رووداو - نیویۆرک
بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان شێوەزاری هەورامی و زمانی کلدانی لە ریزی ئەو زمانانەدان کە هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، ئەو رێکخراوە جیهانییە زمانی کوردی وەکو زمانێکی هەڕەشەلێکراو ریزبەند نەکردووە.
شێوەزاری هەورامی و زمانی کلدانی لە ریزبەندی زیاتر لە دوو هەزار زمانن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەژێر هەڕەشەی سڕانەوە و لەنێوچووندان، ئەو پێشبینییە لەوانەیە بێتەدی، چونکە لە عێراق و باشووری کوردستان ژمارەیەک زمان بەکارهاتوون، کە کەم کەس ناوی بیستوون. بۆ نموومە زمان و دیالێکتی "جووە بارزانییەکان"، کە بەگوێرەی رێکخراوی یونیسکۆ، تەنها لە سێ گوندی ناوچەی ئاکرێ قسەی پێکراوە و دوا کەس کە ئەو زمانەی بەکارهێنابێت، ژنێک بووە لە ساڵی 1998 لە ئۆرشەلیم کۆچی دواییکردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان زمانی کوردی وەکو زمانێکی هەڕەشەلێکراو ریزبەند نەکردووە، بەڵام دەڵێ لە عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا 56 زمان هەن کە بەتەواوی لەنێوچوون، یان خەریکە لەنێودەچن.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمە باوەڕمان وایە؛ پاراستنی زمان واتا پاراستنی کولتوور و شێوازی ژیان، لەبەرئەوەی پێویستە گرنگی بەوەبدرێت کە زمانە جیاوازەکان بپارێزرێت".
لە لایەنی سیاسیەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆدەنگی لەسەر ئەوە نییە: قسەکردن بە زمانی دایک بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها باس لەوە دەکات "لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنانەت لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ ئێمە هەوڵی پاراستنی مافی ئەو گرووپە زمانەوانیانە دەدەین، کە بە زمانی خۆیان قسە بکەن".
یاسا نێودەوڵەتییەکان پاراستنی زمانە هەڕەشەلێکراوەکان مسۆگەر ناکەن، هەرچەندە پاراستنی زمان و کولتوورەکان بەشێکە لە سیاسەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەحمەد فەتحی، پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی دەڵێ "هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە بۆ پاراستنی ئەو زمانانەی لەژێر هەڕەشەدان، یاخود خەریکە بە تەواوی لەنێودەچن، بەڵام کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستنی ئەو سامانە زمانەوانییەی ئێستا لە جیهاندا هەیە".
ماریا فێناندە ئسپەنۆزە، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات "ئێمە لەم ماوەیەدا سەکۆی نێودەوڵەتیمان دامەزراند بۆ پاراستنی زمانە رەسەنەکان و، هەوڵمانداوە نەتەوە رەسەنەکان لە کۆمەڵەی گشتی نوێنەریان هەبێت".
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی نەدراوە بۆ ناساندنی کورد وەکو نەتەوەیەکی رەسەن کە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بوونی نوێنەری کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ