رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆنگرەی دیموکراتەکانی ئەمریکا رووداوێکی گرنگە بۆ هەموو جیهان و "ئێمەش دەمانەوێ بەشداریی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە بکەین و بیگوازینەوە بۆ وڵاتی خۆمان".
چنار سەعد عەبدوڵڵا وەکو نوێنەری پارتی لە کۆنگرەی دیموکراتەکانی ئەمریکا بەشدارە. لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی ئۆفیسی رووداو لە واشنتن کرد و گوتی: "رووداوێکی زۆر گرنگ روودەدات، راستە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەڵام بۆ هەموو جیهان گرنگە. ئەم بەشدارییە لە گۆڕینەوەی ئەزموون بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونکە هەندێ وڵات لێرەن کە ئەوانیش لە قۆناخی سەرەتایی دیموکراسیدان. ئێمەش دەمانەوێ بەشداریی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە بکەین و بیگوازینەوە بۆ وڵاتی خۆمان."
رێکخراوی ئێن دی ئای، کە بۆ دیموکراسییەت کار دەکات و لقی لە وڵاتان هەیە، بانگهێشتی نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆنگرەکە کردووە، کە نوێنەری وڵاتانی دیکە، حیزب و رێکخراوەکان وەکو میوان بەشدارن.
چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتی: "بانگهێشتکردنی ئێمە وەکو نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان، پێدانی بەهایە بە ناوچەکە و مانای ئەوەیە کە ئێمە لەنێو بازنەی سیاسیی ئەوانداین، ئەوە دەمێنێتەوە سەر رۆڵی ئێمە کە چۆن هەوڵبدەین ئەم تێگەیشتنەی ئەوان زیاتر بەکاربهێنین بۆ خزمەتی هەرێمەکەمان، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشە ئێمە لەگەڵ سیناتۆر، پەرلەمانتار و چالاکڤانەکانیان یەکدی دەناسین کە رەنگە لە داهاتوودا پۆستی باڵایان هەبێت و بە کەڵک بێت بۆ بەرژەوەندیی کورد و کوردستان."
دووشەممە، 19-08-2024، کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری فەرمیی پارتەکە و جێگرەکەی دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە دەخایێنێت.
کۆنگرەی دیموکراتەکان لە ویلایەتی شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت و لەو کۆنگرەیەدا کامالا هاریس، وەکو بەربژێری دیموکراتەکان بە فەرمی دەستنیشان کرا.
هاریس، یەکەمین ژنی رەشپێستە لە مێژووی ئەمریکادا بووبێتە جێگری سەرۆک، توانیویەتی لە راپرسییەکاندا پاشەکشە بە ترەمپ بکات.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 05-11-2024 بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان دۆخی هاریس باشترە و دەردەکەوێت، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت 48.1٪ـی دەنگەکان دەباتەوە و ترەمپیش 46.7٪ـی دەنگی ئەمریکییەکان بەدەست دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ