پۆلیسی ئیتاڵیا تەرمی 7 کۆچبەری دیکەی دۆزییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتالیا رایانگەیاند، تەرمی 7 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، بەلەمێک لەرێگەی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئەورووپا ژێرئاو کەوت. رووداوەکە لە نزیک دوورگەی لامپیدوسا لە باشووری دەریای نێوەڕاست روویدا، کە بە یەکێک لە رێڕەوە سەرەکییەکانی کۆچبەران دادەنرێت بۆ گەیشتن بە یەکێتیی ئەورووپا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی کەناراوەکان، کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بەلەمەکە نزیکەی 30 سەرنشینی هەڵگرتبوو، کاتێک لە شەوی 16 لەسەر 17ـی تشرینی یەکەم لە دووری نزیکەی 80 کیلۆمەتر (50 میل) لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەکە ژێرئاوکەوت.
 
لە سەرەتای رووداوەکەدا، تیمەکانی فریاگوزاری توانییان 11 کەس رزگار بکەن، بەڵام چارەنووسی نزیکەی 19 سەرنشینی دیکە بۆ چەند رۆژێک نادیار مایەوە.
 
دوای چەندین رۆژ لە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی گەڕان و رزگارکردن، پۆلیسی کەناراوەکان ئەمڕۆ پشتڕاستیانکردەوە، کە توانیویانە تەرمی "پیاوێک، پێنج ژن و منداڵێک" بدۆزنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیادا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکانی دۆزینەوەی تەرمەکان بۆ چەندین رۆژ درێژەیان کێشا بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی کە بەهۆی کەشوهەوای نالەبار دروستبوون، کە چەندین جار بووە هۆی راگرتنی چالاکییەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی کارمەندانی ئۆپەراسیۆنەکە."
 
رێکخراوی خێرخوازیی رزگارکردنی کۆچبەران (ئەلێرم فۆن)، رایگەیاند کە پێشتر دەسەڵاتدارانی ئیتالیا و ماڵتایان لە دۆخی مەترسیداری بەلەمەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هەردوو وڵاتی بەوە تۆمەتبار کرد، کە بە ئەنقەست وەڵامدانەوەی فریاگوزارییان دواخستووە.
 
رێکخراوەکە، رۆژی هەینی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، "ئەوان شکستیان هێنا لە کارکردن... ناتوانین تووڕەیی خۆمان دەرببڕین بەرامبەر ئەوەی جارێکی دیکە بە ئەنقەست گرووپێک بەجێهێڵدران تاوەکو بمرن."
 
دوورگەی لامپیدوسا، کە تەنیا 145 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی توونسەوە دوورە، بەهۆی نزیکییەوە لە ئەفریقا، زۆرجار وەکو یەکەم وێستگەی ئەو کۆچبەرانە دادەنرێت، کە بە بەلەمی بچووک و پڕ لە سەرنشین هەوڵدەدەن بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێڕەوەکانی دەریایی جیهاندا بگەنە ئەورووپا.
 
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی کۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.