رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا، وێرانکاری و ئازار بوونەتە رووخساری تاڵی شارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و ناوچە سنوورییەکانی دیکە. بۆردوومانی بێوچان نەک تەنیا ژێرخانی سەربازی، بەڵکو ناوچە چڕەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلیشی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی ماڵوێرانییەکی بێبەزەییانە و دڵەڕاوکێیەکی بێسنوور.
دوای ئەوەی بەڵگەفیلمی یەکەممان لەسەر جەنگی ئۆکراینا خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بردەوە، لەگەڵ تیمەکەم چووینەوە ئۆکراینا، لەوێ چیرۆکی ماڵوێرانی و دەربەدەری خەڵک و وێرانکارییەکانمان تۆمارکرد.
یەکێک لە دیمەنەکان لە شاری کراماتۆرسکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، بۆردوومانێکی وێرانکەر بارەگایەکی سەربازی دەکاتە ئامانج، بەڵام بەهۆی ئەوەی باڵەخانەکە لەنێو گەڕەکێکی نیشتەجێبووندایە، دەیان خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، دیمەنی داروپەردووی رووخاو و ترس و راکەڕاکی خەڵک، بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان، زۆرێک لە دانیشتووان بۆ پاراستنی گیانیان پەنایان بۆ ژێرزەمینی ماڵەکانیان بردووە و لە سێبەری مردندا دەژین.
تەنیا 16 کیلۆمەتر لەوێوە، لە شاری سلۆڤیانسک، بنکەیەکی دیکەی هێزەکانی ئۆکراینا کە خانوویەک بووە لەنێو ماڵە سڤیلەکاندا، کراوەتە ئامانج، لەنێو ئەم وێرانکارییەدا، چیرۆکی نێلا و سێرگی دەردەکەوێت، کە ماوەی 30 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە و بە خۆشەویستییەوە پێکەوە ژیاون، ئەوان ئاواتیان ئەوە بوو رۆژانی پیرییان بە ئارامی بەسەر بەرن، بەڵام بۆمبێک کە لە حەوشەی ماڵەکەیاندا دەتەقێتەوە هەموو هیواکانیان لەگەڵ خانووەکەیاندا دەڕووخێنێت. لە کاتی رووداوەکەدا، نێلا و سێرگی لە چێشتخانەکە بوون، تەقینەوەکە چوارچێوەی پەنجەرەکە دەخاتە سەر سەری سێرگی و پارچە شووشەکان پشتی ملی بریندار دەکەن، ئێستا ئەم دوو هاوژینە بەتەمەنە کە هیچ منداڵێکیان نییە، بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و ناچارن لە ماڵی هاوڕێیەکدا بمێننەوە تاوەکو چارەنووسیان دیاری دەکرێت.
بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە هەرێمی دۆنێتسک گۆڕەپانێکی تووندوتیژی بێوچانە، رێگەکانی بەرەو شاری باخموت، کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، پڕن لە مەترسی و دەنگی بۆردوومان، خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری باخموت شوێنەکانیان چۆڵکردووە لە ترسی پێشڕەوییەکانی رووسیا کە ئێستا ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتیژیی چاسیڤیارە.
سەربازێکی ئۆکراینی لەو ناوچەیە دۆخەکە بە "زۆر قورس و خوێناوی" وەسف دەکات و هۆشداری بە تیمی رووداو دەدات و دەڵێت، "مەچنە پێشەوە، مەترسیدارە و دەکوژرێن". ئەگەر چاسیڤیار بکەوێت، شارەکانی کۆنستانتینیفکا، کراماتۆرسک و سلۆڤیانسک دەکەونە بەر مەترسیی راستەوخۆ.
لە شاری کۆنستانتینیفکا، کاریگەرییەکانی شەڕ بە شێوەیەکی بەرچاو هەستی پێدەکرێت، زیاتر لە 70٪ی دانیشتووان شارەکەیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچە ئارامترەکانی وڵات رۆیشتوون، بازاڕەکان چۆڵ و دووکانەکان داخراون، سەرچاوەی بژێوی خەڵک نەماوە و نائومێدی باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە، ڤلادیسلاڤ.
یەکێک لەو کەسانەیە کە ماوەتەوە، بە تەنیایی و دڵشکاوی لە ماڵی هاوڕێیەکیدا دەژی، دوای ئەوەی خانووی خۆی بەهۆی بۆردوومانەوە بەتەواوی رووخاوە، ژن و منداڵەکەی بەرەو شاری لڤیڤ رۆیشتوون و ئەو ماوەی ساڵێکە بە تەنیا ماوەتەوە. ڤلادیسلاڤ بڕیاریداوە شارەکەی جێ نەهێڵێت، بەڵام باوەڕی وایە چارەنووسیان تاریکە و دەڵێت، "من دەبینم چەک و تەقەمەنیی پێویستمان نییە، بێگومان دەدۆڕێین، پێموایە پێش دۆڕانەکە هەموومان دەمرین."
لە کاتێکدا رۆژهەڵات لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێت، لە کیێڤی پایتەخت، چاوەکان لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانە، هەرچەندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی دەستپێکردنی ئاگربەست دەدات، بەڵام رێکنەکەوتنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر مەرجەکان، بەتایبەت لەسەر چارەنووسی ئەو 20٪ی خاکەی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە (بەشێک لە دۆنێتسک، لۆهانسک، خارکیڤ، خێرسۆن و زاپۆریژیا، لەگەڵ کریمیا)، وایکردووە کۆتاییهێنان بە شەڕ هێشتا دوور بێت. بەرپرسانی ئۆکراینا جەخت دەکەنەوە کە "هیچ گفتوگۆیەک لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکرێت" و، پێیانوایە درەنگ یان زوو، رووسیا ناچار دەبێت لەو ناوچانە بکشێتەوە.
سەرەڕای گفتوگۆکان ئاسمانی کیێڤ هەموو شەوێک بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی درۆنە هێرشبەرەکانەوە رووناک دەبێتەوە، هەندێک جار ئەم درۆنانە بەر باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەکەون و کارەساتی مرۆیی دروست دەکەن، لە یەکێک لەم هێرشانەدا ژنێکی بەتەمەن گیانی لەدەست دا و ماڵەکەی بەتەواوی سووتا.
دیمەنی خەڵکی ترس لێنیشتوو و خاوێنکردنەوەی پاشماوەی بۆردوومانەکان بووەتە کاری رۆژانە، دایکێک باس لەوە دەکات کە منداڵە چوار ساڵانەکەی پێیوایە دەنگی تەقینەوەکان "هەورەبرووسکە"یە و دەڵێت، "زۆر زەحمەتە بۆی روونبکەمەوە لێرە چی روویداوە، ئەوان شایەنی ئەمە نین."
شارەزایەکی سەربازیی ئۆکراینی پێیوایە دۆخی شەڕ بەهۆی کەمیی هاوکارییەکانی رۆژئاوا و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی چین، ئێران و کۆریای باکوور بۆ رووسیا، قورستر بووە. ئەو دەڵێت، "دەتوانین بەردەوام بین، بەڵام بێگومان بەبێ یارمەتیی سەربازی، مەحاڵە بتوانین بەرامبەر وڵاتێکی وا گەورە بوەستینەوە."
لەپشت هەموو ئەم رووداوانەوە، بیرەوەریی تاڵی شاری بووچە وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەریی ئۆکراینییەکاندا ماوەتەوە، ئەم شارە کە تەنیا 20 کیلۆمەتر لە کیێڤەوە دوورە، بۆ ماوەی مانگێک لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیادا بوو و تێیدا تاوانی جەنگیی دڵتەزێن ئەنجام دران، لە کڵێسای شارەکەدا وێنەی قوربانییەکان نمایشکراون و مۆنۆمێنتێکی کاتی بە ناوی 509 قوربانییەوە دروستکراوە.
تاتیانا یەکێک لە دانیشتووانی بووچە، لەنێو باخچەی ماڵەکەیدا هاوسەرەکەی لەدەست دا، کە پێکەوە بە خۆشەویستی ئاوەدانیان کردبووەوە، لە ماوەی مانگێکدا کە شارەکە داگیرکرابوو، تاتیانا ژیانی دەیان سەرباز و هاووڵاتیی وڵاتەکەی پاراست بە شاردنەوەیان لە ماڵەکەیدا، دوای ئەو رووداوانە تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بوو، بەڵام لەدایکبوونی نەوەکەی هیوایەکی نوێی پێ بەخشییەوە.
دوای سێ ساڵ لە پشت هەر وێرانییەکەوە چیرۆکێکی مرۆیی هەیە، بەڵام ئێستاش ئاوازی بەردەوامیی ژیان هێشتا لە گۆشە و کەنارەکانی وڵاتەکەیان دەبیسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ