یەکێتیی ئەوروپا گوشار لە عێراق دەکات هاووڵاتییە دیپۆرتکراوەکانی وەربگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەکانی رابردوو رووداو رێککەوتنێکی نهێنیی حکومەتەکانی بەرلین و بەغدای لەبارەی کۆچبەران ئاشکراکرد، ئێستا بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەستی بەرنامەی دیاسپۆرا کەوتووە، یەکێتیی ئەوروپا گوشارەکانی لەسەر عێراق زیاتر کردووە تاوەکو بە ئاسانی هاووڵاتییە دیپۆرتکراوەکانی وەربگرێتەوە.
 
یەکێک لە مژارەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا کە شەوی هەیینی، 23-02-2024، لە رووداو پەخشکرا، تایبەت بوو بە پرسی کۆچبەران لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا؛ بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، یەکێتییەکە گوشارکردن لە عێراق بە نموونەیەکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی بەرامبەر وڵاتانی دیکەش دووبارەی بکەنەوە.
 
سەرۆکایەتیی جڤاتی ئەوروپا دەڵێت، "کاتێک دێدلاین بۆ عێراق دانراوە تاوەکو کۆچبەران وەربگرێتەوە، ئەنجامی باشی لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئەوەش گوتراوە کە کاتێک ئەوروپییەکان وەکو یەک تیم گوشاریان خستووەتە سەر عێراق کاریگەرییەکەی باشتر بووە لەوەی هەر وڵاتێک لەلای خۆیەوە داوا بکات عێراق کۆچبەران وەرگرێتەوە."
 
بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەوروپا دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەکو، بەنگلادێش، سێنێگال و ئەسیوپیا هەمان ئەو گوشارانە دووبارە بکاتەوە.
 
پێشووتر دیاسپۆرا ئاشکرایکرد کە بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی هاوبەشی نێوان دوو میدیای دەوڵەت، بە ناوەکانی (ڤێ دێی ئێر WDR و ئێن دێی ئێر NDR) و رۆژنامەیەکی بەنێوبانگی ئەڵمانیا (بەناوی زوود دۆیچە تسایتونگ Süddeutsche Zeitung) کە رێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان هەردوو حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی عێراق کراوە بۆ ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقی دانیشتووی ئەڵمانیا.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە لە کۆی 26000 کۆچبەری عێراقی کە دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە، 164 کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە.
 
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە "تایبەتە بە هاریکاریی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی کۆچبەران. هەروەها عێراق زانیاریی بایۆمەتریی هاووڵاتییانی دەخاتە بەردەستی ئەڵمانیا بۆئەوەی دڵنیاببنەوە ئەو کۆچبەرەی خۆی بە ناوێک و بە خەڵکی ناوچەیەکی عێراق و بە ساڵێکی دیاریکراوی لەدایکبوونەوە ناساندووە، زانیارییەکانی راستن یان نا."
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەڵمانیا یەکەمین وڵات نییە حکومەتی عێراق سەبارەت بە کۆچبەران رێککەوتنی نهێنیی لەگەڵ دەکات. نەمسا و سوێدیش رێککەوتنی نهێنیی هاوشێوەیان لەگەڵکراوە. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ بنکۆڵکارە ئەڵمانییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە شەش مانگی رابردوودا عێراق زۆرتر لە جاران ئەو کۆچبەرانەی وەرگرتووەتەوە کە دیپۆرت دەکرێنەوە."