بەرپرسێکی وەزارەتی راگەیاندنی ئەفغانستان بۆ رووداو: ئەو کتێبانە قەدەخەکراون کە نووسەرەکانیان ئێرانین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە وەزارەتی راگەیاندن رۆشنبیریی ئەفغانستان، دەنگۆی قەدەخەکردنی ئەو کتێبانەی لەلایەن ژنانەوە نووسراون رەت دەکاتەوە و دەڵێت: تەنیا ئەو کتێبانە قەدەخەکراون کە هانی تووندوتیژی دەدەن و دژی ئیسلامن.
بی بی سی لە زاری بەرپرسێکی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە، بە زانکۆکان گوتراوە کە چی دیکە رێگەیان پێنادرێت 18 بابەتی زانکۆ بڵێنەوە، چونکە "لەگەڵ بنەماکانی شەریعەت و سیاسەتی سیستم ناگونجێن". شەش لە 18 بابەتی قەدەخەکراو بەتایبەتی لەسەر ژنانن، لەوانەش: جێندەر و گەشەپێدان، رۆڵی ژنان لە پەیوەندیکردن و کۆمەڵناسیی ژنان.
رەیحان ئەفغانی: کتێبی نووسەرە ئێرانییەکان قەدەخە کراون
نزیکەی 140 کتێب کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون، لەوانەش کتێبێک بە ناونیشانی "سەلامەتی لە تاقیگەی کیمیاییدا"، لەنێو ئەو 680 کتێبەدان کە تاڵیبان لە زانکۆکان لایبردوون بە بیانووی، "دژایەتی شەریعەت و سیاسەتەکانی تاڵیبان".
بەڵام عەبدولڕەحمان رەیحان ئەفغانی، کە چالاکڤانە و لە وەزارەتی راگەیاندنی حکومەتی تاڵیبان پۆستی هەیە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "دەنگۆی لادانی ئەو بابەتانەی کە ژن نووسیونی، راست نییە. تەنیا ئەو بابەتانە لادراون کە نووسەرەکانیان ئێرانین و هانی ئاژاوە و تووندوتیژیی دەدەن و پێچەوانەی مەزهەبی حەنەفین."
رەیحان ئەفغانی: کتێبی باش قەدەخە نەکراوە ئەگەر نووسەرەکەی کافریش بێت
عەبدولڕەحمان رەیحان ئەفغانی، لەبارەی قەدەخەکردنی ژمارەیەک کتێبەوە زیاتر گوتی، کتێبی نووسەرە ئێرانییەکان، نەک لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەڵکو لە کتێبخانە حکومییەکان و بازاڕیش قەدەخەکراون.
رەیحان ئەفغانی دەڵێت: "هەر کتێبێک لە ئیسلام کۆک بێت و باسی باشە بکات، تەنانەت ئەگەر نووسەرەکەشی کافر بێت، جا ئێرانی بێت یان خەڵکی وڵاتی دیکە لە ئەفغانستان رێپێدراوە."
نووسەرێکی ژنی ئەفغان: بە لادانی کتێبەکەم لە مەنهەجی خوێندن تووشی سەرسوڕمان نەبووم
زاکیا عادلی، جێگری پێشووی وەزیری داد پێش گەڕانەوەی تاڵیبان و یەکێک لەو نووسەرانەی کتێبەکانی لە لیستی قەدەخەکراواندا بوون، دەڵێت، بەو بڕیارە تووشی سەرسوڕمان نەبووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاڵیبان لە چوار ساڵی رابردوودا کردوویەتی، چاوەڕوانکراو بوو گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندندا بسەپێنن."
زیائەرحمان ئەریووبی، جێگری بەڕێوەبەری ئەکادیمی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی تاڵیبان، لە نامەیەکدا بۆ زانکۆکان رایگەیاندووە، بڕیارەکان لەلایەن لیژنەیەک لە "زانایانی ئایینی و شارەزایان" دراون.
بڕیارەکە هەندێک مامۆستای نیگەران کردووە و پرۆفیسۆرێک لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەفغانستان لەبارەی بڕیارەکەوە بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، "لابردنیان بۆشاییەکی بەرچاو لە خوێندنی باڵادا دروست دەکات."
بنکەی ئاسمانی باگرام و مشتومڕێکی نوێی نێوان تاڵیبان و ئیدارەی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە 20ی ئەیلوول هەڕەشەی لە ئەفغانستان کرد بەوەی بنکە ئاسمانییەکەیان رادەست بکاتەوە، ئەگەرنا "شتی خراپ روودەدات."
بەڵام فەسیحودین فیترەت، فەرماندەی سوپای ئەفغانستان رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەو جۆرە بۆ گەڕاندنەوەی باگرام بۆ ژێر دەستی ئەمریکییەکان، "ئەستەمە."
فەرماندەکە دەڵێت، "بەم دواییانە هەندێک کەس گوتوویانە لەگەڵ ئەفغانستان دەستیان بە دانوستاندن کردووە بۆ ئەوەی بنکەی ئاسمانیی باگرام بگرنەوە دەست."
فیترەت بە پێداگرییەوە دەڵێت، "رێککەوتن لەسەر تەنانەت یەک بستی خاکی ئەفغانستان ناکرێت و ئەستەمە. پێویستیشمان پێی نییە."
دوای ئەوەش، حکومەتی ئەفغانستان هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئەفغانستان لەو پەڕی گرنگیدان."
رەیحان ئەفغانی: هیچ چەکێکی قورس لە بنکەکە نەماوە
عەبدولڕەحمان رەیحان ئەفغانی لەبارەی ئەو بنکە سەربازیی ئاسمانییەوە دەڵێت، هیچ چەکێکی قورس و کەرەستەیەکی سەربازی لە بنکەکەدا نەماوە، هەموویان گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی بنکەکە.