زانیاری لەبارەی ئەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە ئیتاڵیا تێکشکا: 26 منداڵ لەنێو ئەوانەدان کە نەدۆزراونەتەوە

21-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
یەکێک لە رزگاربووەکان براوەتە بنکەیەک بۆ وەرگرتنی چارەسەر
یەکێک لە رزگاربووەکان براوەتە بنکەیەک بۆ وەرگرتنی چارەسەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش نزیکەی هەفتەیەک لە تێكشكانی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئیتاڵیا، هەوڵەکانی دۆزینەوە و رزگارکردنی سەرنشینانی بەردەوامە. زۆربەی ئەوانەی سەرنشینی بەلەمەکە بوون، کوردن. زۆرتر لە 60 کەسیان دیارنین، کە 26یان منداڵن.

ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی کارەساتبارە بۆ ئەوانەی بە بەلەم و لەڕێگەی دەریاوە ویستوویانە بگەنە ئەورووپا. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 12 کەس لە سەرنشینانی بەلەمە تێکشکاوەکەی کۆچبەران لەنێو ئاوەکانی هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا بە زیندوویی دۆزراونەتەوە.

یەکێک لەو 12 کەسانە لەڕێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. شەش کەسیش بە خنکاوی دۆزراونەتەوە. 26 منداڵ لەنێو ئەو کەسانەدان کە تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، کە دەگوترێت لەنێوان 60 تاوەکو 66 کەسدان. زۆر لەوانە کوردن و خەڵکی باشوور یان رۆژهەڵاتی کوردستانن. هەندێکیان تەواوی ماڵباتەکانیانن و منداڵی چەند مانگەیان تێدایە.

لە ناوچەی لامپێدووسای ئیتاڵیاش بەلەمێک دۆزراوەتەوە کە تێکنەشکاوە و 55 سەرنشینی بە زیندوویی دۆزراونەتەوە و رزگار کراون. لەو بەلەمەدا 10 کۆچبەر بە مردوویی دۆزراونەتەوە، کە هەموویان پیاون و سەرچاوە فەرمییە ئیتاڵییەکان دەڵێن، پێدەچێت بەنگلادیشی و پاکستانی بن.

لە دورگەکانی کەناری ئیسپانیاش 67 سەرنشینی بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران رزگار کراون و شەش کەسی دیکەش بە مردوویی دۆزراونەتەوە. ئەو بەلەمەش کەسی کوردستانی تێدا نەبووە و سەرنشینەکانی خەڵکی ئەفریقان.

زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ ئیتاڵیا زانیاریی وردی باس کرد و رایگەیاند، سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 21-06-2024 ئۆپەراسیۆنی فراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان دەستی پێکردووە و دەڵێت، "شەش تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە و هێندراون بۆ نەخۆشخانەی لوکری ئیتاڵیا. خۆم سەردانی نەخۆشخانەکەم کرد، وەکو نێردراوی رووداو قسەم لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانەکە کرد و گوتیان، تەرمەکان وێنەیان بۆ گیراون، بەڵام لەژێر چاودێریی ورد دان و دواتر رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆئەوەی رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ دەکرێت."

زنار شینۆ گوتیشی، "کاتێک لەوێ بووم، چەند کەسوکارێکی قوربانییەکان لەوێ بوون بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکان، یەکێک لەوانە هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان بوو، کە لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، ئامۆزایەکی لەنێو قوربانییەکان بوو و دەڵێت، 20 وێنەیان نیشاندام و لەوە دڵنیابووم کە ئامۆزاکەم لەنێو قوربانییەکاندایە."

زنار شینۆ ئاشکرای کرد، پۆلیس توانیویەتی 35 تەرم بدۆزێتەوە و هەوڵەکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەریادا بەردەوامن بۆئەوەی تەرمەکانی دیکەش بدۆزێتەوە، گوتیشی، "لە شارۆچکەی رۆچێلاین، رۆژی شەممە خۆپێشاندانێک دەکرێت بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ کۆچبەران بکات؛ هەروەها لە دەریادا گیانی کۆچبەران بپارێزێت و لە میدیاکانیشەوە گلەیی لە حکومەتی ئیتاڵیا دەکرێت وەکو پێویست بەهانای کۆچبەرانەوە ناچن؛ ناکرێت کەشتیی رزگارکردن هەبێت، کەچی کەشتییە ماسیگرەکان بەهانای کۆچبەرانەوە بچن لەکاتی نقوووم بوون و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان."

زنار شینۆ روونیکردەوە، لە کۆی 76 کەسی نێو یەختە نقوومبووەکە، تەنیا 11 کەسیان رزگاربوون و یەکێکیان خەڵکی سووریایە و یەکێکێکیش تورکمانێکی دانیشتووی کەرکووکە، نۆ کەسی دیکەش کوردن و شەشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و سێی دیکەشیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، تاوەکو ئێستاش 35 تەرم دۆزراونەتەوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانی دیکەش بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە