رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، پڕۆسەیەکی "درێژ و سەخت" دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسیویەتی: "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو، وێرانکردن و لەنێوبردنێکی تەواوەتیی پێگەکانی 'تۆزی ئەتۆمی' بوو لە ئێران. لەبەر ئەوە، هەڵدانەوە و دەرکردنیان پرۆسەیەکی درێژخایەن و سەخت دەبێت."
چەکوشی نیوەشەو ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بوو کە حوزەیرانی 2025 ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2ـەوە لە دژی بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، نەتەنز، فۆردو و ئیسفەهان، کردی.
ترەمپ هێرشی تووند دەکاتە سەر میدیاکانی ئەمریکا بەهۆی رووماڵی هێرشەکە و دەڵێت: "سی ئێن ئێن (CNN)ـی هەواڵی ساختە و تۆڕ و سەکۆ میدیاییە گەندەڵەکانی دیکە، شکستیان هێناوە لە پێدانی ئەو شایستەیی و پێزانینەی کە فڕۆکەوانە مەزنەکانمان شایەنین."
ترەمپ ئەو میدیایانە بە "دۆڕاو" ناو دەبات و نووسیویەتی: "ئەوان هەمیشە هەوڵی کەمکردنەوە و سووکایەتیکردن دەدەن - دۆڕاوەکان!!!"
سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەستەواژەی "تۆزی ئەتۆمی" بۆ ئاماژەدان بە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەکاردەهێنێت، کە ئەمریکا دەڵێت، ئێران بەمەبەستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کۆیکردووەتەوە.
بەڵام هەندێک جاریش ئەو زاراوەیەی بۆ ئاماژەدان بەو پاشماوانە بەکارهێناوە کە لە هێرشەکانی حوزەیرانی ساڵی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ماونەتەوە.
سەرۆکە تەمەن 79 ساڵەکە رایگەیاندووە، لە کۆتاییدا یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەگوازرێتەوە بۆ نێو خاکی ئەمریکا، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بوونی هەر پلانێکی لەو شێوەیە رەتدەکاتەوە.
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ئێران، ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگە 12 رۆژەییەکەی حوزەیرانی پار کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، تاران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی چڕکردووەتەوە. ئەو جەنگە، بۆردوومانکردنی سێ دامەزراوەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە لەخۆگرتبوو، کە یەکێکیان وێستگەیەکی پیتاندن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ