دادگەیەکی سوێد فەرماندەیەکی سەربازیی سووریای بە بێتاوان ناساند

20-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

داواکارانی گشتیی سوێد نەیانتوانی بەڵگەی پێویست لەسەر بەرپرسێکی سەربازیی سووریا بە تۆمەتی تاوانی جەنگ پێشکێش بکەن، بۆیە دادگە بە بێتاوانی ناساند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024 دادگەیەکی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، فەرماندەیەکی سەربازیی سووریای بە بێتاوان ناساند. پێشتر ئەو بەرپرسە سەربازییە بەتۆمەتی تاوانی جەنگ دەستبەسەر کرابوو.
 
محەممەد حەمۆی تەمەن 65 ساڵ لە سووریا پلەی عەمید بوو، ئێستا لە سوێد دەژی. حەمۆ لە پلەبەرزترین ئەو بەرپرسە سەربازییانەیە لە ئەورووپا دادگایی کرابێت. ئەو تۆمەتی ئەوەی خرابووە پاڵ کە لە نیوەی یەکەمی 2012 یارمەتیدەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بووە لە سووریا.
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی دادگەکەی ستۆکهۆڵم دادوەر گوتی: "لە کاتێکدا سوپای سووریا هێرشی بێجیاکاری کردووەتە سەر خەڵک، داواکاری گشتی نەیتوانی بیسەلمێنێت محەممەد حەمۆ بەشداریی لەو هێرشانە کردبێت."
 
عەمید حەمۆ لە سووریا بەرپرسی یەکەی چەکداریی فیرقەی 11 بوو. کاتارینا فابیان، دادوەری دادگەکەی ستۆکهۆڵم گوتی: "بەگوێرەی دادگە، هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە روونبکاتەوە کە فیرقەی 11 بەشدارییان لە هێرشی بێجیاکاری کردبێت. ئەو بەڵگانەشی داواکاری گشتی پێشکێشی کردوون بۆ سزادانی حەمۆ بەس نین."
 
محەممەد حەمۆ هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە. ماری کیلمان، پارێزەری حەمۆ بە دادگەی گوت: "محەممەد حەمۆ ئەوکات لە سوپا بووە و ملکەچی فەرمانەکان بووە."
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی هەینی، 24-05-2024، دادگەیەکی پاریس لە فەرەنسا، بەهۆی "بەشداریکردن لە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ"، سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر سێ بەرپرسی ئەمنیی سووریادا سەپاند.
 
ئەوانەی سزادران بریتیبوون لە: عەلی مەملووک، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی؛ جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگەی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی و عەبدولسەلام مەحموود، بەرپرسی پێشووی لێکۆڵینەوەکان.
 
دانیشتنی دادگەکە بەبێ ئامادەبوونی هەرسێ سزادراوەکە بەڕێوەچوو، بەڵام فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەرسێکیان دەرکرا.
 
لە ئاداری 2024ـیش، داواکارانی گشتیی سویسرا رفعەت ئەسەد، مامی بەشاری ئەسەدی سەرۆکی سووریایان بەوە تۆمەتبارکرد، تاوانی جەنگی لە دژی مرۆڤایەتی کردووە.
 
رەفعەت دوای 37 ساڵ ژیان لە دەرەوە، گەڕایەوە سووریا و پێناچێت لە دادگەکەی سویسرا ئامادەبێت. بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش دەکرێت، لە ژێر هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا، دادگاییکردن بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتبار بەڕێوەبچێت.
 
لە تشرینی دووەمی 2023، فەرەنسا فەرمانێکی نێودەوڵەتیی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەرکرد و تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ کە لە 2013 چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. جگە لە بەشار، فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ ماهیر ئەسەدی براشی دەرکراوە.
 
لە کانوونی دووەمی 2022، دادگەیەکی ئەڵمانیا سزای تاهەتایی زیندانی خستەسەر کۆلۆنیڵ ئەنوەر رەسڵان، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سووریا کە تۆمەتی تاوانی جەنگی لەسەربوو. رەسڵان چوار هەزار تۆمەتی ئەشکەنجە، 58 تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی لەسەربوو. دادگاییکردنی رەسڵان یەکەم دادگاییکردنی ئەندامێکی حکومەتی سووریا بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە