رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە ئەفغانستان، 76 کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە لە نیوە شەوی چوارشەممە، لەسەر رێگەی سەرەکیی شارەکانی هیرات - ئیسلام قەلعە روویداوە. ئۆتۆمبێلێکی نەفەرهەڵگری جۆری "580" خۆی کێشاوە بە ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری "مازدا"دا.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکانی ئەفغانستان، بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە، ئۆتۆمبێلە نەفەرهەڵگرەکە ئاگری گرتووە و زۆربەی سەرنشینەکانی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەندروستییان ناجێگیرە.
رێگەی سەرەکیی هیرات - ئیسلام قەلعە یەکێکە لە رێڕەوە گرنگەکانی بازرگانی و گواستنەوەی سەرنشین لە رۆژئاوای ئەفغانستان، کە رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێل پێیدا تێدەپەڕن.
بەهۆی خراپی، کۆنی، نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و چاودێریی پۆلیسی هاتووچۆ، رووداوی هاتووچۆ لەسەر ئەو رێگەیە زۆر روودەدەن. میدیای ئەفغانستان دەڵێت، "پاسەکە لە ئێرانەوە چووەتە نێو ئەفغانستان و پەناخوازە ئەفغانەکانی لەو وڵاتەوە گەڕاندووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ