کێ بڕیارەکەی ترەمپی بۆ ژیریی دەستکرد هەڵوەشاندەوە؟

16 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی دەنگۆی زۆر بڵاوبووەوە لەبارەی ئەوەی بۆچی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوا ساتەکاندا بڕیارێکی تایبەت بە چاودێریکردنی ژیریی دەستکردی هەڵوەشاندەوە. باس لە دۆستەکانی ترەمپ لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دەکرێ و دەگوترێ کە نایانەوێ حکومەت چاودێریی ئەو بوارە بکات.
 
بەپێی رەشنووسێکی بڕیارەکە کە دزەی کردوەتە نێو میدیاکانی ئەمریکا، کۆشکی سپی رێکاری نوێی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئامادە کردبوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە ترەمپ بڕیارەکەی راگرت. دەگوترێ راوێژکاری پێشووی ترەمپ بۆ پرسی ژیریی دەستکرد، راستەوخۆ پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە و پێی گوتووە ئەو بڕیارە باش نییە.
 
ئەگەر بڕیارەکە واژۆ کرابایە، مافی دەدایە حکومەتی ئەمریکا کە پێش بڵاوکردنەوەی هەر سیستمێکی نوێ و بەهێزی ژیریی دەستکرد بۆ خەڵک، بۆ 90 رۆژ لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی لەسەر بکات؛ هەروەها پلانی دادەنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک کە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە بکرێتە سەر بانك، نەخۆشخانە و شوێنە گرنگەکانی دیکە.
 
ماڵپەڕی پۆلەتیکۆ و چەند میدیایەکی دیکە بڵاویانکردەوە، دەیڤد ساکس، سەرمایەدار و بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ژیریی دەستکرد لە کابینەکەی ترەمپ، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە. ساکس هۆشداری داوەتە ترەمپ کە ئەو بڕیارە داهێنان خاو دەکاتەوە و زیان بە ئەمریکا دەگەیێنێت لە کێبڕکێی تەکنەلۆجیادا لەگەڵ چین.
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیانوابووە ساکس لەگەڵ بڕیارەکەدایە، بەڵام شەوی پێش واژۆکردنەکە، ناڕەزایەتی دەربڕیوە لەوەی کە رەنگە لە داهاتوودا ئەم چاودێرییە ئارەزوومەندانەیە ببێتە ناچاری.
 
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی واشنتن پۆست چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، پەیوەندییەکانی دوایین ساتی دەیڤد ساکس؛ ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری تێسلا و سپەیس ئێکس؛ مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری مێتا، ترەمپیان رازی کردووە کە بڕیارەکە واژۆ نەکات.
 
بەڵام ئیلۆن مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمە راست نییە. هێشتا نازانم چی لەنێو رەشنووسی بڕیارەکەدا هەبووە، سەرۆک تەنیا دوای ئەوەی رەتیکردەوە واژۆی بکات، قسەی لەگەڵ من کرد."
 
کۆمپانیای مێتاش هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، زوکەربێرگ تەنیا دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە.
 
ترس لە مۆدێلی میتۆس
 
بۆ رەواندنەوەی ترسی کۆمپانیاکان لە دەستوەردانی حکومەت، لە رەشنووسەکەدا بە روونی نووسرابوو کە ئەم بڕیارە بەو واتایە نایەت کە کۆمپانیاکان ناچار بن مۆڵەت یان رەزامەندی لە حکومەت وەربگرن بۆ دروستکردنی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی  The Information و میدیاکانی دیکە، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا هەوڵیان داوە ئەو ماوەیەی حکومەت دەتوانێت پێش بڵاوکردنەوە سەیری بەرهەمەکان بکات، لە 90 رۆژەوە کەمبکرێتەوە بۆ تەنیا 14 رۆژ.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی ئامادەکردنی ئەو بڕیارەش، ترسی حکومەت بووە لە مۆدێلێکی نوێی کۆمپانیای ئەنترۆپیک بە ناوی میتۆس، کە کۆمپانیاکە خۆی رەتیکردووەتەوە بڵاوی بکاتەوە لە ترسی ئەوەی سەلامەت نەبێت.
 
هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەوڵەی رۆژی پێنجشەممە وایکرد حکومەتەکەی ترەمپ هیچ پلانێکی فەرمی نەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی سیستمە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد، کاتێکیش دیاری نەکراوە بۆ دانانی پلانێکی نوێ.
 
ترەمپ لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە کە جۆ بایدن بۆ چاودێریکردنی ژیریی دەستکرد دەریکردبوو.
 
بڕیارەکەی بایدن لە ساڵی 2023 دەرچوو، کە داوای لە کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد دەکرد ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی سەلامەتی لەگەڵ حکومەت بەشبکەن، بەڵام ئەمەش زیاتر ئارەزوومەندانە بوو و زۆر کەمتر بوو لەو ئاستەی کە شارەزایان داوایان دەکرد.
 
لە بەرامبەردا یاسای ژیریی دەستکردی یەکێتیی ئەورووپا کە لە ساڵی 2024ـەوە جێبەجێ دەکرێت، رێسای تووندی داناوە بۆ ئەو سیستمانەی دەکرێ وەک ئامرازی مەترسی بەکاربهێندرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یانێز یانشای، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنیا. وێنە: JURE MAKOVEC / AFP

هاوپەیمانەکەی ترەمپ بە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنیا هەڵبژێردرایەوە

پەرلەمانی سلۆڤێنیا ئەمڕۆ هەینی دەنگی دا بە گەڕانەوەی یانێز یانشای نەتەوەپەرست بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؛ هەنگاوێک کە رەنگە ئەو وڵاتە ئەندامەی یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتەکانی برۆکسل دووربخاتەوە