رزگاربوویەکی رووداوی نقومبوونی بەلەمەکەی کۆچبەران بۆ رووداو: 4 رۆژ لەنێو دەریادا بێ خواردن ماینەوە

 

رووداو دیجیتاڵ 

نیاز مستەفا و هێمن عەساف

یەکێک لە رزگاربووانی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی دەریای نێوەڕاست بە رووداوی راگەیاند، بە خواردنەوەی ئاوی دەریا خۆیان لە تینوێتی دەپاراست. 
 
رۆژی 20ی حوزەیرانی 2024، روئیا محیەدینی، یەکێک لە رزگارکراوانی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی نێو دەریای نێوەڕاست چیرۆکی نقومبوونی بەلەمەکەیانی بۆ زنار شنۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گێڕایەوە. 
 
روئیا محئەدینی گوتی: "لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو هەفتەیەک پێش ئێستا لە تورکیا بووم. هەفتەی رابردوو بەڕێکەوتین. سێ رۆژ و نیو لەنێو بەلەمەکەدا بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو، تاوەکو گەیشتینە نێو ئاوی ئازاد. لەوێ بەهۆی ئەوەی هیچ خواردن و شت نەما، دەیانویست سندووقی پێداویستی خۆراک دەربێنن، کە دەریانهێنا و رایانکێشا، کەشتییەکە کون بوو. ئینجا هەوڵیاندا ئاوەکە بکەنە دەرەوە، بەڵام بۆیان خاڵی نەدەکرا. بەو هۆیەوە بەلەمەکە وەرگەڕا و خەڵکەکە کەوتە نێو دەریا." 
 
روئیا دەشڵێت: "76 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بووین؛ 24یان منداڵ و یەکێکیان ژنێکی دوو گیان بوو. نیوەیان دوای ئەو کاتە گیانیان سپارد کە بەلەمەکە وەرگەڕا؛ 35-40 کەسیش خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تا راست بووەوە. ماوەی چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ماینەوە." 
 
هاونیشتمانییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو رۆژانەی لەنێو دەریادا بوون تەنیا ئاوی سوێریان خواردوەتەوە و گوتی: "چەند کەسێکمان توانیمان ئاوی سوێری دەریا بخۆینەوە؛ ئەوانی دیکە نەیاندەتوانی. بە خواردنەوەی ئاوە سوێرەکەش زمان و هەناومان بریندار دەبوو. لە چوارەمین رۆژدا کاژێر 1:30ـی شەو بوو، کەشتییەکی فەرەنسی بەهانامانەوە هات." 
 
ئەو کۆچبەرە هەورامییە گوتی: "بە نیازی چوون بۆ سویسرا بووم. ئەو بەرگەگرتن و خۆڕاگرییەم دوای ئەم هەموو رووداوە، هەر بۆ گەیشتن بوو بۆ سویسرا. ئێستاش تەندروستیم باش بێت، هەوڵ دەدەم بگەمە ئەوێ." 
 
رۆژی 17ی حوزەیرانی 2024، دوو بەلەم لە دەریای نێوەڕاست نزیک لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتن. یەکێک لەوان لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو و زۆرینەیان خەڵکی باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق، ئێران و سووریا بوون.
 
دوێنێ، مارکۆ ئۆتاڤیانی، بەرپرسی کاروباری میدیا لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەلەمەکە 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکاوە و تەنیا 11 کەسیان رزگاریان بووە. گوتیشی، وا دیارە ماتۆڕی بەلەمەکە تەقیوەتەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ روئیا محیەدینی، رزگاربووی رووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی نێو دەریای نێوەڕاست 
 
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم تەندروستیت چۆنە؟ 
 
روئیا محئەدینی: ئێستا زۆر باشترم. لەوەتەی هێنراوینەتەوە ئێرە و چارەسەرمان دەکەن، تەندروستیم زۆر باشترە. 
 
رووداو: چەند کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ئەو بەلەمەدا بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: زۆرینەی سەرنشینەکان، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. 
 
رووداو: بە نزیکەیی چەند کەس بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: 76 کەس بووین؛ 24 منداڵ لەگەڵ ژنێکی دوو گیان. 
 
رووداو: لە کەیەوە لە رێگەدابوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو هەفتەیەک پێش ئێستا هەر لە تورکیا بووم. هەفتەی رابردوو بەڕێکەوتین. سێ رۆژ و نیو لەنێو بەلەمەکەدا بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو، تا گەیشتینە نێو ئاوی ئازاد. لەوێ بەهۆی ئەوەی هیچ خواردن و شت نەما، دەیانویست سندووقی پێداویستی خۆراک دەربێنن، کە دەریانهێنا و رایانکێشا، کەشتییەکە کون بوو. ئینجا هەوڵیاندا ئاوەکە بکەنە دەرەوە، بەڵام بۆیان خاڵی نەدەکرا. بەهۆیەوە بەلەمەکە وەرگەڕا و خەڵکەکە کەوتە نێو دەریا. نیوەیان هەو ئەو کاتە گیانیان سپارد. 35-40 کەسیش خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تا راست بووەوە. ماوەی چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ماینەوە. 
 
رووداو: لەو چوار رۆژەدا ئاوی دەریات دەخواردەوە؟ 
 
روئیا محئەدینی: بەڵێ، تەنیا ئاوی سوێرم دەخواردەوە. چەند کەسێکمان توانیمان ئاوی سوێری دەریا بخۆینەوە، ئەوانی دیکە نەیاندەتوانی. بە خواردنەوەی ئاوە سوێرەکەش زمان و هەناومان برینداردەبوو. لە چوارەمین رۆژدا کاژێر 1:30ـی شەو بوو، کەشتییەکی فەرەنسی بەهانامانەوە هات. 
 
رووداو: کەشتییەکە چی بوو؟ 
 
روئیا محئەدینی: کەشتییەکی گەشتیاری بوو، هەروەها بەنیازبوون لەو شوێنە ماسی بگرن و کات بەسەر ببەن، دوای ئەوەی لە ئێمە نزیک بووەوە، هاوارمان کرد و گوێیان لە دەنگمان بوو، رووناکییان هەڵکرد و ئێمەیان بینی. دەستبەجێ چووپیان بۆ هەڵداین و دواتر یەک بە یەک رزگاریان کردین و لەنێو کەشتییەکەدا خواردن و خواردنەوەیان پێداین. 
 
رووداو: لە کاتی رزگارکردنتان هیچ شەڕ و کێشە روویدا؟ 
 
روئیا محئەدینی: کەم بوو، بەڵام پێکەوە هاوارمان دەکرد بۆ ئەوەی گوێیان لێمان بێت و بەهانامانەوە بێن. 
 
رووداو: جگە لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی وڵاتانی دیکەش هەبوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: کەسێکی سووری هەبوو. 
 
رووداو: کوردی رۆژئاوا بوو؟ 
 
روئیا محئەدینی: پێم وایە بەڵێ. کەسێکی دیکەش هەبوو عەرەب بوو. ئەوانی دیکەش زۆرینەی رۆژهەڵاتی و باشووری بوون. 
 
رووداو: بەشێک لە کوردەکان خێزان بوون؟ ئێوە چەند خێزان بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: چەند کەسێکمان سەڵت بووین؛ ئەوانی دیکە خێزاندار بوون. 
 
رووداو: بەنیازی کوێ بوویت؟ بگەیتە کام وڵات؟ 
 
روئیا محئەدینی: بە نیازی چوون بۆ سویسرا بووم. 
 
رووداو: ئەگەر تەندروستیت باش بێت، سووریت لەوەی بچیتە سویسرا؟
 
روئیا محئەدینی: ئەو بەرگەگرتن و خۆڕاگرییەم دوای ئەم هەموو رووداوە، بەڵێ هەر بۆ گەیشتن بوو بۆ سویسرا. ئێستاش تەندروستیم باش بێت، هەوڵ دەدەم بگەمە ئەوێ. 
 
رووداو: ئەو کوردانەی رۆژهەڵات خەڵکی کام شار بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: بەڵێ، ئەوانەی لە ژیاندان، یەکێکیان خەڵکی مهابادە، ئەوی دیکەیان خەڵکی بۆکانە؛ خۆشم خەڵکی هەورامانم. 
 
رووداو: تەنیا ئەو سێ کەسەتان رزگار بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: نەخێر، دووانیشیان خەڵکی ورمێ بوون. ئەوانی دیکەش باشووری بوون. یەکێکیان عەرەب و کەسێکی دیکەشیان سووری بوو. 
 
رووداو: خێزانە کوردەکان خەڵکی چ ناوچەیەک بوون؟ 
 
روئیا محئەدینی: بەڕاستی نازانم.
 
رووداو: سوپاست دەکەم؛ هیوادارم تەندروستیت باش ببێت.
 
روئیا محئەدینی: سوپاس بۆ ئێوەش؛ ئەرکتان کێشا سوپاس.