ئەم ساڵ 8,947 کیلۆمەتر دووجای دارستانەکانی ئەورووپا سووتاوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سیستمی زانیاری سووتانی دارستانەکانی ئەورووپا بڵاویکردەوە، ئەم ساڵ 8 هەزار و 947 کیلۆمەتر دووجا رووبەری دارستانی یەکێتیی ئەورووپا سووتاوە. 42.68%ی لە ئیسپانیا بووە.
بە گوێرەی نووسینگەی سیستمی زانیاری سووتانی دارستانەکانی ئەورووپا، ئەم ساڵ هەزار و 736 ئاگر لە دارستانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا کەوتوونەتەوە. ئەو ژمارەیە 46% لە ژمارەی ئاگرەکانی هەمان ماوەی پار زیاترە.
لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەی کۆمیسیۆنی ئەورووپادا هاتووە، بەهۆی ئاگرەکانی ئەم ساڵەوە هەشت هەزار و 947 کیلۆمەتر دووجا رووبەری دارستان سووتاوە، ئەوەش 320% لە هەمان ماوەی پار زیاترە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ناوەندەکەی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا، ئەم ساڵ سووتانی ئەو دارستانانە بوونەتەهۆی دەردانی 31.9 ملیۆن تۆن گازی دوانۆکسیدی کاربۆن، ئەوەش 194.84% لە هەمان ماوەی پار زیاترە.
سووتانی دارستانەکان لە بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا ناڕەزایەتی خەڵکی دژی حکومەتی وڵاتەکانیان لێکەوتووەتەوە.
بەشیکی دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای ئیسپانیا رەخنەی تووند لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن بەوەی نەیتوانیوە وەک پێویست رووبەڕووی کارەساتە سرووشتییەکان بەتایبەت سووتانی دارستانەکان ببێتەوە و پلانی پێشوەختەیان بۆ دابنێت.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لە کانوونی دووەمەوە لەو وڵاتە سێ هەزار و 820 کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتاوە.