رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دەربڕی و هۆشداریش دەداتە تاران لەوەی متمانە بە "بەڵێنە درۆینەکان"ـی واشنت نەکات، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەزموونەکانی رابردوو نیشانیان داوە ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نابێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا تیشکی خستە سەر ئەو دانوستاندنانەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەنێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێبکەنەوە و رایگەیاند: "ئێمە بە وردی سەیری ئەو دانوستاندنانە دەکەین، هەرچەندە رەوشەکە بە خێرایی دەگۆڕدرێ، بەڵام دەبێت پشت بە راستییەکان ببەستین، نەوەک تەنیا بەڵێن."
"ئێران مافی خۆیەتی گومانی هەبێت"
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ راستییەک لە لایەنی ئەمریکییەوە نابینن، جگە لە هەڕەشە و بەڵێنی ناڕاست. لاڤرۆڤ گوتی: "هەڵوێستی ئێران لۆژیکییە کە دەڵێت پێشتر کەوتووەتە داوی بەڵێنە درۆینەکان، لەوانەش رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کە هەموو وەڵامێکی بۆ ئەو پرسیارانە تێدابوو کە ئێستا ئەمریکا باسیان دەکات."
لاڤرۆڤ داکۆکی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی ئێران کرد و رایگەیاند، رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 تووندترین میکانیزمی چاودێریی لە جیهاندا بەسەر بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییانییەکەی ئێراندا سەپاندبوو، کە زۆر لەو پێوەرانە تووندتر بوو کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەسەر وڵاتانی دیکەدا دەیچەسپێنێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر لە ئەنجامی هەوڵەکانی دانوستاندنکارانی ئێرانی و ئەمریکی بگەڕێینەوە بۆ شتێک کە نزیک بێت لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015، ئەوا خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت."
متمانە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی تووندی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رێککەوتنەکانی (مینسک)ی سەبارەت بە ئۆکراینای بە نموونە هێنایەوە کە بە گوتەی ئەو، "هەڵخەڵەتاندنێکی بەمەبەست بوون بۆ کڕینی کات و پڕچەککردنی ئۆکراینا." بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە دەربڕی کە لە ئالاسکا لە 15-8-2025 لەنێوان ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ واژۆ کران.
تێککەوتنی مینسک زنجیرە تێککەوتنێکی ئاشتی بوو کە لە ساڵانی 2014 و 2015 لەژێر چاودێریی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا واژۆ کران، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای ئۆکراینا و جوداخوازە لایەنگرەکانی رووسیا لە هەرێمی دۆنباس.
ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە بریتی بوو لە راگەیاندنی ئاگربەست، کشاندنەوەی چەکە قورسەکان و پێدانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بە ناوچەکانی دۆنباس لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان بۆ ئۆکراینا، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی خاڵەکان و تۆمەتبارکردنی یەکدی لەلایەن مۆسکۆ و کیێڤەوە، رێککەوتنەکە شکستی هێنا.
هەوڵەکانی ئەمریکا لە لیبیا
سەبارەت بە دەنگۆی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ وەدەرنانی رووسیا لە لیبیا، لاڤرۆڤ بە کەمبایەخ سەیری ئەو هەوڵانەی کرد و گوتی: "ئەگەر هەوڵی لەو شێوەیە هەبن، ئێمە نایانبینین، ئەمەش واتای ئەوەیە کاریگەر نین."
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە لیبییەکان خوازیاری بەردەوامبوونی رۆڵی رووسیان و سیاسەتی وەدەرنانی لایەنەکان لەلایەن رۆژئاواوە بە پاشماوەی "کۆلۆنیالیزم" و "هەژموونخوازی" ناوبرد کە بەرەو نەمان دەچێت.
دەقی قسەکانی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا:
رێککەوتنەکانی مینسک هەڵخەڵەتاندنێکی بەمەبەست بوون، ئامانج لێیان کڕینی کات بوو بۆ ئەوەی ئۆکراینا بکرێتە هێزێکی سەربازیی گەورە کە بتوانێ لە شەڕێکدا بۆ تووشکردنی شکستێکی ستراتیژی بە رووسیا بەکاربهێندرێ، ئەوەش بە پاڵپشتیی تەواوی ئەورووپا بۆ رێڕەوە نازییەکەی. ئێمە لە ئەزموونە تاڵەکانەوە فێربووین، بەڵام هێشتا گەشبینین. پێدەچێت دیپلۆماتان نەتوانن بەبێ گەشبینی کار بکەن، بەتایبەتی هیوادارین ئەو رێککەوتنانەی لە ئالاسکا (لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) واژۆکران، رێزیان لێ بگیرێ و جێبەجێ بکرێن. سەبارەت بە هەڵوێستمان بەرامبەر ئەو دانوستاندنەی (لەنێوان ئەمریکا و ئێران) کە ئێستا وادەردەکەوێ لە ئیسلامئاباد دەستپێبکەنەوە، من بە شیکاری باسی دەکەم. ئێمە ئەوەی روودەدات شیکاری بۆ دەکەین، هەرچەندە هەموو شتێک بە خێرایی بەڕێوەدەچێت. رەوشەکە دەکرێ لە رۆژێکدا چەندین جار بە شێوەیەکی خێرا بگۆڕدرێ. ئەزموون فێری کردووین پشت بە راستییەکان ببەستین. تاوەکو ئێستا هیچ راستییەک نابینین. هەڕەشە دەبینین، بەڵێن دەبینین، دڵنیایی دەبینین کە دەڵێن ئەگەر ئێوە (ئێران) بە شێوەیەکی دیاریکراو مامەڵە بکەن، ئەوا گەشە دەکەن. هەروەها هەڵوێستی ئێرانیش دەبینین کە بە لۆژیکییەوە دەڵێت پێشتر کەوتووەتە داوی بەڵێنە درۆینەکان، لەوانەش رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە پەسندکرا و هەموو وەڵامێکی بۆ ئەو پرسیارانە تێدابوو کە ئێستا ئەمریکا باسیان دەکات. سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی نەبوونی هیچ پەرەپێدانێکی سەربازیی ئێرانی لە بواری ئەتۆمدا، رێککەوتنەکە تووندترین میکانیزمی چاودێری لە جیهاندا بەسەر بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییانییەکەی ئێراندا سەپاند. ئەم میکانیزمە زۆر تووندترە لەو پێوەرانەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەیانچەسپێنێت کە رێککەوتنی گەرەنتییان لەگەڵ ئاژانسەکە واژۆ کردووە. وەک دەڵێن، دەبێت مێژووش وانەمان فێر بکات. ئەگەر لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دانوستاندنکاران، چ ئێرانی و چ ئەمریکی کە ئێمە پاڵپشتیی کارەکانیان دەکەین، بکرێ بگەڕێینەوە بۆ شتێک کە نزیک بێت لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015، پێموایە ئەوە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت.
پرسیار: میدیاکانی رۆژئاوا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەمریکا هێزە نەیارەکان لە لیبیا یەکدەخات بۆ ئەوەی رووسیا وەدەر بنێت. ئایا وەزارەتی دەرەوە چاودێریی هەوڵی لەو شێوەیەی کردووە؟ ئەگەر وایە، رووسیا چۆن دەتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە؟"
سێرگی لاڤرۆڤ: ئەگەر هەوڵی لەو شێوەیە هەبن، ئێمە نایانبینین، ئەمەش واتای ئەوەیە کە کاریگەر نین. وەک پێشتریش گوتوومە و ئەمڕۆش دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی لیبیادا هەیە. پێموایە لایەنە لیبییەکان ئارەزووی بەردەوامبوونی رۆڵی رووسیا دەکەن. سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە کە ئەگەری زۆرە رۆژئاوایی بن، چونکە ئامانجەکە وەدەرنانی لایەنێکە لە پرۆسەیەک، ئەوا ئەمە بەشێکە لەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن. ئەمە پاشماوەی سەتان ساڵ لە باڵادەستیی داگیرکاری و نیۆ-کۆلۆنیالیزمە. هێشتا ئەو کاردانەوە و نیشانانەی هەژموونخوازییان تێدا ماوە. بەڵام هەموو ئەمانە دەبنە رابردوو. ئێمە لای خۆمانەوە، پێمان خۆشە ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کاریگەرییان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هەیە و توانای کارکردنیان لەسەر رەوشەکە هەیە، هەوڵەکانیان یەکبخەن، وەک ئەوەی لە رابردوودا دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ