رووداو - هائارێتس
رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، كە پێش دەستگیركردنی، نێڵسۆن ماندێلا لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە مەشقی لەسەر بەكارهێنانی چەك پێكراوە، بەڵام تاوەكو دوای مەشقەكە نەزانراوە ئەو ماندێلایە.
لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی "هائارێتس"ی ئیسرائیلیدا هاتووە: "نێڵسۆن ماندێلا، سەرۆكی پێشووی ئەفریقیای باشوور لەساڵی 1962 كاتێك كە بە مەبەستی مەشقكردن لەسەر چەك و چالاكییە پارتیزانییەكانی دیكە سەردانی چەند وڵاتێكی ئەفریقی كردووە، لەژێر ناوێكی خوازراو پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا كردووە و ئەوانیش لەڕێگای چەند كارمەندێكی مۆساد مەشقیان پێكردووە لەسەر بەكارهێنانی چەك و شێوازەكانی دیكەی خەباتی چەكداری".
بەپێی رۆژنامەكە، ماندێلا كە ناوی خوازراوی (دەیڤد مۆبسار)ی بەكارهێناوە، بە وشەی عیبری "شەلام" واتە "سڵاو" سڵاوی لە كارمەندەكانی مۆساد كردووە و سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر هێزی گەریلای ئیسرائیلی كە بە "هاگانە" بەناوبانگە.كاتێكیش كارمەندەكانی مۆساد بیرمەندیی ئەویان بۆ دەركەوتووە هەوڵیان داوە بەلای زایۆنیزم رایبكێشن.
ئیسرائیلیەكان تاوەكو تەواوبوونی مەشقەكەش نەیانزانیوە ئەو ماندێلایە، بەڵام دوای دوو مانگ كە گیراوە و دادگایی كراوە، وێنەكەیان لەگەڵ ئەو وێنەیەی لای خۆیان بەراوردكردووە و بۆیان دەركەوتووە كە ماندێلا بووە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، كە ئەم زانیارییانە لە نامەیەكی نهێنیدا بوون لە ئەرشیڤی ئیسرائیل، كە چەند ساڵ لەمەوبەر لەلایەن قوتابییەكەوە دۆزرابووەوە كە لە مێژووی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەفریقیای باشووری كۆڵیبووەوە، بەڵام لەبەر سروشتە نهێنییەكەی قوتابیە ئیسرائیلییەكە لە لێكۆڵینەوەكەیدا باسی نەكردبوو.
نیڵسۆن ماندێلا رۆژی 5ی ئەم مانگە لە تەمەنی 95 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە گوندەكەی خۆی بەخاك سپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ