جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا

20-01-2021

01:47

ئەمریکا گەڕایەوە نێو پەیماننامەی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا

 
چەند کاژێرێک دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، دەگەڕێنەوە نێو پەیماننامەی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، کە لە ساڵی 2015 واژۆکرا بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی زەوی.
 
دوای دەستبەکاربوونی بایدن، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند "ئێمە پێکەوەین. ئێمە بەهێزتر دەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەردەمەکەمان. بەهێزتر دەبین بۆ بونیادنانەوەی داهاتوومان، پاراستنی هەسارەکەمان. بەخێربێنەوە بۆ رێککەوتنی پاریس".
 
زیاتر بخوێنەوە

01:32

بایدن: ترەمپ نامەیەکی زۆر جوامێرانەی بۆ جێهێشتووم

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AP
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەو نامەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆی جێهێشتووە، دەڵێت "نامەیەکی زۆر جوامێرانەیە".

سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو لەبەر رێزی سەرۆکی پێشوو ناوەرۆکی نامەکە ئاشکرا بکات، گوتی "سەرۆک نامەیەکی زۆر جوامێرانەی نووسیوە.. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نامەیەکی تایبەتە، قسەی لەبارەوە ناکەم تاوەکو قسە لەگەڵ خۆی [ترەمپ] دەکەم".

پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ جۆ بایدن جێهێشتووە و تێیدا بۆی نووسیوە "خۆت دەزانیت بردوومەتەوە".
 

 

زیاتر بخوێنەوە

19:48

جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا

ساتی سوێندخواردنی جۆ بایدن
جۆ بایدن لە کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و بەشێوەیەکی فەرمی بووە 46ـەمین سەرۆکی وڵاتەکەی.

لە یەکەم گوتاریدا وەکو سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن گوتی، "ئەمڕۆ رۆژی ئەمریکایە. ئەمڕۆ رۆژی دیموکراسییە. رۆژی هیوا و مێژووە"، ئاماژەی بەوەش کرد، لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات پێکەوە بوون و "بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئایندە".

بایدن گوتیشی "جارێکی دیکە فێربووین کە دیموکراسی بەنرخە"، لەبارەی تووندوتیژییەکانی چەند رۆژی رابردووش لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد "یەکگرتووین چەشنی یەک نەتەوە".

سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەشڵێت "سوێندێکی یاسایی پیرۆزم خوارد، هاوشێوەی هەموو نیشتمانپەروەرانی دیکە. ئەو سوێندەی یەکەمجار لەلایەن واشنتنەوە خورا. بەڵام چیرۆکی ئەمریکا تەنیا بەند نییە لەسەر کەسێک لە ئێمە، یان هەندێک لە ئێمە، بەڵکو بەندە لەسەر هەموومان. بەندە لەسەر ئەو خەڵکەی کە یەکگرتووییەکی زۆر تەواوتر دەخوازن".

بایدن سوپاسی هەموو ئەو ئەندامانەی هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆماریی کرد کە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەبوون و گوتیشی، بە درێژایی مێژووی ئەمریکا یەکگرتوویی بەسەر دابەشبووندا سەرکەوتووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی نوێی ئەمریکا گوتی "ئەمڕۆ، لە دەستپێکی ئەم گەشتەدا، تەواوی رۆحم لەم پەیامەدایە: وادەکەین ئەمریکا یەکگرتوو بێت، خەڵک و گەلەکەمان یەکگرتوو بێت"، دەشڵێت "یەکگرتووین بۆ شەڕی دژی ئەو دوژمنانەی رووبەڕوومان دەبنەوە. تووڕەیی، رەنجان و رق، تووندڕەوی، بێ یاسایی، تووندوتیژی، نەخۆشی، بێکاری و بێ هیوایی. بە یەکگرتوویی دەتوانین شتی گەورە و گرنگ بکەین".

جۆ بایدن پێیوایە، ئیدارەکەی زۆر شت هەیە دەبێت "چاکیبکاتەوە، رێکیبخاتەوە، چارەسەری بکات، بونیادی بنێتەوە و بەدەستی بهێنێت"، گوتیشی "پێم مەڵێن کە شتەکان ناتوانن بگۆڕێن".
 
 
پێش بایدن، کامڵا هاریس وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و بووە یەکەم ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە ببێتە جێگری سەرۆک.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:45

کامڵا هاریس وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد

 
 
کامڵا هاریس یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکادا دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە و لە کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:31

گەشتە ئاسمانییەکان بۆ واشنتن هەڵپەسێردران

چەند فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا. وێنە: Vernon Bryant/The Dallas Morning News
 
بەهۆی رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدنەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ واشنتن دی سی تاوەکو دوای مەراسیمەکە هەڵپەسێردران.
 
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵی رایگەیاندووە، لە کاژێر 10:30 خولەک تاوەکو 12:15 خولەک بە کاتی واشنتن، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان هەڵدەپەسێردرێن.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:39

بایدن گەیشتە کۆنگرێسی ئەمریکا

ساتی گەیشتنی جۆ بایدن بۆ باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا. وێنە: CNN
 
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گەیشتە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن ناکات و پێشتر لەگەڵ مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا کۆشکی سپییان جێهێشت بەرەو فلۆریدا.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:30

بە گومانی بوونی بۆمب دادگای باڵای ئەمریکا چۆڵکرا

دادگای باڵای ئەمریکا. وێنە: AFP
 
میدیاکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسێکی ئاگا لە کەیسەکە بڵاویانکردووەتەوە، بە گومانی بوونی بۆمبێک، دادگای باڵای ئەو وڵاتە چۆڵکراوە.
 
کەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێت، ژمارەی گاردی نیشتمانی زیادکراوە. ئەمەش لەکاتێکدابوو کە پێشتر لانیکەم 25 هەزار سەرباز و گاردی نیشتمانی بڵاوکرابوونەوە بۆئەوەی لەکاتی دەستاودەستی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆخەکە کۆنترۆڵکەن.
 
دادگای باڵای ئەمریکا دەکەوێتە نزیک کاپیتۆڵی ئەمریکا [کۆنگرێسی ئەمریکا]، کە بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تێیدا سوێندی یاسایی بخوات.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:18

ئۆباما بۆ بایدن: کات کاتی خۆتە

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا. وێنە: تویتەری باراک ئۆباما
 
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد و دەڵێت "کات کاتی خۆتە".
 
پەیامەکەی ئۆباما لەکاتێکدایە کە جۆ بایدن کەمتر لە دوو کاژێری ماوە وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت "پیرزبایی لە هاوڕێم سەرۆک جۆ بایدن دەکەم! کات کاتی خۆتە".
 
زیاتر بخوێنەوە

17:42

یەکەم تویتی جۆ بایدن دوای ئەوەی ترەمپ کۆشکی سپیی بەجێهێشت

 
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆشکی سپیی جێهێشت، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە لە ئەمریکا".
 
لەمیانی جێهێشتنی کۆشکی سپیدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "هیوادارم ئەم ماڵئاواییە زۆری پێنەچێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

17:37

ترەمپ و هاوژینەکەی پەیامیان بۆ بایدن و هاوژینەکەی جێهێشت

ساتی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مێلانیای هاوژینییەوە. وێنە: AFP/MANDEL NGAN
 
سەرچاوەیەک بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکیی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جێهێشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ناوەرۆکی پەیامەکە چییە.
 
هەروەها مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا پەیامێکی کورتی "بەخێرهاتن"ی بۆ جیل بایدن، هاوژینی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جێهێشتووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:25

ترەمپ ماڵئاوایی لە کورسیی دەسەڵات کرد: هیوادارم ئەم ماڵئاواییە زۆری پێنەچێت

ساتی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە. وێنە: AFP/MANDEL AGAN
 
لە سەروبەندی رادەستکردنەوەی دەسەڵات بە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دواجار کۆشکی سپیی بەجێهێشت، بەڵام هیوای خواست کە ماڵئاواییەکەی زۆر نەخایەنێت.
 
لەمیانی جێهێشتنی کۆشکی سپیدا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "خواتان لەگەڵ، هیوادارم ئەم ماڵئاواییە زۆری پێنەچێت".
 
لەکاتێکدا خەریکبوو لەنزیک کۆشکی سپی دەچووە نێو هێلیکۆپتەرەکەی، بە رۆژنامەڤانانی گوت "چوار ساڵی زۆر باشمان هەبوو و زۆر شتمان بەدەستهێنا.. ئێمە گەلی ئەمریکامان خۆشدەوێت"، بە سوپاسکردنێکیش کۆتایی بە قسەکانی هێنا.
 
پێشتر ترەمپ رایگەیاند کە بەشداریی رێوڕەسمی رادەستکردنی دەسەلات بە جۆ بایدن ناکات، بەجێهێشتنی کۆشکی سپیش بۆ ئەوە بوو بەریەککەوتنی لەگەڵ بایدن نەبێت.
 
هەروەها دوای گەیشتنی بە بنکەی ئاسمانیی ئەندرو، لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمریکا دوا گوتاری خۆی پێشکەش کرد و گوتی "ئێمە هەموو شتێکمان لە مەیدانەکە جێهێشت".
 
لە بنکە ئاسمانییەکە کە بەشێک لە لایەنگرانی ئامادەبوون، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد "هیوادارم ئەوان باجەکانتان زیاد نەکەن، ئەگەر کردیشیان ئەوە من پێم گوتوون!"
 
ترەمپ جارێکی دیکە ڤایرۆسی کۆرۆنای بە "ڤایرۆسە چینییەکە" و "شتێکی زۆر ناشیرین" ناوبرد و گوتیشی "ئێمە شتێکمان کرد کە پەرچووی پزیشکی بوو، ئەویش ڤاکسین بوو".
 
لە کۆتایی قسەکانیشیدا سەرۆکی ئەمریکا بە لایەنگرەکانیی گوت "هیوای ژیانێکی زۆر خۆشتان بۆ دەخوازم، بەمزووانە دەتانبینینەوە.. بە شێوازێکی دیکە دەگەڕێینەوە لاتان".
 
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمیش گوتی "بوون بە خانمی یەکەمی ئێوە، شەرەف بوو بۆ من.. خودا ئاگای لە هەمووتان بێت، خودا ئاگای لە خێزانەکانتان و ئەم گەلە نازدارەش بێت".
 
زیاتر بخوێنەوە