لە هۆڵەندا هەڵبژاردنە و ژنە کوردێک بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانێتی پێکهێنەری کابینەکەی مارک رووتە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا شکستی هێنا، ئەوەش بەهۆی جیاوازی لە بۆچوونی پارتەکان لەبارەی کۆچبەرییەوە. وەک ئەنجامی ئەوە، مارک رووتە بڕیاریدا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەربژێر نەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، لە هۆڵەندا هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.
 
بابەتە سەرەکییەکان چین؟
 
پارتە سەرەکییەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرنجی سەرەکییان لەسەر سێ بابەت بوو: کۆچبەریی، ستانداردی ژیان و دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
نزیکەی دوو دەیەیە کۆچبەریی یەکێکە لە پرسە گەرمەکانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە. سنووردارکردنی وەرگرتنی پەناخوازان و کەمکردنەوەی دەستی کاری دەرەکی لە بابەتە سەرەکییەکانی بانگەشەکانی ئەم هەڵبژاردنە بوون.
 
رێژەی بێکاری لە هۆڵەندا نزمە و لە خوار 4%ـە. هەربۆیە ئەو مژارانەی کە سەرنجییان لەسەر بوو بریتی بوون لە کەمیی خانوو، نەبوونی سیستمی زۆر باشی تەندروستی، قووڵبوونەوەی جیاوازی لەنێوان دەوڵەمەند و هەژاران.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران دەڵێن، دەبێت وەبەرهێنان لە وزەی خاوێن و نوێبووەوەدا بکرێت؛ هەروەها دەبێت کۆتایی بەو یارمەتییە داراییە بهێندرێت کە سوود بە کۆمپانیاکانی بواری وزەی نەریتی دەگەیێنن. 
 
ئەنجامی هەڵبژاردن چۆن دەبێت؟
 
پەرلەمانی هۆڵەندا لە 150 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پاڵپشتی 76 پەرلەمانتارە.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسیی دەسەڵاتدار 27 کورسی بەدەستبهێنێت و بە جیاوازییەکی کەم لەپێش هاوپەیمانیی سەوزەکان و پارتی کرێکارانی هۆڵەندا دێت کە پێشبینی دەکرێت 26 کورسی بەدەستبهێنێت.
 
هەروەها راپرسییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی دەنگی پارتی ئازادی هۆڵەندی راستڕۆ دەکەن کە پارتێکی دژە کۆچبەرە و چاوەڕوان دەکرێت 26 کورسی بەدەستبهێنێت؛ هەروەها پارتێکی نوێی نێو سیاسەتی هۆڵەندا کە بە پارتی گرێبەستی سۆشیاڵی نوێ ناسراوە و بانگەشەی چاکسازی لە سیستمی سیاسی هۆڵەندا و سنووردارکردنی وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران دەکات، پێشبینی دەکرێت 21 کورسی بەدەستبهێنێت.
 
چوار کەس بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی مارک رووتە وەک سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بگرنەوە.
 
دیلان یەشیلگۆز، بەربژێری پارتەکەی مارک رووتەیە و بە بنەچە کوردە، دەکرێت ببێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەوروپییەدا.
 
فرانز تیمەرمانز کە پێشتر بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەربژێری پارتەکانی کار و چەپە سەوزەکانە.
 
پیتەر ئۆمتزیخت، سەرۆکی پارتی "گرێبەستی سۆشیاڵی نوێیە" و دەڵێت، ئامانجییەتی چاکسازی لە سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بکات.
 
خیرت ویڵدەرز، سیاسەتمەدارێکی ناسراوی دژە کۆچبەرییە، بەڵام بەم دواییانە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی پارتەکەیدا کرد و ئێستا هەڵوێست و زمانێکی نەرمتریش بەکاردەهێنێت. 
 

 

 

دوای هەڵبژاردن چی روودەدات؟
 
کاژێر 9ی شەو بە کاتی ئەمستەردام، واتە 11 بە کاتی هەولێر سندووقەکانی دەنگدان دادەخرێن و دوای ئەوە میدیای ئەو وڵاتە ئەنجامە بەراییەکان بڵاو دەکاتەوە.
 
دواتر، بەرپرسانی پارتە بەشدارەکانی هەڵبژاردن گوتار و گوتەیان دەبێت لەبارەی ئەنجامەکە، بەڵام جیاکردنەوەی دەنگەکان رۆژی 23ی مانگ کۆتایی دێت.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن. ئەو پارتەی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە وەک یەکەمین پارتی دانوستاندنکار بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.
 
زۆرجار دانوستاندنەکان چەند مانگێک دەخایەنن، بە هۆکاری ئەوەی پارتەکان دەیانەوێت زۆرترین داواکارییان لە کارنامەی حکومەتدا جێبەجێ بکرێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 5-12-2023 پەرلەمانی ئێستا کۆبێتەوە و رۆژی 6-12-2023ش پەرلەمانی نوێ کۆبێتەوە.
 
مارک رووتە و کابینەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو حکومەتی نوێ دەستبەکاردەبێت.