زامدار ئەحمەد
رووداو- بەندیخانەی لۆبۆمێز، بولگاریا
محەممەد ئەحمەد، تەمەن 22 ساڵ، لە توركیا لەگەڵ قاچاخچییەك رێككەوتبوو كە بیگەیەنێتە سەر سنووری بولگاریا، لەگەڵ چەند كۆچبەرێكی دیكە چاوەڕێی ئۆتۆمبێلێكیان كردووە كە بە قاچاخ بیانگەیەنێتە سۆفیای پایتەخت، بەڵام پۆلیس دەستگیریان دەكات و دەیانخاتە زیندانەوە.
ئێستا ئەوە چوار مانگە لە گرتووخانەی لۆبۆمێزە، رۆژەكان دەژمێرێ تاوەكو ساڵێكی حوكمەكەی لە زیندان تەواو ببێ. ئەو گێڕایەوە كە هەر لەسەر سنوور، پۆلیس دەستی كردووە بە لێدان و ئەشكەنجەدانی. محەممەد گوتی "بە داری پۆلیس لە دەست و لاقیان دەداین، دوو شەقی زۆر بەهێزیان لە كڵاوەی ئەژنۆم دا، بۆ ئەوەی لە پەلوپۆم بخەن و نەتوانم بڕۆم".
محەممەد، بە ئاواتی گەیشتن بە ئینگلتەرا، كوردستانی بەجێهێشتووە و رێی هات و نەهاتی ئەوروپای هەڵبژاردووە. ئەو گوتی "دوای ئەوەی زۆریان لێداین، دەستیانكرد بە گەڕان و پشكنین، مۆبایلەكانیان لێسەندین. هەرچی پارەمان لابوو بردیان، 200 یورۆم لە گیرفاندابوو، 200یشم لەنێو پێڵاوەكانم شاردبووەوە، بە زەبری چەك لێیان سەندم، سەیری جانتاكانیان دەكردین، هەر شتێكی بەنرخی تێدابووایە دەیانبرد".
بەشێكی زۆر لەو كۆچبەرانەی بە دەریای رەشدا لە توركیاوە دەپەڕنەوە بۆ كەناراوەكانی بولگاریا و رۆمانیا، لەلایەن پۆلیسی ئەو دوو وڵاتەوە بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور دەستگیر دەكرێن و دواتر دادگایی دەكرێن، ئەو كۆچبەرانە دەڵێن پۆلیس ئەشكەنجەیان دەدات و لە زیندانیش رەوشیان زۆر خراپە.
كۆسرەت عوسمان، ماوەی ساڵ و نیوێكە لە بولگاریایە و زۆربەی كاتەكانی لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە بەسەربردووە، ئەو بە (رووداو)ی گوت "دوای گەیشتنم بە بولگاریا، لەگەڵ هاوڕێیەكم بڕیارماندا بچینە سربیا. بە GPS و نەخشەی مۆبایل تا نزیك سنووری سڕبیا بە تەكسی رۆیشتین. بەڵام لەوێ كەوتینە بۆسەی پۆلیسەوە. زۆریان ئەشكەنجەداین، لە هەموو شوێنێكی جەستەیان دەداین، من سەرم تەقی و ئەو هاوڕێیەی لەگەڵم بوو، باڵی شكا، بەڕاستی لەوێ دۆزەخی سەر زەویمان دیت و بۆمان دەركەوت كە ئەوروپا ئەو بەهەشتەی ناو خەونەكانمان نەبوو".
هەرێم كەریم، خەڵكی دەڤەری پشدەرە و لەلایەن پۆلیسی بولگاریاوە بەتاوانی بڕینی سنوور بە نایاسایی دەستگیركراوە و ماوەی دوو مانگە لە زیندانە. باسی خراپیی مامەڵەی پۆلیس دەكات و دەڵێت: "پۆلیسی بولگاریا، ئاژەڵئاسا لەگەڵ كۆچبەران مامەڵە دەكەن، هەمووان لە زیندان ناڕازین لە مامەڵەكردنی پۆلیس، بەڵام ناتوانین ناڕەزایەتی دەربڕین. لە زیندان دۆخمان خراپە و رەوشی دەروونیشمان باش نییە، بێڕێزیی پۆلیسەكان، هێندەی دیكە ئێمەی پەست و ناڕەحەت كردووە".
ئەو گەنجە تەمەن 21 ساڵە باسی هەڵسوكەوتی پۆلیسەكانی زیندانی كرد و گوتی "كاتێك لەلایەن ژووری ئینتەرڤیو بانگمان دەكەن، پۆلیسی پاسەوانی ژوورەكان بەرەو ژووری ئینتەرڤیو بەڕێمان دەكەن، لەڕێگەدا قاچ دەخەنە بەر قاچمان بۆ ئەوەی بەربینەوە، یان لەدواوە لە سەر و ملمان دەدەن و سووكایەتیمان پێدەكەن".
هەرێم باسی رەوشی یەكێك لە هاورێكانی دەكات كە لە زیندان نەخۆش بووە و دەڵێت: "شەوێكیان یەكێ لە هاوڕێكانم تووشی لەرز و تا هات، دۆخی زۆر خراپ بوو، ئێمەش پۆلیسمان ئاگادار كردەوە بۆ ئەوەی رێگەمان بدەن بچینە لای پزیشك، بەڵام بەهیچ جۆرێك دەرفەتیان نەدا سەردانی پزیشك بكەین. كاتێك رۆژ بووەوە ئەو پۆلیسە شەقێكی لە ئەژنۆی نەخۆشەكە دا، بۆ ماوەی یەك هەفتە نەیتدەوانی بڕوات".




.jpg&w=3840&q=75)