نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش لەرێگەی ژیریی دەستکردەوە خۆی بەهێز دەکاتەوە

21-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، سەرەڕای کوژرانی چەندین سەرکردەی داعش، بەڵام هێشتا ئەو گرووپە لە عێراق و سووریا چالاکە و سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەن، ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا وڵاتانی ئەفریقا بوونەتە ناوەندی خۆڕێکخستنەوەی داعش و لە ناوچەکانی ئاسیای نێوەڕاستیش لە بەهێزبووندایە. 
 
رۆژی چوارشەممە 20ی ئابی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەترسییەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپەی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان تاوتوێ کرد.
 
قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی سووریا
 
لە دانیشتنەکەدا، نوێترین راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڵاوکرایەوە. لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە داعش هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە ئەمنییە بقۆزێتەوە، کە لە سووریا دروست بووە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دا لە توانای داعش بۆ خۆگونجاندن و گۆڕینی تاکتیکەکانی بە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی چەندین ناوچە، بەتایبەتی لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، سەرەڕای کوژرانی چەندین سەرکردەی، هێشتا داعش لە عێراق و سووریا چالاکە.
 
ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەبارەی مەترسییەکانی داهاتووی ئەو رێکخراوە گوتی: "هەڕەشەی داعش هێشتا ناجێگیر و ئاڵۆزە. گرووپەکە و لقەکانی بەردەوامن لە خۆگونجاندن و پیشاندانی درێژەدان بە کارەکانیان سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی دژە تیرۆر."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، داعش نزیکەی سێ هەزار چەکداری لە عێراق و سووریا هەیە و سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی سووریا، بڵاویکردووەتەوە "دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە. داعش بەردەوامە لە قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان، کردنی ئۆپەراسیۆنی نهێنی و هاندانی گرژیی تایفەگەریی لەنێو ئەو وڵاتە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە مەترسیی کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە کە نزیکەی 35 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە و زۆربەیان ژن و منداڵن و لە بارودۆخێکی سەختدان. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەمپانە مەترسیی ئەوەیان هەیە ببنە لانکەی تووندڕەوی.
 
"بەهێزبوونی داعش" لە ئەفریقا و ئاسیای نێوەڕاست
 
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەداوە داعشی خۆراسان وەک هەڕەشەیەکی دیارە بۆ سەر وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست. 
 
داعشی خۆراسان، نزیکەی دوو هەزار چەکداری هەیە و وەک یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانی ئاسیای نێوەڕاستدا ماوەتەوە.
 
لە راپۆرتەکەیدا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەفریقای وەک چەقی چالاکییەکانی داعش وێناکردووە و مەزەندە دەکات گرووپەکە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقا 8 بۆ 12 هەزار چەکداری هەبێت.
 
ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڵێت: "نەتەوە یەکگرتووەکان سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش لە ئەفریقا بینیووە، بەتایبەتی لە بورکینا فاسۆ، مالی و نەیجەر و لە رۆژئاوای ئەفریقا گرووپەکە دەرکەوتووە، وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرفراوانی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی و چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانی راکێشاوە." 
 
لە نەیجیریا و لیبیا ئەو چەکدارانەی داعش کە دەستگیرکراون، باسیان لە بوونی تۆڕی لۆجستی و دارایی کردووە، کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە لە وڵاتانی ئەفریقا.
 
ڤۆرۆنکۆڤ باس لەوە دەکات، لە سۆماڵ، هێرشێکی بەرفراوانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سۆماڵەوە بەرپەرچ دراوەتەوە و نزیکەی 200 چەکداری داعش کوژران و زیاتر لە 150 کەسیش دەستگیرکراون. بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای ئەو زیانانە، داعش هێشتا سوود لە تۆڕەکانی پشتیوانیی ناوچەکە وەردەگرێت و وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە.
 
"سوود وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد"
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان داعش هەوڵدەدات تۆڕی دارایی نێودەوڵەتی دروست بکات بۆیە رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەنیا گرنگیدان بە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی داعش "بەس نییە،" بەڵکو دەبێت تیشک بخرێتە سەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئەو هۆکار و فاکتەرانەی، کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای تووندڕەوانە و راکێشانی گەنجان.
 
هەروەها راپۆرتەکە هەوڵەکانی داعشی بۆ دامەزراندنی شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەری) ئاشکرا کرد، کە ئەمەش توانای داهاتووی بۆ کردنی هێرشی ئاڵۆز و پێشکەوتوو بەهێزتر دەکات.
 
ناتالیا گێرمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆ، دەڵێت: "بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن داعشەوە بۆ راکێشانی خەڵک، کۆکردنەوەی پارە و پڕوپاگەندە، پێویستی بە هەڵوێستێکی داهێنەرانە هەیە. هەرچەندە ژیریی دەستکرد بۆ فراوانکردنی مەودا و کاریگەریی گرووپەکە بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە وڵاتانیش بتوانن لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، مەترسییە تیرۆریستییەکان باشتر دەستنیشان بکەن و رێگرییان لێ بکەن و تێکیشکێنن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە