بەڵگەنامە نوێیەکانی ئێپستین بڵاوکرانەوە؛ بیل کلینتۆن و شازادە ئەندرۆ لەنێو لیستەکەدان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەژێر گوشاری کۆنگرێس و میدیاکاندا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئێپستین کرد. لە نێو بەڵگەنامەکاندا ناوی دەیان کەسایەتیی دیار هاتووە، لەوانە بیل کلینتۆن، شازادە ئەندرۆ و مایکڵ جاکسن.
 
ئەو فایلانەی بڵاوکراونەتەوە بەگوێرەی یاسای شەفافیەتی فایلەکانی ئێپستینە و بە هەزاران لە بەڵگەنامەی نووسراو، وێنە و دۆسیەی لێکۆڵێنەوەکانی پەیوەست بە کەیسی ئێپستینی تێدایە.
 
هەندێک لەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، نیشانی دەدەن ئێپستین لەگەڵ هاوکارەکانی لە خانوو و ڤێلای جۆراوجۆر دەردەکەون، لەوانە خانووەکەی لە مانهاتن و دوورگەی تایبەتی لە کاریبی. 
 
چەندین وێنەی بیل کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای تێدایە و نیشانی دەدەن لەنێو گەرماوێکدا لەگەڵ ئافرەتی نەناسراودایە.
 
کلینتن چەندین جار لە بۆنەی کۆمەڵایەتییدا لە ڤێلاکانی ئێپستین و مایکل جاکسنی گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی ئامادە بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی ئەو لە هیچ تاوانێکدا نەهاتووە. 
 
زۆرێک لە وێنەکان دەستکاریی کراون، ئەمەش هەروەکو وەزارەتی دادی ئەمریکی رایگەیاندووە، لەپێناو شاردنەوەی ناسنامەی کەسە تایبەتەکان بووە.
 
تۆمارەکانی دادگە، بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوە، دۆسیەی جۆراوجۆری دادگە، لیستی بەڵگەکانی حکومەت لە دۆسیەی حکومەتی ئەمریکا لەدژی گیسلین ماکسوێڵ، کچە هاوڕێی ئێپستین، بەشێکن لەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە. 
 
هەندێک لە بەڵگەنامەکان لە رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هەندێکیان نوێن و زانیاریی نوێی تێدایە.
 
ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە بەڵگەنامەکان، تۆماری گەشتکردنی ئێپستین و ئەو کەسانەی لەلایەن ئەو سەرمایەدارەوە بانگهێشتی دوورگە تایبەتەکەی کراون، لەخۆدەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆرێک لە تۆمارەکان دەستکاریکراون یانیش نێوەڕۆکیان سنووردار کراوە.
 
بەشێکیشیان پەیوەستن بە راپۆرتی کۆنی پۆلیس لەسەر کەیسی ئێپستین، لەوانە تۆماری رووداوەکان لەگەڵ چاوپێکەوتنی قوربانیان کە وردەکارییەکانی دەستدرێژیی سێکسی دەگێڕێتەوە. 
 
هەروەها بەڵگەنامەکان کۆمەڵێک کەلوپەلی جۆراوجۆر لە جیهانی ئێپستین لەخۆگرتووە، لەوانەش؛ وەسڵی کڕینی کەلوپەل و پێداویستیی تایبەتی بۆ ماڵ و ڤێلاکانی ئێپستین.
 
سەرەڕای فراوانیی بەڵگەنامەکان، بەڵام رەخنەگران رایانگەیاندووە، زۆربەی فایلەکان دەستکاریکراون و بەشێکی زۆر زانیارییەکانیش رەشکراونەتەوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی قوربانیان یان بەهۆی بەردەوامیی لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی زیاتر بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی داد بەردەوامە لە رێکخستنەوەی ئەرشیفی جێفری ئێپستین. 
 
جێفری ئێپستین کە سەرمایەدارێکی دەوڵەمەند بوو، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ گەورە سەرمایەداران، سیاسەتڤانان، ئەکادیمیستە ناسراوەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی بواری هونەر و سینەمادا دروستکردبوو. لەکاتێکدا بە نهێنی تۆمەتبار دەکرا بە قاچاخچێتیکردن بە کچان و ژنانی گەنجەوە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی بۆ خۆی و میوانە دەوڵەمەندەکانی.
 
یەکێک لەوانەی دۆستی بووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە، بەڵام ترەمپ رەتیدەکاتەوە ئاگاداری ئەو تاوانانەی ئێپستین بووبێت و رایگەیاندووە، ئەو لە سەرەتای 1990ـەوە پەیوەندی بە ئێپستینەوە نەماوە، بەڵام رەخنەگرانی ترەمپ گومان لە بڵاونەکردەنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەکانی تایبەت بە کەیسی ئێپستین دەکەن و دەڵێن، رەنگە سەرۆکی ئەمریکاش لەو تاوانانە تێوەگلابێت.
 
دەستگیرکردنی ئێپستین لە ساڵی 2019دا بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەرفراوانی تووڕەیی و گوشاری زۆر لەسەر داواکاری گشتی بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوەیەکی تەواو لە تۆڕەکەی، سەرچاوە داراییەکانی و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە یارمەتییان داوە.
 
تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لەبارەی شاردنەوەی راستییەکان، دوای مردنە گوماناوییەکەی لە ساڵی 2019دا قووڵتر بوونەوە کە بە فەرمی وەکو خۆکوشتن لە زیندانێکی پارێزراوی نیویۆرکدا راگەیێندرا، ئەوەش تەنیا ماوەیەکی کەم دوای دەستگیرکردنی روویدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە