینی هەوکردنی جگەر و سوورێژەی دروستکردبوو، لە تشرینی یەکەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی یەکەم

زانکۆی ئێرجیاسی تورکی لە 5ـی تشرینی دووەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد. ئەوە یەکەم زانکۆی تورکییە کە هەوڵی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دادەت.

قۆناخی یەکەم

کۆمپانیای کۆداجێنیکسی ئەمریکی لە 6ـی تشرینی دووەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای زیدەسی هیندی لە سەرەتای مانگی تەممووز دەستی بە قۆناخی یەکەم کرد و لە سەرەتای مانگی ئاب چووە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەکان. بڕیارە لە کانوونی یەکەم دەست بە تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم بکەن.

قۆناخی دووەم

لە ئاداری ئەمساڵ ئیدارەی ترەمپ سەرکەوتوو نەبوو لە گواستنەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای کیوەڤاکی ئەڵمانی بۆ ئەمریکا. کۆمپانیاکە دەستیان بە تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ کرد و ئەنجامی دڵخۆشکەریان دەستکەوت. لە حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد، پاشان لە مانگی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەم کرد، و پێشبینیدەکرێت لە کۆتاییەکانی 2020 تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم دەستپێبکەن. کۆمپانیاکە لەبارەی بەرهەمهێنانی 225 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا گفتوگۆیان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا کردووە. بڕیارە لە ساڵی 2021، 300 ملیۆن ڤاکسین بەرهەمبهێنن و ساڵێک دواتریش 600 ملیۆنی دیکە دروستبکەن. هەروەها بەرپرسانی کیوەڤاک لەگەڵ کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی لەبارەی دروستکردنی کارگەیەک گفتوگۆیان کردووە کە بەو شێوەیە دەتوانن ملیاران ڤاکسین دروستبکەن.

قۆناخی دووەم

کۆلێجی ئیمپێریالی لەندەن لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. لێکۆڵەرەکانی کۆلێجەکە پێیانوایە دەتوانن پێش کۆتایی ساڵی 2020 ئەنجامی کۆتایی لەبارەی ڤایرۆسەکە رابگەیەنن.

قۆناخی دووەم

لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران کۆمپانیای ئەنگیسی ژاپۆنی بەهاوکاریی زانکۆی ئۆساکا دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد. بڕیارە لە کۆتایی 2020 دەست بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم بکەن.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای ئەرکتۆرەسی ئەمریکی بە هاوکاریی ناوەندی پزیشکیی سەنگاپوور لە مانگی ئابی 2020 دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. لە 9ـی تشرینی دووەم کۆمپانیاکە سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکان راگەیاند. لە ئەگەری سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم، حکومەتی سەنگاپوور رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکە کردووە کە بە بەهای 175 ملیۆن دۆلار ڤاکسینیان بۆ ئامادە بکات.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای ئینۆڤیۆی ئەمریکی لە مانگی حوزەیران دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم کرد. لە تاقیکردنەوەکە بۆیان دەرکەوت کە ڤاکسینەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بەشداربووان نەبووە و لە کۆی 36 کەس 34ـیان بەرگرییان دژی نەخۆشیی کۆڤید-19 پەیداکردووە. لە 16ـی تشرینی دووەم مۆڵەتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دووەمیان لە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا وەرگرت.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای ئەنهوی ژیفێیی چینی لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دووەم کرد، لە 16ـی تشرینی دووەم ئاژانسی هەواڵیی شینهوای چینی رایگەیاند، ئۆزبەکستان پێشوازی لە تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم دەکات.

قۆناخی دووەم

پەیمانگەی ڤاکسینی فینلەی لە کوبا ڤاکسینێکی نوێی راگەیاند بەنێوی سۆبێرانا 1، و لە 18ـی ئاب دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد.

قۆناخی دووەم

پەیمانگەی ڤێکتۆری رووسی لە 26ـی ئاب هاوکات دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 14ـی تشرینی یەکەم رایگەیاند، رووسیا پشتگیریی تاقیکردنەوەکان دەکات.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای سانۆفی فەرەنسی جۆرێک لە ڤاکسینی بەرهەمهێناوە کە لە مانگی ئەیلوول تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەمی هاوکات دەستپێکرد، بڕیارە لە کانوونی یەکەم تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم دەستپێبکەن. لە مانگی تەممووزدا کۆمپانیاکە دوو گرێبەستی گەورەی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا واژۆکرد. گرێبەستی یەکەمیان لەگەڵ بەریتانیا بوو و بەپێی گرێبەستەکە ئەگەر ڤاکسینەکە لە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو بوو، دەبێت کۆمپانیاکە 60 ملیۆن ڤاکسین بۆ بەریتانیا بەرهەمبهێنێت. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکاش داوای کردووە بە بەهای دوو ملیار دۆلار 100 ملیۆن ڤاکسینیان بۆ بەرهەمبهێنێت.

قۆناخی دووەم

کۆمپانیای سپای بایۆتێکی لە مانگی ئەیلوول دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد.

قۆناخی دووەم

لە ساڵی 2002 کۆلێجی بەیلەری پزیشکی ڤاکسینێکیان دژی کۆرۆنای سارس، جۆرێکی دیکە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکرد و ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڤاکسین بەکاردەهێننەوە. لە مانگی ئاب کۆمپانیای زیندەزانیی هیندی بڕوانامەی بەخشییە ڤاکسینەکە و لە تشرینی دووەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد.

قۆناخی دووەم

پەیمانگەی پزیشکیی زیندەزانی لە چین لە مانگی حوزەیران دەستی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەم کرد، پەیمانگەکە پێشتر ڤاکسینی پۆلیۆ و هەوکردنی جگەری دروستکردووە.

قۆناخی دووەم

سەنتەری چوماکۆڤی رووسی لە 19ـی تشرینی یەکەم دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد، و لە پێگەی فەرمیی خۆیان رایانگەیاندووە کە لە چەند مانگی داهاتوودا تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن.

قۆناخی سێیەم

بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی خستوونیەتەڕوو، ڤاکسینە نوێیەکەیان دژی کۆڤید 19 نزیکەی 95% سەرکەوتوو بووە. ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا فایزەر ڤاکسینێکی راگەیاند کە کاریگەرییەکەی 90% بوو. کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی بۆ دەرمان رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی تایبەت بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون. کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە "ئەنجامی دوایین تاقیکردنەوەکانمان دەریانخستووە، ڤاکسینەکە بە رێژەی 94.5% کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر جەستەی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت و بەرگرییان دژ بە ڤایرۆسەکە دروستدەکات". ئەو رێژەیە لە کاریگەریی ئەرێنی ڤاکسینەکە بەرزترە لە رێژەی کاریگەریی ڤاکسینی هەردوو کۆمپانیای هاوبەشی فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێكی ئەڵمانی کە بە لە 90% دانراوە. پێشتر کۆمپانیای مۆدێرنا رایگەیاندبوو، ئەگەر بێتو رێژەی کاریگەریی ڤاکسینەکەی بگاتە لە 70%، ئەوا داوا لە دەستەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکی دەکات مۆڵەتی "خێرا ناسراو" بە مۆڵەتی بارودۆخی نائاسایی پێبدرێت. لە قۆناخی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە، مۆدێرنا تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی لەسەر زیاتر لە 30 هەزار کەسی خۆبەخش ئەنجامدا و سەرجەم تاقیکردنەوەکانی هەرسێ قۆناخەکانی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی لە پرۆتۆکۆلێکی تایبەتدا هەفتە بە هەفتە بڵاودەکردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرەنسیپی شەفافیەت کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان و ڤاکسین داوایان دەکات.

قۆناخی سێیەم

لە 17ـی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەبەری کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی بۆ دروستکردنی دەرمان و ڤاکسین رایگەیاند: بەمزووانە داوای مۆڵەتی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی دەکەین. لە دوایین تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک "سەرکەوتنی" ڤاکسینەکەیان رادەگەیێنن و دەڵێن، ڤاکسینەکەیان 90٪ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەکات. ئەوە یەکەمجار بوو کۆمپانیایەک داتا و زانیاریی لەبارەی تاقیکردنەوەکانی بخاتەڕوو و ئەنجامەکانیشی رێژەیەکی بەرزی سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت. بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیای فایزەر و بایۆتێک، "تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی تەندروستییان لە بەکارهێنەرانی ڤاکسینەکە بەدی نەکردووە". بڕیارە لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەم ڤاکسینەکە بدرێتە رێکخراوە تەندروستییەکان بۆ پشتراستکردنەوەی ئەنجامەکان. دوای بە دوای بڵابوونەوەی هەواڵەکەش نرخی پشکەکانی کۆمپانیای فایزەر 15٪ و کۆمپانیای بایۆتێک 25٪ بەرزبووەوە. لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەوە کۆمپانیاکان رایانگەیاند، دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن دروستبکەن، ساڵی داهاتووش ملیارێک و 300 ملیۆن دانەی دیکەی لێ بەرهەمبێنن. پێشتر ئەلبێرت بۆورلا، سەرۆکی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکەیان وەک یەکێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی جیهان، لە قۆناخی کۆتاییدایە بۆ دروستکردنی ڤاکسینێك کە لەسەر 30 هەزار کەس تاقیدەکەنەوە. بەڵام هێشتا دیار نییە کە ڤاکسینەکە تاوەکو چەند مانگ دەتوانێت رێگری نەخۆشییەکە بکات. بەپێی تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر، ڤاکسینەکە بۆ تەمەنی 16 تاوەکو 85 ساڵ گونجاوە، و لە دوایین قۆناخدا تاقیکردنەوەیان لەسەر 43 هەزار کەس کردووە، لەو ژمارەیەش چاودێری 94 کەسیان کردووە کە 86 کەسیان ئەنجامی ئەرێنییان وەرگرتووە لە ڤاکسینەکە. ئەلبێرت بۆورلا لەبارەی "سەرکەتنەکەیان"ـەوە دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ زانست و مرۆڤایەتی، "ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێکی گرنگ لە پەرەپێدان بە ڤاکسینەکەمان، لەکاتێکدا کە هەموو جیهان پێویستی پێیەتی، چونکە ژمارەی تووشبووان بەردەوامە لە زیادبوون و نەخۆشخانەکان پڕ بوون".

قۆناخی سێیەم

کۆمپانیای کانسینۆی چینی لە مانگی ئایار هەواڵی سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەمی بڵاوکردەوە و دوای دوو مانگیش لەبارەی ئەنجامی قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەکان رایانگەیاند، ڤاکسینەکەیان بەرگرییەکی بەهێز دروستدەکات. لە هەنگاوێکی چاوەڕاننەکراودا ئەکادیمیای سەربازی چین بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی دا وەکو "چارەسەرێکی پێویستی تایبەت". تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەمی ڤاکسینەکە لە مانگی ئاب لە رووسیا، پاکستان و سعودیە دەستیان پێکرد.

قۆناخی سێیەم

پەیمانگەی گامالێیای رووسی کە بەشێکە لە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە لە مانگی حوزەیران دەستی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کردووە، و دەیانەوێت لە کۆتایی ئەمساڵدا دەست بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە بکەن. ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 11ـی ئاب پێش دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکان قبوڵکردنی ڤاکسینەکەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی رووسیا راگەیاند. لەو کاتەدا شارەزایانی ڤاکسین "هەنگاوەکەی سەرۆکی رووسیا بە مەترسیدار" باسکرد.

قۆناخی سێیەم

لە مانگی ئادار حکومەتی ئەمریکا 456 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاری بەخشییە سەنتەری پزیشکیی بێسی ئیسرائیل و کۆمپانیای جۆنسن ئەند جۆنسن. لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. پاشان لە سەرەتای مانگی ئاب حکومەتی ئەمریکا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکە کرد و بڕی ملیارێک دۆلاری تەرخانکرد بۆ بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن ڤاکسین لە ئەگەری سەرکەوتووبوون لە تاقیکردنەوەکانیان. ئەگەر هەوڵەکانی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بوون، بڕیارە کۆمپانیاکە ملیارێک ڤاکسین دروستبکەن لە ساڵی 2021.

قۆناخی سێیەم

زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی و کۆمپانیای ئەسترازینێکای سوێدی ڤاکسینێکیان لەسەر مەیموون تاقیکردەوە. دوای تاقیکردنەوەکە حکومەتی ئەمریکا ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری دا بە کۆمپانیاکە لە بەرامبەر 300 ملیۆن ڤاکسین. پاشان دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر بەشداربووان بەدی نەکرد. بڕیارە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم لە بەریتانیا، هیندستان، بەڕازیل، ئەفریقای باشوور و ئەمریکا بکەن. یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی ئابدا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکە کرد بۆ بەرهەمهێنانی 400 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئەرێنی بوون. کۆمپانیاکە لە 6ـی ئەیلوول تاقیکردنەوەکانی لە جیهاندا هەڵپەسارد بۆ ئەوەی بتوانێت ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی دیکە وەربگرێت. دوای هەفتەیەک دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم کرد لە هەموو ئەو وڵاتانەی بڕیاربوو تاقیکردنەوە بکەن جگە لە ئەمریکا. لە 21ـی تشرینی یەکەم میدیای نێوخۆی بەڕازیل هەواڵی گیانلەدەستدانی یەکێک لە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکانیان راگەیاند، بەڵام ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا لە 5ـی تشرینی دووەم رێگەیان بە کۆمپانیاکە دا کە دووبارە دەست بە تاقیکردنەوەکان بکەن.

قۆناخی سێیەم

کۆمپانیای نۆڤاڤاکس لە مانگی ئایار دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. لە مانگی تەممووز حکومەتی ئەمریکا ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیریی کۆمپانیاکە تەرخانکرد. ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانیان سەرکەوتوو بوون، لە چارەکی سەرەتای ساڵی 2021 دەتوانن 100 ملیۆن ڤاکسین بۆ ئەمریکا بەرهەمبهێنن. نۆڤاڤاکس لە مانگی ئاب دەستی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەمی کۆرۆنا کرد لە ئەفریقای باشوور. مانگێک دواتر لە بەریتانیا قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکانیان دەستپێکرد، و لە تشرینی دووەمیش بەردەوامی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم دەدەن لە ئەمریکا.

قۆناخی سێیەم

کۆمپانیای مێدیکاگۆی کەنەدی لەڕێگەی گەڵای تووتنەوە ڤاکسینێکیان دروستکردووە. ئەو کۆمپانیایە لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد، لە 12ـی تشرینی دووەم تاقیکردنەوەی قۆناخی دووەم و سێیەمیان دەستپێکرد. لێکۆڵەرانی کۆمپانیاکە بەشێک لە جینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخەنە نێو خانەی گەڵای تووتن، پاشان خانەکانی گەڵاکە هاوشێوەی ڤایرۆسەکە دەبن و دەبنە هۆی چالاککردنی سیستەمی بەرگری دژی کۆرۆنا.

قۆناخی سێیەم

پەیمانگەی ووهان بۆ بەرهەمە زیندەوەرییەکان بەهاوبەشیی کۆمپانیای سینۆفارم ڤاکسینێکیان دروستکردووە، و لە مانگی تەممووز لە ئیمارات دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم کرد. دوای دەستپێکردنی قۆناخی سێیەم بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە میدیای فەرمیی چینی راگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵ دەتوانن بەشێوەیەکی فراوان دەست بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە بکەن.

قۆناخی سێیەم

کۆمپانیای سینۆڤاکی چینی لە مانگی ئایار دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد و ڤاکسینەکەیان لەسەر 743 کەس تاقیکردەوە. ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دڵخۆشکەر بوون و ڤاکسینەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بەشداربووان نەبوو. پاشان لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم کرد و بەپێی پێشبینییەکانی کۆمپانیاکە دەتوانن ساڵانە 100 ملیۆن ڤاکسین بەرهەمبێنن.

قۆناخی سێیەم

کۆمپانیای باراتی هیندی بەهاوکاریی سەنتەری لێکۆڵینەوەی پزیشکیی هیندستان لە مانگی تەممووز دەستیان بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم و دووەم کرد. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ڤاکسینەکە رایگەیاند، ناتوانن پێش 2021 ڤاکسین ئامادە بکەن، چونکە ئەوان لە 23ـی تشرینی یەکەم دەستیان بە تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم کردووە.

قۆناخی سێیەم

پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی موردۆکی منداڵان لە ئوسترالیا ڤاکسینی تیوبەرکلۆسیس بەکاردەهێنن وەکو هەوڵێک بۆ رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.