رووداو-هەولێر
کەسێک کە وێنەکاندا دەردەکەوێت کوردە و لە میدیا سوێدییەکان بە پیاوێکی عێراقی ناوی هاتووە بە تۆمەتی ئەوەی کە وێنەی خۆی و تەرمی کوژراو و شێواوی چەکدارانی داعشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، حکوم دەدرێت و زیندانی دەکرێت.
دادوەر پێتەر لارشۆن کە داوەری گشتییە لە یەکەی دژایەتی تاوانی نێونەتەوەیی بە تەلەڤزیۆنی سوێدی گوتووە: ئەم کەیسە بەجۆرێک لە جۆرەکان پارێزگارییە لە کەرامەتی مرۆڤایەتی لەکاتی جەنگدا. گرنگە و دەبێت رەچاوی ئەو یاسایانە بکرێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئێستا ئەو پیاوە کە بە کەسێکی عێراقی ناوی هاتووە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەری بڵاوبکرێتەوە بە یەک ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن حوکم دراوە لەبەر ئەوەی چوارجار لەکاتی جیاوازدا وێنەی خۆی و کوژراوانی داعشی بڵاوکردووەتەوە.
ئەو پیاوە کە باوکی سێ منداڵە، دانی بەوەدا ناوە کە ئەوەی لە وێنەکاندایە خۆیەتی، بەڵام نکۆڵی لەوە دەکات کە تاوانێکی کردبێت. بە دادوەری شاری ئۆریبرۆشی گوتووە: من کابرایەکی نەخوێندەوارم و نازانم کۆمپیوتەر بەکاربهێنم، نازانم چۆن ئەو وێنانە بڵاوکراونەتەوە.
ئەو کەسە لە یەکێک لە وێنەکاندا بە چیچکانەوە وێنەی لەگەڵ لاشەی کوژراوێکی داعشدا گرتووە کە سەری لێکراوەتەوە و تەرمەکەیشی شێوێندراوە. بەڵام ئەو دەڵێت ئەوە فەرماندە سەربازییەکەیان بووە کە وێنەکەی گرتووە بۆ ئەوەی نیشانی ئەو وڵاتانەی بدات کە چەک دەدەن بە داعش و راهێنانیان پێ دەکەن.

کەسێک پۆلیسی سوێدی لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە لە فەیسبووک ئاگادارکردبووە. بەگوتەی دادوەری ئۆریبرۆ، وێنەکان لە مانگی شوبات و ئازاری 2015 لە پارێزگای کەرکووک گیراون.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ