لەدوای سوێد.. سویسراش داوای سیخوڕی لە كورد دەكات

22-08-2013
زەکی ئۆزمەن
A+ A-

داواكاری و گوشارخستنە سەر كورد بۆ سیخوڕیكردن ئەمجارەیان لە سویسرا بووە جێی باسێكی گەرم و بەهۆی رەخنەگرتن لە دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، یەكێك لەو كوردانەی كە تاوەكو ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی ئەنسارولئیسلام دادگا سێ جار دۆسیەی بۆ كردووەتەوە، دەڵێت “زۆرجار بۆ ئەوەی ببمە سیخوڕ زۆریان لێكردووم”.

سەردانی كوردێك بە ناوی (ك.ت) بۆ نەرویج سەردانێكی ئاسایی نەبوو، ئەو لە باشووری كوردستانیش لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری سویسرا بووە. (ك.ت) دیدارێكی لەگەڵ مەلا كرێكار، ئەمیری رێكخراوی ئەنساولئیسلام ئەنجام دابوو، ئەو كوردە ئەوكات قوتابی زانكۆ بوو، لەگەڵ خێزان و دوو منداڵەكەی لە بازل دەژیا. دوای ئەوەی سەردانی مەلا كرێكاری كرد، لە دانپێدانانێكدا گوتی كە بۆ خواستنی كچە خزمێكی مەلا كرێكار بۆ هاوڕێیەكی خۆی سەردانی ناوبراوی كردووە.

(ك.ت) لە خۆی و پارێزەرەكانی قەدەغە كرابوو لەبارەی دۆسییەكەیەوە قسە لەگەڵ كەس بكەن، بەڵام دوای پێكهێنانی كۆمیسیۆنێك بۆ لێكۆڵینەوە لەلایەن پەرلەمانی سویسرا، ئەوە ئاشكرا بوو كە دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی سویسری DAP داوایان لێكردووە بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی (ك.ت) هەیەتی، كاریان لەگەڵ بكات.

داواكاری بۆ سیخوڕیكردن لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپا لە كوردانی تاراوگەنشین شتێكی تازە نییە، مانگی رابردووش دەزگای پۆلیسی هەواڵگری سوێدی (Säpo) بووە رۆژەڤی كەناڵەكانی راگەیاندنی ئەو وڵاتە، دوای ئەوەی ئاشكرا بوو دەزگای ناوبراو فشاری هێناوە بۆ سەر دوو چالاكوانی كوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بەناوەكانی ئارام و مەتین، تا كاریان لەگەڵ بكەن، بەڵام دوای ئەوەی رازی نەبوون كاریان لەگەڵ بكەن و زانیارییان بدەنێ، ژیانیان زەحمەت كراوە و خراونەتە ژێر چاودێری.


بە بیانووی پشكنینی ناسنامەكەی دەستگیریان كرد

(ك.ت) لە 4ی ئەیلولی 2007 لە شاری بێرن دەیویست شەمەندەفەرەكەی خۆی بگۆڕێ، چونكە ماڵەكەی لە بازل بوو، لەوێوە بە شەمەندەفەر دەهات و دەبوو لە شاری بێرنیشەوە شەمەندەفەرەكەی بگۆڕێت و بەرەو زانكۆی شاری فرێیبۆرگ بكەوێتە رێ كە لەوێ بەشی رۆژنامەوانیی دەخوێند. ئەوكاتە (ك.ت) تەمەنی 29 ساڵ بوو، 10 ساڵیش بوو وەك پەنابەر لە سویسرا دەژیا، بەڵام ئەمجارەیان ئەزموونێكی خوێندنی زانكۆیی هەبوو، هەرگیز چاوەڕێی ئەو چیڕۆكەی ژیانی خۆیشی نەدەكرد بەساڵان سەرقاڵی بكات.

ئەو كاتەی (ك.ت) ویستوویەتی شەمەندەفەرەكەی بگۆڕێت، دوو پۆلیس لێی نزیك دەبنەوە و داوای ناسنامەكەی لێدەكەن، پۆلیسەكان پێیدەڵێن كە سیستمی كۆمپیوتەری پشكنینی ناسنامە كار ناكات، لەبەر ئەوە پێویستە لەگەڵ ئەواندا بچێت، پاشان لە بنكەی پۆلیس، كە لەنێو وێستگەی شەمەندەفەرەكەدا بوو ئەویان خستە ژوورێكی بچووكەوە، لەو ژوورەشەوە بردیانە ژووری وەرگرتنی ئیفادە، لەو ژوورەدا تەنیا مێزێك، كورسییەك و تەلەفۆنێكی لێبوو، دوو كەس هاتنە ژوورەوە و داوایان لێكرد زانیارییان لەبارەی مەلا كرێكار و دارودەستەكەی پێبدات، ئەم داواكارییەی ئەوان بە رێكەوت نەبوو، چونكە ئەو بەر لە چەند مانگێك سەردانی مەلا كرێكاری كردبوو لە نەرویج.

ئەو دوو سیخوڕەی خۆیان وەك كارمەندی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی سویسرا بە (ك.ت) ناساند، چەند پرسیارێكیان لێكرد، لەوانە: بۆچی لە بەشی رۆژنامەگەری دەخوێنیت؟ تا چەند ئاگاداری رەوشی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانی؟ دوای ئاڕاستەكردنی چەند پرسیارێك، داوایان لێكرد وەكو سیخوڕ لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی سویسری كار بكات، بەڵام ئەو پەسەندی نەكرد.

دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی سویسری DAP لەساڵی 2010 لەگەڵ رێكخستنی سویسری بۆ كاروباری سیخوڕی دەرەكی SND یەكیان گرت و لەژێر ناوی دامەزراوەی زانیاری فیدراڵی NDB یەكخران.

بەپێی ئەو ئیفادەیەی كە (ك.ت) لە مایسی 2008 داویەتییە لیژنەی چاودێریكردنی ئاسایشی وڵات، كە لە پەرلەمانی سویسرا پێكهاتووە، “ئەو دوو پۆلیسەی كە یەكێكیان خۆی بەناوی “جۆن” بە (ك.ت) ناساندووە دوو جاری دیكە لە وێستگەی شەمەندەفەری بێرن پێشی پێگرتووە، جۆن هەمیشە خۆی وەك پۆلیسێكی نیازباش پێناساندووە و دانوستاندنی لەگەڵ كردووە، بەڵام سیخوڕەكەی دیكە رۆڵێكی خراپی نواندووە لە بەرامبەریدا”.

سیخوڕی نەكرد و خستیانە زیندان

لە هەمان ئیفادەدا (ك.ت) ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەو دوو سیخوڕە داوایان لێكردووە ئەگەر كاری سیخوڕییان بۆ نەكات، ئەوا زیندانی دەكەن و رێگە نادەن خێزانەكەی ببینێت و سنوورداشی دەكەنەوە. دواتریش هەروا دەرچوو، زیندانی كرا، بەڵام سنوورداش نەكرایەوە.

دوای ئەو هەڕەشانە، (ك.ت) لە 11ی تشرینی دووەمی 2008 دەستگیركرا و 13 مانگ لە زینداندا مایەوە. بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی Tages Anzeiger ی سویسری “ئەو داوایەی كە ئاڕاستەی (ك.ت) كراوە لەڕووی یاساییەوە رەوا نییە و ئێستا بووەتە كێشە بۆ دامەزراوەی زانیاری فیدراڵی”.
پەیوەندی لەگەڵ ئەنسارولئیسلام

لەبەر ئەوەی ئەوكاتەی داوای لێدەكرا ببێتە سیخوڕ، هاوكات داواكاری گشتی سویسرا سەرقاڵی لێكۆڵینەوە بوو لەبارەی پەیوەندییەكانی ئەو لەگەڵ ئەنسارولئیسلام و پەڕاوی تایبەتی بۆ كردەوە. (ك.ت) بە دروستكردن و سەرپەرشتیكردنی “رێكخراوێكی نوێی تیرۆریستی و نهێنی” تۆمەتبار كرابوو، بەڵام داواكاری گشتی فیدراڵی سویسری نەیتوانیبوو ئەو تۆمەتانەی دابوونییە پاڵ (ك.ت) پشتڕاست بكاتەوە، دادگا دووجار پەڕاوی ناوبراوی ناردبووەوە بۆ داواكاری گشتی، بۆئەوەی كاری زیاتری لەسەر بكات. بەڵام داواكاری گشتی تاوەكو ئێستا لەهەوڵی ئەوەدایە بیسەلمێنی (ك.ت) و برایەكەی كە 10 ساڵ لەخۆی بچووكترە لەرێگەی “ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت، ئەوانەی لایەنگیری سەلەفی- جیهادییەكانن” هەوڵدەدەن كەسانی توندڕەو لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە.

ماركس شیفەر، پڕۆفیسۆری یاسا لە زانكۆی بازل لەبارەی هەوڵدانی سیخوڕەكان ئاماژە بەوە دەكات “لە رووی یاساییەوە رێكخستنەكانی سیخوڕی ناتوانن هەڕەشە لە كەسێك بكەن، یاخود بە زۆر هەوڵ بدەن سیخوڕی تازە بۆ خۆیان پەیدا بكەن”.

فلیكس ئەندرێش، گوتەبێژی دامەزراوەی زانیاری فیدڕاڵی NDB لە وەڵامی رۆژنامەی Tages Anzeiger ئاماژەی بەوە كردووە “ئیفادەكانی (ك.ت) لە راستییەوە دوورن و رێكخستنەكانی دامەزراوەی زانیاری فیدڕاڵی هەڕەشە و زۆری لە هیچ كەسێك ناكات بۆ ئەوەی هاوكاری سیخوڕی بكات”.

تۆمارە دەنگییەكان قسەكانی (ك.ت) پشتڕاست دەكەنەوە

تۆمارێكی دەنگیی هەیە كە سیخوڕەكان بۆ جاری چوارەم رێگایان لە (ك.ت) گرتووە. لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری 2007 هەمان دوو سیخوڕەكە لەهەمان وێستگە پێشیان بە (ك.ت) گرتووە، لە تۆمارە دەنگییەكەدا بە روونی دەردەكەوێ كە هەردوو سیخوڕەكە بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ (ك.ت) دەمێننەوە و داوای لێدەكەن داوای هاوكاریكردنی سیخوڕی ئەوان پەسند بكات. پاشان جۆن ژمارە تەلەفۆنێكی پێدەدات و پێیدەڵێ “هەر كات ویستت دەتوانی تەلەفۆنم بۆ بكەی”. 

بەو هۆیەوە (ك.ت) سەردانی پارێزەرێك دەكات، پارێزەرەكە تەلەفۆن بۆ ئەو ژمارەیە دەكات كە جۆن دابوویە (ك.ت) و داوا لە جۆن دەكات كە ئەوان بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشتی (ك.ت) بكەن، دوای ئەو تەلەفۆنە ئەو دوو سیخوڕە بێدەنگ دەبن، هەروەها مانگ و نیوێك دوای پێدانی ئەو ژمارە تەلەفۆنە لەلایەن جۆنەوە بە (ك.ت)، داواكاری گشتی دۆسییەیەكی لەدژی (ك.ت) كردەوە، دوای ئەوەش لە 11ی تشرینی دووەمی 2008 پۆلیس هەڵیانكوتایە سەر ماڵی (ك.ت) لە بازل و دەستبەسەریان كرد.

بەگوتەی پارێزەرەكەی (ك.ت) و كاترین ڤیبەر، بەڕێوەبەری ئەوكاتی مافناسە دیموكراتەكانی سویسرا “ئەگەر (ك.ت) داواكاری هاوكاریكردنی سیخوڕی پەسند كردبایە، دۆسیەی لە دژ نەدەكرایەوە و دەستگیر نەدەكرا”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە