رووداو دیجیتاڵ
چین گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە پارێگای ئەدەنەی تورکیا کردەوە کە بە خەڵوز کاردەکات. وێستگە زەبەلاحە چینییەکە، تێچووەکەی 1.7 ملیار دۆلار بووە، نزیکەی 10 ساڵ کاری تێدا کراوە.
وێستگەکە دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای تێدایە، توانای دابینکردنی نزیکەی 4٪ـی کارەبای نیشتیمانیی تورکیای هەیە و چوار هەزار هەلی کاریش لەنێوخۆی تورکیادا دەڕەخسێنێت.
ژان کینبین، بەڕێوەبەری وێستگەکەیە و دەڵێت: "بەشێوەیەکی گشتی، کارمەندانی کارپێکردنی وێستگەکە زۆربەیان خەڵکی نێوخۆی تورکیان؛ زیاتر لە 411 کارمەندمان هەن کە 360یان خەڵکی تورکیان. لە ژووری کۆنتڕۆڵ، 11 کارمەندمان هەن، بەڵام تەنیا سەرپەرشتیارەکە چینییە."
سەرجەم کەرەستەکانی وێستگەکە لە چینەوە هاوردە کراون. بەشێوەیەک دروستکراوە کە کەمترین کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت، هەروەک سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە دەڵێن، کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی پاک زیاتر بەرزبکەنەوە.
سۆنەر گۆڤ، سەرۆکی ئەندازیارانی وێستگەکە لەبارەی جیاوازییە کولتوورییەکانی وێستگەکەوە گوتی: "هەندێک جیاوازی کولتووری لەنێوان گەلی تورکیا و چیندا هەیە، بەڵام رۆژ بە رۆژ هەوڵدەدەین کە ئەو جیاوازییانە نەهێڵین."
وێستگەکە بە یەکێک لە پڕۆژەکانی رێگەی ئاوریشمی نوێی چین دادەندرێت، کە پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانیی چینە و رێگەیەکی ئابوورییە کە جگە کە ئەمریکای باکوور، کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ