ئەمریكا دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا نانێت

23-02-2014
زوبێر هەورامی
نیشانەکردن ئەمریکا ئەرمەن
A+ A-
رووداو - واشنتن

دوای تێپەڕینی نزیكەی یەك سەدە بەسەر كۆمەڵكوژی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لەسەر دەستی توركە عوسمانییەكان، ئەمریكا هێشتا بە فەرمی بە جینۆسایدی نازانێ.

سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی 2008 بەڵێنی دا كە ئەو تراژیدیایەی بەسەر ئەرمەنەكاندا هاتووە وەكو "جینۆساید" بناسێت، بەڵام لە كاتی سەرۆكایەتیەكەیدا هێشتا وشەی جینۆسایدی بەكارنەهێناوە بۆ ئاماژەدان بە رووداوەكە.

كۆمیتەی نەتەوەیی ئەرمەنی لە ئەمریكا-رۆژئاوا (ANCA-WR) لە رێگەی یاسای راستی و دادوەری بۆ جینۆسایدی ئەرمەنەكان، كە لەلایەن گروپێكی كۆنگرێسمانی سەر بە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات تێپەڕێندرابوو، هەوڵدەدات كە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان وەكو جینۆساید دانی پێدا بنرێت.

بەپێی ئەو یاسایەی كە كۆنگرێسمانەكان تێیان پەڕاندووە، ئیدارەی ئۆباما پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا بنێت وەكو پێش مەرجێك بۆ ئەوەی كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەرمینیا ئاسایی ببنەوە.

ئەلێن ئاسترایان، سەرۆكی ANCA-WR دەڵێت "ئەمە رێگەیەكی نوێیە بۆ كاركردن لەسەر ئەو بابەتە كۆنە". ئەو بە رۆژنامەی ئەرمەنپرێسی راگەیاند "دەبێت ئیدارەی ئۆباما دان بە جینۆسایدەكەدا بنێت. بەبێ دان پێدانانێكی ئاشكراو دادپەروەرانە بە كۆمەڵكوژی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی ئاشتی درێژخایەن لە نێوان تورك و ئەرمەن ئەستەمە".

گرێگۆری ئافتاندیلیان، لێكۆڵەر لە سەنتەری سیاسەتی ناوخۆیی لە واشینگتۆن دەڵێت ئەمریكا دەترسێت هەنگاوێكی لەو جۆرە كار لە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بكات، چونكە توركیا بە ئاشكرا رایگەیاندووە هەنگاوی لەو جۆرە كار دەكاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوولا.

ئافتادیلیان بە (رووداو)ی راگەیاند "هەر كاتێك باسی ئەو مەسەلە دێتە كۆنگرێسی ئەمریكا، حكومەتی توركیا فشار دەخاتە سەر كاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و ئەوانیش لۆبیەكی بەهێز دەكەن بۆ ئەوەی حكومەتی ئەمریكا دژی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنیەكان بوەستێتەوە".

ئەو دەڵێت بازرگانەكان، لۆبیستەكان و كاربەدەستانی پێشوو وەكو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری دژی ناساندنی جینۆسایدەكە دەوەستنەوە "ئەوان كارێكی قێزەون دەكەن"
ئافتادیلیان دەڵێت ئەرشیڤی نەتەوەیی ئەمریكا لە واشنتن دی سی برێكی زۆر بەڵگەی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەكان كۆكردووەتەوە و دیپلۆماتكارانی ئەوكاتەی كە بەڵگەكان كۆكراونەتەوە رووداوەكەیان بە "پاكتاوی رەگەزی" ناوبردووە، چونكە ئەوكات وشەی جینۆساید هێشتا دانەهێنرابوو.

كۆمیتەی نەتەوەیی ئەرمەنی لە ئەمریكا و كۆمەڵەی ئەرمەنی لە ئەمریكا دوو رێكخراوی لۆبی ئەرمەنین كە لۆبی لە كۆنگرێسی ئەمریكا و ولایەتەكانی ئەمریكا دەكەن تا جینۆسایدی ئەرمەنەكان بناسێنرێت. هەوڵەكانیان وایكردووە كە 42 ولایەتی ئەمریكی دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا بنێن. 

ئافتادیلیان دەڵێت "ئەگەر توركیا زیرەك بوایە دەیگوت ئەم تاوانە لەلایەن عوسمانیەكانەوە ئەنجامدراوە، نەك توركیای مۆدێرن و خۆی بەو شێوەیە رزگار دەكرد، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەوان كێشەیەكی دەروونی گەورەیە. ئەوان نایەنەوێت دان بەوەدا بنێن كە باو و باپیرانیان كردەوەیەكی لەو جۆرەیان ئەنجامداوە." 

ئەو دەڵێت كە لەگەڵ زۆر لە ئەڵمانەكاندا باسی لەو بابەتە كردووە، ئەڵمانەكان تێناگەن بۆچی تورك نكۆڵی لە تاوانەكە دەكەن. ئەوان (ئەڵمانەكان) دانیان بە هۆلۆكۆست دا ناو ئێستا وەكو كۆمەڵگە ئەو رووداوەیان كردووەتە بەشێك لە مێژوو. 

باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر توركیا دان بە تاوانەكەدا بنێت ئەوە دەبێت قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە. بەڵام ئافتادیلیان دەڵێت "زۆربەی ئەرمەنەكان چاوەڕێی قەرەبوو نین، ئەوان بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن كە دان بەو تاوانەدا بنرێت".

د.پیتەر باڵەكیان، شارەزای جینۆسایدی ئەرمەنەكان و مامۆستا لە زانكۆی كۆلگەیت لە نیۆرك دەڵێت دان پێدانانی وڵاتە بیانیەكان ئەو راستیە ناگۆڕێت كە جینۆسایدەكە روویداوە "ئەم بابەتە لەلایەن تۆماری مێژوویی و هەڵسەنگاندنی بێلایەنەی زاناكانی بواری جینۆسایدەوە پشتڕاستكراوەتەوە. تەنانەت ئەو پیاوەی كە وشەی جینۆسایدی داهێنا، رافائێل لێمكن، بابەتی جینۆسایدی ئەرمەنیەكان یەكلایی كراوەتەوە" باڵەكیان بە (رووداو)ی گوت.

بەبۆچوونی ئەو كاتێك كە وڵاتانی دیكە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا دەنێن ئەوە تۆمارە مێژووییەكان پشت راست دەكەنەوە و نارەزایی بەرامبەر نكۆڵیكردنی حكومەتی توركیا نیشان دەدەن. 

باڵەكیان دەڵێت بە نكۆڵیكردن، توركیا لە راستیدا حەساسیەتی زیاتری دەربارەی جینۆسایدەكە دروست كردووە "تێپەڕاندنی یاسای دانپێدانانی جینۆسایدەكە لە وڵاتانی جیهاندا وەڵامێكە بۆ حكومەتی توركیا كە دەچێت لەم ولات و لەو وڵات هەوڵدەدات لە گرنگی ئەو رووداوە مێژووییە كەم بكاتەوە و راستیە مێژوویەكان بشێوێنێت". باڵەكیان هەروەها دەڵێت "ئەگەر ئەم كردەوانەی توركیا نەبووایە، ئێستا پێویستی بەتێپەڕاندنی یاسای ناساندنەوەی جینۆساید نەدەبوو".

دەربارەی دوودڵی ئەمریكا لە دان پێدانانی جینۆسایدەكە، باڵەكیان دەڵێت "من پێموانییە كە ئەندام كۆنگرێسەكانی ئەمریكا و سەرۆكەكانی ئەمریكا نكۆڵی لە راستی و لایەنی ئیتیكی جینۆسایدی ئەرمەنەكان بكەن".

بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دانپێدانانی جینۆسایدەكە ئەوە ناهێنێت كە توركیای لەسەر تووڕە بكرێت، بەتایبەتی لەبەرئەوەی كە توركیا هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام باڵەكیان دەڵێت "وەزارەتی دەرەوە دەتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگێك تەحەمولی ناڕەزایەتی توركیا بكات، هەروەكو چۆن فەڕەنسا، یۆنان و پۆڵەندا كردیان".

باڵەكیان كە نووسەر و هۆزانڤانیشە دەڵێت هەندێك وڵاتی دیكەش هەمان كێشەی وەكو ئەوەی توركیایان هەبووە دەبارەی رابردوویان، توركیا بە تەنیا نییە لەم رووەوە "بەڵام كە وڵاتان گەورە دەبن و دیموكراتیەكەیان گەشە دەكات، واز لە درۆكردن دەهێنن، توركیاش دەتوانێت وا بكات." 
باڵەكیان پێیوایە كە دانپێدانانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان سوودی بۆ توركیاش دەبێت و لە ئەرمەنەكانی نزیك دەكاتەوە "هەنگاوێكی گەورە دەبێت بۆ توركیا بۆ ئەوەی كە رووبەڕووی رابردووی خۆی ببێتەوە. كەسایەتی توركیاش لە جیهاندا بەرز دەكاتەوە".

د.گرێگۆری ستانتن، سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید و نووسەری كتێبی هەشت هەنگاوی جینۆساید دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و سەرۆكە یەك لە دوای یەكەكانی پێیانوایە كە بوونی پەیوەندی لەگەڵ توركیا لە گوتنی راستیەكان دەربارەی جینۆسایدی ئەرمەنەكان گرنگترە.

ستانتن دەڵێت "كۆسپی هەرە گەورە لە كاتی جەنگی سارددا ئەوەبوو كە ئەمریكا پێویستی بە توركیا بوو وەكو هاوپەیمانێك دژی رووسیا، بەڵام ئەمڕۆ توركیا هاوپەیمانێكی گرنگە دژی تیرۆریستە عەرەبەكانی عێراق، سووریا و یەمەن".

هۆكارێكی دیكە بە وتەی ستانتن ئەوەیە كە توركیا ئەندامی ناتۆیە و یەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ئینجەرلیكە لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، كە بنكەیەكی گرنگە بۆ پشتگیری سەربازە ئەمریكیەكان لە عێراق و ئەفغانستان.

"گروپە لۆبیە سەرەكییەكانی پشت نكۆڵی كردن لە جینۆسایدی ئەرمەنەكانەوە ئەو گروپانەن كە راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی توركیاوە پارەیان بۆ دابین دەكرێت. ئەوان پارێزەری گرانبەهای واشنتن و لۆبیستی گرانبەها دەستنیشان دەكەن بۆ ئەوەی دژی دان پێدانانی راستییەكانی جینۆسایدەكە بوەستنەوە".

ستانتن دەڵێت لە ئەمریكا هاوڵاتی بە رەگەز ئەرمەنی زۆرترە وەكو لە هاوڵاتی بە رەگەز تورك لەبەرئەوە "سەیرە ئەمریكا توركیا بەسەر ئەرمینیادا هەڵدەبژێرێت" بەڵام "سیاسەتی دەرەكی ئەمریكا لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێكارییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، لەبەرئەوە هەرچەندە هەندێك لە ئەندام كۆنگرێسەكان پشتگیری لە ئەرمینیا دەكەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوە تا ئێستا توانیویەتی هەموو یاسایەك لەو رووەوە كپ بكاتەوە پێش ئەوەی هەر بگاتە كۆنگرێس".

ئەو هەروەها دەلێت كە كۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید تا ئێستا چەندین جار بە كۆی دەنگ جینۆسایدی ئەرمەنەكانیان وەكو جینۆساید ناساندووە و رایانگەیاندووە ئەو رووداوە ئەمڕۆ بەپێی یاسای جینۆساید وەكو جینۆساید پێناسە دەكرێت.

ستانتن دەڵێت "بە وتەی مێژوونووسی تورك تانەر ئاكجام، كە لە هەموو كەس باشتر لە هۆكارەكانی نكۆڵیكردنی توركیا تێدەگات، دەڵێت باوكی دەوڵەتی مۆدێرنی توركی، كەمال ئەتاتورك، بۆ خۆی دەستی هەبووە لە سیاسەتی نكۆڵی كردن لە كۆمەڵكوژییەكە و ئەتاتورك ئەو ئەفسانەیەی دروست كرد، كە هەركەس لە توركیادا بێت بە رەگەز توركە."

بە وتەی ستانتن، "ئاكجام دەڵێت نكۆڵیكردنی جینۆسایدی ئەرمەنەكان بەشێكە لە هەوڵی پرۆژەی دروستكردنی نەتەوەی تورك." 

ئەمریكاش بۆ چەندین ساڵ نكۆڵی لەو جینۆسایدە دەكرد كە هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەمریكا لە دژی هیندە سوورەكان ئەنجامیان دا، بە تایبەتی لە سەردەمی سەرۆك ئاندرو جاكسن. 

ستانتن دەڵێت "بەڵام ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی كە دان بەم تاوانە دژ مرۆڤایەتیەدا بنێین و دان بەوەدا دەنێین كە ئێمەی ئەمریكیش وەكو هەموو خەڵكانێكی دیكە تاوانمان ئەنجام داوە، بە جینۆسایدیشەوە".

ستانتن هیوادارە رۆژێك توركیا دان بەوەدا بنێت كە رژێمی توركە گەنجەكانی عوسمانیەكان جینۆسایدی ئەرمەنەكانیان كردووە و چەندین تاوانیشیان لە دژی كورد ئەنجام داوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە