توێژینەوەیەکی نوێ: خەوتن هەمیشە بە واتای کوژانەوەی مێشک نایەت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 پەنگوینەکان رۆژانە چوار چرکە چوار چرکە دەخەون
پەنگوینەکان رۆژانە چوار چرکە چوار چرکە دەخەون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەموو گیانەوەرێک کە مێشکی هەبێت، پێویستی بە خەوە. تەنانەت ئەو زیندەوەرانەشی مێشکیان نییە، ساتێک بۆ پشوودان تەرخان دەکەن. 
 
سەرەڕای پێشکەوتنی زانست، هێشتا پسپۆڕان بە تەواوی تێنەگەیشتوون بۆچی خەو هێندە گرنگە؛ یان ئایا هەموو ئاژەڵەکان بە هەمان شێوە پێویستییان پێیەتی.
 
پۆل، ئانتوان لیبۆرێل، زیندەوەرزانە و باس لەوە دەکات، "ئەمە نهێنییە، بەڵام هەندێک سەرەداومان دەستکەوتووە. نازانین ئایا خەو بۆ هەموو گیانەوەران هەمان سوودی هەیە یان ئایا هەندێکیان دەتوانن لە کاتی بەئاگابوونیشدا سوودەکانی خەو وەربگرن؟"
 
لە چەندین دەیەی رابردوودا توێژەران تەنیا بە داخستنی چاو یان وەستانی جووڵە پێشبینی خەوتنی ئاژەڵەکانیان دەکرد؛ بەڵام ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا هەموو شتێکی گۆڕیوە. 
 
ئامێری شوێنپێهەڵگری ورد و هەستەوەری شەپۆلەکانی مێشک، رێگە بە زانایان دەدەن تەنانەت لەنێو جەرگەی سرووشتیشدا، چاودێریی چرکە بە چرکەی خەوی گیانەوەران بکەن.
 
یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین نموونەکان، پەنگوینە. ئەم باڵندەیە کە بایەخێکی زۆر بە پاراستنی بێچووەکەی دەدات، بۆ چەندین هەفتە ناتوانێ خەوێکی درێژ و قووڵ بکات.
 
پەنگوینە دایک و باوکەکان رۆژانە هەزاران "سەرخەوی چوار چرکەیی" دەشکێنن. بەم جۆرە، ئەوان لە کۆتایی رۆژدا 11 کاژێر خەویان کۆکردووەتەوە.
 
باڵندەی "فەرقات"یش دەتوانێ لەکاتی فڕیندا بخەوێ، ئەویش بە پشوودانی نیوەی مێشکی و بەئاگا هێشتنەوەی نیوەکەی دیکەی. 
 
فیلی دەریا لە قووڵایی زەریادا دەخەوێ و دۆلفینەکانیش تەنیا بە یەک نیوەگۆی مێشک پشوو دەدەن.
 
نیڵس راتنبۆرگ، پسپۆڕی توێژینەوەی خەوی ئاژەڵان لە پەیمانگای ماکس پلانک ئاماژە بەوە دەدات، "هەندێک لەم ئاژەڵانە لە سرووشتدا توانایەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بە بڕێکی زۆر کەم لە خەو."
 
زانایان دەڵێن، خەوتن، هەمیشە بەواتای "کوژانەوەی تەواو" نایەت، بەڵکو مێشک دەتوانێت بۆ چەند چرکەیەک بەشێکی بکوژێنێتەوە بۆ ئەوەی پشوو بدات و لە هەمان کاتدا بۆ هەر مەترسییەک بەئاگا بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە