رووداو - هەولێر
(ش.م) زیاتر لە ساڵ و نیوێكە لە ئەڵمانیا دەژی. دوای ئەوەی مافی پەنابەریی وەرگرت، بیری لە پێكهێنانی خێزان كردەوە. (ش.م) كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بڕیاریدا كچێكی كورد لە زێدی خۆی بخوازێ.
(ش.م) لەڕێگەی خێزانەكەیەوە كچێكی دەستنیشانكرد، ئەو دەیویست دەزگیرانەكەی لەڕێگەی فەرمییەوە بباتە ئەڵمانیا، نەك رێگەی قاچاخ، بەڵام هەوڵەكانی بێسوود بوون، لەولاشەوە ماڵی باوكی كچەكە پەلەیان بوو كچەكەیان بگاتە ئەڵمانیا.
(ش.م) كە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد، گوتی "ماڵی خەزوورانم زۆر پەلەیان بوو كچەکەیان بگاتە ئەوروپا. بۆیە چەندینجار پێشنیازیان كرد كچەکەیان بە قاچاخ بەڕێبكەن، بەڵام من و ماڵی باوكیشم دژی ئەوە بووین. ئێمە چاوەڕێ بووین بە رێگەی فەرمی بگاتە ئەڵمانیا".
ئیدی ماڵی باوكی كچەكە سەبریان نەما و داوایان لە (ش.م) كرد دەستبەرداری كچەكەیان ببێ. بۆیە (ش.م) بە ناچاری دەستبەرداری دەستگیرانەكەی بوو. بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ (ش.م) ئەو ئیمەیلە بوو كە لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە بۆی هات كە رۆژی چاوپێكەوتنی دەزگیرانەكەی تێدا دیاریكرابوو، بەڵام (ش.م) دەڵێت "تازە كار لەكار ترازابوو و هەموو شتێك لەنێوان من و دەزگیرانەكەمدا كۆتایی هاتبوو".
هاودۆسیەی وەكو (ش.م) لە وڵاتانی ئەوروپا زۆرن كە رۆژانە چاو بە ئیمەیل و نامەی نێو مۆبایلەكانیاندا دەخشێنن، چاوەڕێن نامەیەك یان ئیمەیلێكیان لە باڵیۆزخانە و دەزگاكانی كۆچەوە بۆ بێت و هەواڵە خۆشەكەی تێدابێ. ئەویش كاتی چاوپێكەوتنی هاوژینەكانیانە، بۆئەوەی رایانبكێشن.
چیرۆكی حەسەن عوسمان نزیكە لە چیرۆكی (ش.م)، تەنیا جیاوازییان ئەوەیە كە حەسەن دەیویست دەزگیرانەكەی بە قاچاخ بگەیەنێتە ئەوروپا، بەڵام كەسوكاری كچەكە رازی نەبوون ژیانی كچەكەیان بخەنە مەترسییەوە.
حەسەن گوتی "ماڵە خەزوورانم پێیانڕاگەیاندم كە كەسێك هەیە دەتوانێت بە 13 هەزار یۆرۆ بە فەرمی دەزگیرانەكەت بگەیەنێتە ئەڵمانیا، بەڵام من ئەو پارەیەم نەبوو". دواجار ماڵی باوكی كچەكە، حەسەن نائومێد دەكەن و پێیدەڵێن ئێوە لە ماڵی خۆتان و ئێمەش لە ماڵی خۆمان، بۆیە حەسەن بەناچاری دەستبەرداری دەزگیرانەكەی دەبێت.
حەسەن عوسمان كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، دوو ساڵە لە ئەڵمانیایە. ئەو دەڵێت "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا دەزگایەك نەماوە لە ئەڵمانیا لێینەدەم بۆئەوەی دەزگیرانەكەم رابكێشم، بەڵام هەموو هەوڵەكانم بێ سوودبوون و وەڵامم وەرنەگرتەوە".
حكومەتی ئەڵمانیا مەرجی قورسی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە دەیانەوێ كەسوكاریان رابكێشن. لەوانەش كارمەندی حكومەت بێ یان گرێبەستێكی هەمیشەیی هەبێ. حەسەن بە سەرسووڕمانەوە باسی ئەو مەرجانە دەكات و دەڵێت "ئەوە ئەڵمانەكان خۆیان زۆربەیان كارمەندی حكومەت نین یان گرێبەستەكەیان كاتییە، چ جای ئێمەی پەنابەر".
كاتێك هەموو شتێك كۆتاییهات، حەسەن دواقسەی خۆی بۆ دەزگیرانەكەی كردووە و پێیگوتووە "هیوای ژیانێكی خۆشت بۆ دەخوازم". ئاشكین عەبدۆ، 20 ساڵ، كچێكی رۆژئاوای كوردستانە. نزیكەی چوار ساڵە لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی باشووری كوردستان بووە. ئاشكین دوو ساڵ لەمەوبەر ئەڵقەی هاوژینی لەگەڵ پەیمان گۆڕیەوە.
كاتێك شەپۆلی كۆچبەرانی كورد بەتایبەتی كوردی رۆژئاوا بەرەو ئەوروپا دەستیپێكرد، پەیمان بڕیاریدا كۆچ بكات، بەڵێنیشی بە ئاشكین دابوو هەركاتێك گەیشتە جێ، هەوڵی راكێشانی ئەویش بدات، بەڵام دوو ساڵە چاوەڕێی جێبەجێكردنی بەڵێنی دەستگیرانەكەی دەكات.
ئاشكین لە رۆژی ڤالانتاین پەیوەندی بە دەستگیرانەكەی كردووە و پێیڕاگەیاندووە "خۆشمدەوێی". ئەو دەڵێت "ئەگەر وا لە یەكدی دووربین رەنگە دڵمان لە یەكتر ساردببێتەوە. بۆیە هیوادارم بە زووترین كات بگەمە لای دەزگیرانەكەم".
ئاشكین ناتوانێت خۆی لە رێگەی قاچاخ بدات، چونكە باوك و برا گەورەكەی كۆچیان كردووە بۆ ئەوروپا، ئەو لێرە ناچارە چاودێریی دایكی و دوو برا بچووكەی بكات و بژێویان دابین بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ