ئەڵمانیا هۆشداری لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات؛ "لێکەوتەکانی ئەمریکاش تێدەپەڕێنێ"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشدارییەکی تووندی دا سەبارەت بە بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رایگەیاند، ئەم ململانێیە سەقامگیریی جیهانی زۆر لە دەرەوەی سنوورەکانی ناوچەکەش تێکداوە و گەشەی ئابووری خستووەتە مەترسییەوە.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە شاری هانۆڤەر، لەگەڵ لویز ئیناسیۆ لولا دا سێلڤا، سەرۆکی بەرازیل داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی رابگرێت. هاوکات، پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و داوای لە ئەمریکا کرد، بە دوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی و دانوستاندا بگەڕێت.
 
مێرتز گوتی، ئەو ناسەقامگیرییەی بەهۆی بەردەوامیی جەنگەکەوە دروست بووە، تەنیا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان ئاسیا ناگرێتەوە، بەڵکو لێکەوتەی یەکجار گەورەی لەسەر کیشوەری ئەورووپاش هەیە. مێرتز هۆشداریی دایە واشنتن و گوتی: "ئەم لێکەوتانە لەبەر دەرگای ئەمریکاش ناوەستن و تێدەپەڕن."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیی ئەم دۆخە ئابووریی سەرانسەری جیهانی خستووەتە مەترسییەوە. مێرتز گوتی: "ئەم جەنگە دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسیی زیاتر کە زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێدەپەڕێت. بۆیە گرنگترین مەرج بۆ جێگیربوونی بازاڕەکانی وزە، کۆتاییهێنانە بەم جەنگە."
 
ئەم لێدوانانەی مێرز لە کاتێکدا دێن، سەرۆکی بەرازیل بە سەردانێکی دوو رۆژە لە ئەڵمانیایە، و جیهان چاوەڕێی دەرەنجامی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئیسلامئابادە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا گەمارۆ دەریاییەکەی واشنتن بۆ سەر تاران بازاڕی وزەی جیهانی شڵەژاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ: ئامادەم لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران کۆببمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە ئێران بەشداریی لە گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد ناکات و رایگەیاند، ئەگەر پێشکەوتن هەبێت، ئامادەیە خۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی تاران کۆببێتەوە