21-03-2020
02:01
وەزیری تەندروستیی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ پاراستنی هاووڵاتییەکانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە 250 ملیۆن دەمامکی داواکردووە.
ئۆلیڤەر ڤێران، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی داوای لە ژمارەیەک کارگەی بیانی کردووە بە شێوەیەکی خێرا ژمارەیەکی زۆر دەمامکیان بۆ دروستبکەن.
هەروەها وەزیری تەندروستیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، دەمامکەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە چەند قۆناخێک دەگەنە دەستیان و لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیا نێوخۆیەکانی وڵاتەکەی وەکو ئەرکێکی نیشتمانی دەست بە دابینکردنی ملیۆنان دەمامکی دیکە دەکەن.
ئۆلیڤەر ڤێران پێشبینی دەکات رەوشی فەرەنسا لە چەند هەفتەی داهاتوودا خراپتر ببێت پێش ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینکردن بەرهەمیان هەبێت.
فەرەنسا سێیەم وڵاتی ئەوروپایە لەدوای ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە رووی ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە تاوەکو ئێستا 562 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 هەزار و 459 تووشبووش تۆمارکراون.
01:37
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی زەنگی مەترسی لێدەدات و دەڵێت، دۆخەکە لە سلێمانی مەترسیدارە و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە.
لەشکر حامید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە سلێمانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و گۆشتفرۆشی گەڕەکەکان و داوا دەکات هاونیشتمانییان لە ماڵەوە بمێننەوە و پابەندی رێنماییەکان بن.
هەروەها پێشتر د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەڕەکەکانی شاردایە و هەر ئەوە ماوە بگاتە نێو ماڵەکان و تکایە لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە".
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە هەر بارێکی لەناکاودا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122ەوە بکەن بۆ ئەوەی تیمە پزیشکییەکان بە زوویی فریایان بکەون.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 54 هاونیشتمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 13 تووشبوو چاک بوونەتەوە و تووشبوویەکیش گیانی لەدەستداوە.
23:46
وەزیری تەندروستیی تورکیا بڵاویکردەوە، دوو هەزار و 953 کەس پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە 277 کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن و 12 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
بە گیانلەدەستدانی ئەو 12 کەسە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا گەیشتە 21 کەس و کۆی تووشبووانیش 977 کەسن.
23:18
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی تیمی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە کەمترین زیان بەسەر کۆرۆنادا سەردەکەوین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەیەکە بە توویت کۆرۆنا بە ڤایرۆسێکی چینی دەناسێنێت، ئاماژەی بەوە کرد، چین بەنهێنی کاری لەسەر کۆرۆنا دەکرد، ئەگەر لە سەرەتاوە زەنگی هۆشیارکردنەوەی لەبارەی کۆرۆناوە لێدابا، ئامادەکاریی باشیان دەکرد و ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە دەبوو.
ترەمپ ئەوەشی گوت کە سەرەڕای ئەم دۆخە، بە کەمترین زیان بەسەر کۆرۆنادا سەردەکەون، هیواشی خواست دەرمانی مەلاریا بۆ کۆرۆنا سەربگرێت.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەیشی خستەڕوو، "جێگەی داخە کە چین بابەتەکەی دەشاردەوە، لەگەڵ ئەوەش من رێزێکی زۆرم بۆ ئەو وڵاتە هەیە. رێزێکی زۆرم بۆ سەرکردەی ئەو وڵاتە هەیە، حەزی پێ دەکەم و هاوڕێمە، بەڵام خۆزگە زووتر پێیان دەگوتین کە کێشەیەکی گەورەیان هەیە".
21:37
سوێد: بە گوێرەی رێنمایی شارەزایان دەجوڵێینەوە و خۆمان نمایش ناکەین
سوێد: بە گوێرەی رێنمایی شارەزایان دەجوڵێینەوە و خۆمان نمایش ناکەین
وەزیری کاروباری ناوخۆی سوێد دەڵێت، رێنمایی شارەزا و پسپۆڕان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەگرینە بەر و خۆمان نمایش ناکەین.
میکائیل دامبێرگ، وەزیری کاروباری ناوخۆی سوێد لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "دەمانەوێت هەنگاوی کاریگەر و درێژخایەن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بنێین، نەک وەکو وڵاتان تەنیا بۆ کورت ماوە خۆنمایشکردن کار بکەین".
میکائیل ئاماژە بەوە دەکات، بە بڕوای حکومەتی سوید کۆرۆنا دەردێکی درێژماوە دەبێت، بە تەنیا بە بڕیار و رێکاری رۆژ بەری پێناگیرێت، دەبێت خۆئامادەکردن بۆ دۆخە ھەرە سەختەکان ھەبێت.
هەرچەندە سوێد نزیکەی دوو هەزار تووشبووی کۆرۆنای هەیە، بەڵام وڵاتەکە ئامادەکاریی باشی پێوە دیارە، دامودەزگا تەندروستییەکان لەگەڵ تیمە تەندروستییەکانی سوپا بەنێو شار و شارۆچکەکاندا بڵاوەیان پێکراوە.
حکومەت لە چەند شارێک نەخۆشخانەی کاتیی بۆ کاتی پێویست دامەزراندووە، کارگەی دەرمان کاتی کارکردنیان زیاد کراوە، تاقیگە زانستییەکان بە چڕی کار دەکەن، کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ بەرھەمھێنانی پێداویستیی پزیشکی خێراتر کەوتوونەتە کار.
حکومەتی سوێد باس لەوە دەکات، دەیەوێت 200 ھەزار لیتر جێڵی پاکژکەرەوە بخرێتە بازاڕەکان.
تاوەکو ئێستا لە سوێد نزیکەی 20 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
21:28
ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەبنە چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیتاڵیا لە رووی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە پێش چین کەوت، تەنها لە 24 کاژێری رابردووشدا 793 تووشبوو لەو وڵاتە گیانیان لە دەستدا کە بەرزترین ژمارەیە لە سەرانسەری جیهان لە رۆژێکدا تۆمارکرابێت.
بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، حکومەتی ئیتاڵیا قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە و دوامی هەموو زانکۆ و خوێندنگەکانی راگرتووە، هەروەها هەموو گردبوونەوە و یارییە وەرزشییەکانی قەدەخەکردووە. بەرپرسانی ئەو وڵاتەش ئاماژە بەوە دەکەن، لە داهاتوودا رێکاری زیاتر دەگرنەبەر.
ئەنگێلۆ بۆرێلی، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی مەدەنی ئیتاڵیا دەڵێت، "بە بڕوای من ئەم رێکارانەی کە گیراونەتەبەر ئەنجامیان هەبووە. ژمارەی تووشبووە نوێیەکان دەرئەنجامی ئەو هاتووچۆیەیە کە پێش بڕیاری قەدەخەکە هەبوو. هیوادارین ئەم رێکارە تووندانە و ئەوانەشی کە لە داهاتوودا دەیانگرینەبەر هاوکاریمان بکەن لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە".
ئیسپانیا لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپا بە دووەم وڵات دێت لە رووی ژمارەی تووشبووان و مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو تووشبووانەی کە گیانیان لەدەستدەدەن بەرزدەبێتەوە. 25 هەزار و 374 کەس تووشبوون، هەزار و 375 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 125 کەسیش چاکبوونەتەوە.
حکومەتی ئەو وڵاتە بەهەمان شێوەی ئیتاڵیا، قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە و شوێنە گشتییەکان و خوێندنگەکانی داخستووە. هەروەها داوای لە هاووڵاتییەکانی کردووە خۆیان لەماڵەوە کەرەنتینە بکەن، بەڵام ئەمە بووەتە کێشە بۆ ئەوانەی کە بێماڵن، چونکە هیچ شوێنێکیان نییە کە خۆیانی تێدا کەرەنتین بکەن.
20:49
لە چین رێژەی جیابوونەوە بەهۆی کۆرۆناوە رووی لە زیادبوونە
لە چین رێژەی جیابوونەوە بەهۆی کۆرۆناوە رووی لە زیادبوونە
لە کاتێکدا ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، قەیرانێکی دیکە خەریکە بەرۆکی وڵاتەکە دەگرێت، ئەویش جیابوونەوەی ژن و مێردەکانن بەهۆی زۆریی مانەوەیان لە ماڵ و زیادبوونی کێشە کۆمەڵاتییەکان.
رۆژنامەی مەیل تودەی لەو بارەیەوە پشتی بە ئاماری نووسینگەکانی تۆمار لە چین بەستووە. لوو شیجون، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆماری داژوو لە پارێزگای شیچوان لە باشووری چین دەڵێت، لە 24ی شوباتەوە 300 ژن و مێرد ناوی خۆیان تۆمار کردووە کە دوای ئاساییبوونەوەی ئەو دۆخە لێک جیاببنەوە.
لوو شیجون ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی جیابوونەوە بە بەراورد بە رابردوو زۆر زیادی کردووە و گەنجان کاتێکی زیاتر لە ماڵەوە بەسەردەبەن، لەسەر بابەتی بچووک دەمەقاڵێ دەکەن و جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە.
بەرپرسانی چینی دان بەوەدا دەنێن کە زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خێزانەکان لە کەرەنتین و لە چوارگۆشەیەکی بچووکدا کاتێکی زۆر بەسەر دەبەن.
لە یەکی ئادارەوە نووسینگەی تۆمار لە پارێزگای شانژی لە باکووری رۆژئاوای چین هەڵکشانێکی زۆری لە رێژەی جیابوونەوە تۆمار کرد.
چین پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا بە خۆوە دەبینێت. وڵاتەکە رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر، کەرەنتینە بە گوێرەی رێنماییەکان جێبەجێ دەکرێت، خەڵک پابەندن بە رێنماییەکانەوە و لە ئەنجامدا ژمارەی تووشبووان بەرەو نەمان دەچێت.
لە سێ رۆژدا هیچ تووشبوویەک بە کۆرۆنا لە شاری ووهانی 11 ملیۆن کەسی تۆمار نەکراوە کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کرۆنایە.
لە چین لەوەتەی کۆرۆنا لە دواییەکانی 2019وە سەری هەڵداوە، 81 هەزار و هەشت کەس تووشی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 255 کەس بەو هۆیەوە مردوون و 71 هەزار و 740 کەس چاک بوونەتەوە.
20:19
رێژەی 38.3ـی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئیتاڵیایە
رێژەی 38.3ـی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئیتاڵیایە
لە ئیتاڵیا 793 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و کۆی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە چوار هەزار و 825 کەس.
شەش هەزار و 557 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکران و ژمارەی تووشبووان بە گشتی گەیشتە 53 هەزار و 578 کەس.
ئیتاڵیا لە ماوەی مانگێکدا لە یەک تووشبووەوە کە تەمەنی 78 ساڵان بوو ژمارەی تووشبووانی گەیشتووەتە 53 هەزار و 578 کەس و رێژەی 38.3ـی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لەو وڵاتەیە و پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهانە.
19:12
15 تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیان لەدەستدا
لە ئەمریکا 15 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و کۆی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 275 کەس.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رێکارەکانی ئەمریکای بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند، بەهۆی کۆرۆناوە نیویۆرکی بەناوچەی کارەساتبار دانا.
لەبارەی سنوورەکان، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک لەسەر داخستنی سنوور رێککەوتوون.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی کۆرۆنا، ترەمپ دەڵێت، دروستکردنی ڤاکسین کاتی دەوێت.
19:08
وەزارەتی تەندروستیی تونس تووشبوونی شەش کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە بەوەش ژمارەی تووشبووان گەیشتە 60 کەس.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنساف بن عەلییە، بەڕێوەبەری روانگەی نیشتمانیی گشتیی تونس رایگەیاند 126 پشکنین بۆ کەسانی گومانلێکراوی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە و دەرکەتووە شەشیان تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ئەنساف بن عەلییە باسی لەوەش کرد، بەو شەش کەسەوە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تونس بۆ 60 کەس بەرزبووەوە کە 10 کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی بیانین.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 11 هەزار و 500 كەس و ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 279 هەزار کەس.
زۆربەی مردووان و تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا، چین، ئێران، ئیسپانیا، كۆریای باشوور، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریكا تۆمار كراون.
19:00
وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 21 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و سێ کەس بەو هۆیەوە مردن
وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 21 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و سێ کەس بەو هۆیەوە مردن
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە درێژەی پشکنینەکانیاندا 21 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمار کردووە و سێ کەسی تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارتی تەندروستیی عێراقدا هاتووە، تووشبووەکان لە شارەکانی عێراق بەم شێوەیە تۆمار کراون:
بەغدا دوو تووشبوو (دووان لە کەرخ و دووان لە رەسافە)
نەجەف چوار تووشبوو
بەسرە چوار تووشبوو
موسەنا دوو تووشبوو
سلێمانی حەوت تووشبوو (دوێنێ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندران)
تووشبووە مردووەکانیش بەم شێوەیەن:
بەغدا دوو تووشبوو
بەسرە تووشبوویەک
بەوەش ژمارەی گشتیی تووشبووان تاوەکو ئێستا ئەوەی لە عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) تۆمار کراوە، گەیشتە 214 کەس، 17 تووشبوو بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و 51 تووشبوویش چاک بوونەتەوە.
18:24
سێ رۆژە لە ووهان هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە
سێ رۆژە لە ووهان هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە
سێ رۆژە لە شاری ووهان لە چین، ئەو شوێنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێوەی سەریهەڵدا، هیچ تووشبوون بە کۆرۆنای لێ تۆمار نەکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا خەریکە لە 300 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە.
شاری ووهان بە تەنیا زیاتر لە سێ هەزار مردنی بە کۆرۆنا لێ تۆمارکراوە، بەشی زۆری تووشبووان هی شارەکەن کە ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 11 ملیۆن کەس.
بەڵام پێشکەوتنی تەندروستی ئێجگار بەرچاو لە چین دەبینرێت، وڵاتەکە رێوشوێنی پێویستیی گرتووەتە بەر، کەرەنتینە بە گوێرەی رێنماییەکان جێبەجێ دەکرێت، خەڵک پابەندن بە رێنماییەکان و لە ئەنجامدا ژمارەی تووشبووان بەرەو نەمان دەچێت.
لە چین لەوەتەی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی 2019 سەری هەڵداوە، 81 هەزار و هەشت کەس تووشی کۆرۆنا هاتوون، سێ هەزار و 255 کەس مردوون و 71 هەزار و 740 کەس چاک بوونەتەوە.
می فێنگ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتیمانیی چین رایگەیاند، "سێ رۆژە لەسەر یەک هیچ کەسێک لە شاری ووهان تووشی کۆرۆنا نەبووە. لە هەرێمی هووبی ئەگەر ووهانی لێ دەربێنین، بۆ 16 رۆژ بەسەر یەکەوە هیچ کەسێک تۆمار نەکراوە، لە پارێزگاکانی دیکەش نۆ رۆژە لەسەر یەک هیچ تووشبوویەک تۆمار نەکراوە. لەوەتەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 11ی ئادارەوە کۆرۆنای بە ڤایرۆسێکی جیهانی ناو بردووە، ژمارەی ئەو تووشبووانەی لە دەرەوەوە هاتوونەتە نێو چین، لە 85 کەسەوە بۆ 269 کەس بەرزبووەتەوە".
16:24
وەزیری تەندروستی زەنگی مەترسی لێدەدات: کۆرۆنا گەیشتووەتە نێو کۆمەڵگە
وەزیری تەندروستی زەنگی مەترسی لێدەدات: کۆرۆنا گەیشتووەتە نێو کۆمەڵگە
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆرۆنا گەیشتووەتە نێو گەڕەک و کۆڵانەکان، "ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێکی مەترسیدار و ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە". داواشدەکات باشتر خۆمان بپارێزین.
لە پەیامەکەیدا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە و هەموو بەرکەوتنێک رەنگە ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە، بۆیە پێویستە باشتر خۆمان بپارێزین.
بەبۆنەی نەورۆزەوە، بەشێک لە هاونیشتمانییان دەچنە دەرەوە و پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ نابن، وەزیری تەندروستی دەڵێت، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن. مانەوەتان لە ماڵ ئەرکێکی نیشتمانییە و نزیککەوتنەوە لە یەکدی کارێکی مەترسیدارە.
وەزیری تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هاوکار بن تاوەکو ڤایرۆسەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت، "تکامان وایە لە ماڵەوە دابنیشن و قەرەباڵخی نەکەن، هەمووتان دەزانن چەندە ترسناکە کە ئەو ڤایرۆسە لە کۆنترۆڵ دەربچێت".
بە گوتەی سامان بەرزنجی، ئێستا ڤایرۆسەکە ناوخۆییە و هەموو کەسێک شیاوە بۆئەوەی تووشی ببێت، بەتەنها لەنێو گەشتیاراندا نییە، "تکایە، تکاتە با ئەم دۆخە بپارێزین تاوەکو لە کۆنترۆڵ دەرنەچووە".
لە هەرێمی کوردستان 47 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 13 کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لەکاتی پێویستیدا پەیوەندی بە هێڵی بەپەلەی ژمارە 122 بکەن.
16:10
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 966 تووشبووی دیکە لە وڵاتدا تۆمارکراون و ژمارەی تووشبووان لە وڵاتەکە گەیشتووەتە 20 هەزار و 610 کەس.
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری نوێی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان لە 24 کاژێری رابردوودا، 123 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەوەش کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا گەیشتە هەزار و 556 کەس.
جەهانپوور گوتیشی: لەتەواوی ئێران تاوەکو ئێستا حەوت هەزار و 635 تووشبوو چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراون، راشیگەیاند: رۆژانە ژمارەی ئەوانەی کە نەخۆشیی کۆڤید-19 تێدەپەڕێنن و چاکدەبنەوە لە بەرزبوونەوەدایە.
تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی جیهان، 278 هەزار و 838 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 576 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 89 هەزار و 279 کەسیش چاکبوونەتەوە.
16:04
لە 24 کاژێردا 233 تووشبووی کۆرۆنا لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە
لە 24 کاژێردا 233 تووشبووی کۆرۆنا لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە
ئیسپانیا جارێكی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کەوتە بەر چاوی میدیاکان.
لە 24 کاژێری رابردوودا، 233 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا گەیشتە هەزار و 326 کەس.
هاوکات هەر لە 24 کاژێری رابردوودا، سێ هەزار و 355 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و کۆی گشتی تووشبووانی ئەو وڵاتەشی بۆ نزیکەی 25 هەزار کەس بەرزکردەوە لەنێوانیاندا زیاتر لە دوو هەزار تووشبوو چاکبوونەتەوە.
09:26
12 کەس لە تورکیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و نەتەنیاهوو دەڵێت لەوانەیە دەیان هەزار کەسمان بمرن
رووداو
رووداو-هەولێر
بۆ رۆژی سێیەم هیچ تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوخۆی چین نەکراوە و ئەو تووشبووانەی تۆمار کراون هەموویان لە دەرەوەی چینەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
لیژنەی نیشتمانی تەندرووستی چین رایگەیاند: لەماوەی 72 کاژێری رابردوودا، هیچ کەسێک لەناوخۆی چین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا، 41 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە هەموویان لەدەرەوەی چینەوە هاتوون.
بەتۆمارکردنی ئەو ژمارەیە، کۆی ئەوانەی کە لەدەرەوەی چین هاتوون و تووشی کۆرۆنا بوون، گەیشتونەتە 269 کەس، ئەو تووشبووانەش جگە لە پەکین، لە هەرێمی شانگهای و شەش ناوچەی دیکەی چین تۆمارکراون و بەو جۆرەش کۆی گشتی تووشبووان لە چین گەیشتوونەتە 81 هەزار و 8 کەس کە لەنێوانیاندا 3 هەزار و 255 کەس مردوون و 71 هەزار و 740 کەس چاکبوونەتەوە.