لە فەرەنسا داوای ئاگربەست و لە ڤەنزوێلا پاڵپشتی ئێران دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پاریس گردبوونەوەیەک بۆ راگرتنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، زۆربەی بەشداربووان هاووڵاتیی فەرەنسی-ئێرانی بوون.
کیان لی گال، بەشداربووی خۆپێشاندانەکەیە و دەڵێت، "وەک دەبینن، ئەمە بۆ داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و دژایەتی جەنگە. ناچارین لایەنگیریی یەکێکیان بکەین، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە چەندە پێویستە دژایەتی ئێران بکەین، دەبێ هێندەش دژایەتیی ئیسرائیل بکەین."
لە نزیک پەرلەمانی ڤەنزوێلا لە شاری کاراکاسیش، رێپێوانێکی پاڵپشتی بۆ ئێران بەڕێوەچوو کە لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەوە رێکخرابوو.
دیۆسدادۆ کابێلۆ، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالستی یەکگرتووی ڤەنزوێلا رایدەگەیێنێت، "ئازادیخوازانی جیهان دوای نموونەکەی ئێران دەکەون. ئێران لە بەرەی پێشەوەی ئازادیخوازانی جیهانە و پاڵپشتییان دەکەین."
ئێران و ڤەنزوێلا پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە. هەردووکیان سزای قورسیان لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانییەوە بەسەردا سەپێندراوە.
عەلی چیگنی، باڵیۆزی ئێران لە ڤەنزوێلا رایگەیاند، "تۆڵە دەکەینەوە، تۆڵەیەکی گەورە دەکەینەوە بۆ خوێنی رژاوی شەهیدان کە بەرگریان دژی زایۆنیستەکان، داگیرکارەکان و رژێمی جینۆساید کرد".
لەسەر ئاستی حکومەتەکانیش، کاردانەوەکان هێندە کاریگەر و تووند نەبوون کە گوشارێک لەسەر بەرپرسانی تاران و تەل ئەڤیڤ دروست بکەن تاوەکو جەنگەکەیان رابگرن.