23-03-2020
23:56
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، 11 کەسی دیکە لە پارێزگای بەسرە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
تاوەکو ئێستا لە عێراق 287 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 62 تووشبوو چاک بوونەتەوە و 24 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
23:42
لە تورکیا ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 37 کەس
لە تورکیا ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 37 کەس
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 293 تووشبووی دیکە بە کۆرۆنا تۆمار کرا و ژمارەی تووشبووان گەیشتە 37 کەس.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییەکانی 24 کاژێری رابردوو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، "سێ هەزار و 672 پشکنین کراوە. لە ئاکامدا 293 پشکنین ئەرێنی دەرچوون. هەروەها حەوت تووشبوو گیانیان لەدەستداوە".
بەمجۆرە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە هەزار و 529 کەس و ژمارەی مردووانیش گەیشتە 37 کەس.
23:39
یەکێتیی ئەوروپا: لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا هاوکاریی ئێران دەکەین
یەکێتیی ئەوروپا: لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا هاوکاریی ئێران دەکەین
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئێران و ئەو وڵاتانەی کە بەر سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کەوتوون، لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە لە شەڕیاندا دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکاری دەکرێن.
جۆزێف بورێڵ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە و ئەو وڵاتە بەدەست ئەو ڤایرۆسەوە دەناڵێنێت و دەبێت بەردەوامبین لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر ئەوەی ئێران داوای هاوکاریی کردووە و هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، ئەوا یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی دەکات و ئەو هاوکارییانەش بە گوتەی بورێڵ سزاکانی ئەمریکا پێشێل ناکەن.
جۆزێف بورێڵ باسی لەوە کرد، ئێمە ئەمڕۆ رێککەوتین لەسەر ئەوەی زیاتر ئامادەبین بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری. هەندێک وڵات هەن کە بەدەست نەبوونی هاوکارییەکانەوە دەناڵێنێت و ئێستاش کاتی ئەوە نییە وڵاتان گلەیی لە یەکدی بکەن.
لێدوانەکەی بورێڵ لەدوای لێدوانێكی پێشتری حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران هات کە تێیدا ئەمریکای بە بەرپرس لە بەشێك لە بێکاریی نێو وڵاتەکەی و سەختیی ژیانی هاووڵاتییان و نەبوونی بەشێک لە دەرمانەکان دانا.
23:30
شارەزایان: وڵاتانی ئاسیا خێراتر کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کرد
شارەزایان: وڵاتانی ئاسیا خێراتر کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کرد
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2019دا سەری هەڵدا و لەدوای کەمتر لە سێ مانگ چین توانیی تاڕادەیەک و بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات و شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، وڵاتانی ئاسیا خێراتر کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کرد.
هۆکاری ئەوەی چین توانیی ڤایرۆسەکە بەو رادەیە کۆنترۆڵ بکات، دەگەڕێتەوە بۆ: کەرانتینکردنی شارە گەورەکان، درووستکردنی نەخۆشخانە کاتییەکان بە پەلە، زیاترکردنی تاقیگەکانی پشکنین بەخێرایی، پەیڕەوکردنی سیستەمی دوورکەوتنەوەی خەڵک لە یەکدی و سنووردارکردنی هاتووچۆی خەڵک لە سەرانسەری وڵات.
لە هۆکارەکانی دیکەی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن چینەوە بەو رادەیە بریتییە لە: بردنەدەرەوەی تووشبووە نامەترسیدارەکان لە نەخۆشخانەکان و هێشتنەوەی ئەوانەی کە رەوشیان ناجێگیرە لە نەخۆشخانەکان، ئەوانەی کە تەنیا گومانی تووشبوونیان لێدەکرا لە ماڵەکانیان کارەنتین دەکران، سەرجەم دانیشتووانی ووهان لە ماڵەکانیان مانەوە و قوتابخانە و دامەزراوەکان داخران.
لە سەنگاپور، تایوان و هۆنگ کۆنگ کە زۆرترین پەیوەندییان لەگەڵ چیندا هەن، کۆرۆنا بەخێرایی بڵاوبووەوە، بەڵام ئەوانیش هاوشێوەی چین توانییان تا ڕادەیەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا رووی راستەقینەی وڵاتانی هەڵماڵی لە شێوازی مامەڵەکردن و رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان. لە کاتێکدا چین بە نزیکەی ملیارێک و 400 ملیۆن دانیشتووانەوە توانیویەتی ژمارەی مردن بەهۆی کۆرۆنا لە سنووری سێ هەزار کەسدا بهێڵێتەوە، کەچی لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئەمریکا، ئیسپانیا و ئەڵمانیا لە نزیکەی مانگێکدا زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەو پەتایە گیانی لەدەستداوە و ژمارەکەش بەردەوام لە هەڵکشانە.
21:46
تەندروستیی بەغدا: سێ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە رەسافە دەستنیشانکران
تەندروستیی بەغدا: سێ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە رەسافە دەستنیشانکران
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی بەغدا لە رەسافە رایگەیاند، سێ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکران و تووشبوویەکیش چاکبووەتەوە.
د. عەبدولغەنی ساعیدی، بەڕێوەبەریگشتیی تەندروستیی بەغدا لە رەسافە رایگەیاند، "دووان لە تووشبووەکان ئافرەتن کە تەمەنیان 40 و 50 ساڵە و یەکێکیشیان پیاوێکی 56 ساڵە".
د. عەبدولغەنی ساعیدی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ بن و لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە.
تاوەکو ئێستا 275 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 62 کەس چاکبوونەتەوە و 24 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
20:41
کۆرۆنا زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە جیهان هەڵوەشاندووەتەوە
کۆرۆنا زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە جیهان هەڵوەشاندووەتەوە
بەخێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا نەبووەتەهۆی کەرەنتینکردنی خەڵکی لەنێو ماڵەکانیان، بەڵکو گەورە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی جیهانیشی ناچارکردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵبوەشێننەوە.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە بەشێک لە وڵاتان بەمشێوەیە:
ئەمریکا
بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییە ناسەرەکییەکانی وەستاندووە
کەنەدا
بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییە ناسەرەکییەکانی وەستاندووە
فەرەنسا
بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییە ناسەرەکییەکانی وەستاندووە
ئیسپانیا
بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییە نا-سەرەکییەکانی وەستاندووە
ژاپۆن
داخستنی فڕۆکەخانەکان بەڕووی گەشتیارانی چین، ئێران و ئیتاڵیا
تورکیا
تەنیا بۆگەشتیاران لە واشنتن، مۆسکۆ، هۆنگکۆنگ و ئەدیسابابا کراوەیە
هیندستان
گەشتەکانی بە ڕووی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا داخستووە
گەشتە بازرگانییەکان دواخراون
بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییەکانی وەستاندووە
ڤیزاکان تاوەکو مانگی نیسان وەستێندراون
ئەفریقای باشوور
وەستاندنی هەندێك گەشتی ئاسمانی لە 21ـی ئەم مانگەوە
بولگاریا، چیک، قوبروس، ئیستۆنیا، فیللەندا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، لاتڤیا، لێتوانیا، نەرویج، پۆڵەندا، رووسیا، سێربیا، سلۆڤاکیا و ئۆکراینا: کەمکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان راگەیاندووە. هاوکات سنووردارکردنی چوونەناوەوە لەرێگەی دەریا و وشکانی.
20:34
رووسیا خانووی پشوو بۆ ئەو پزیشکانە دەکاتەوە کە چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا دەکەن
رووسیا خانووی پشوو بۆ ئەو پزیشکانە دەکاتەوە کە چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا دەکەن
هێندەی نەخایاند تاوەکو وڵاتان دەستیان کرد بە لاساییکردنەوەی چین لە دروستکردنی نەخۆشخانە و ناوەندی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە ماوەیەکی پێوانەییدا. لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا شارەوانی سەرقاڵی دروستکردنی خانەی تایبەت بە پشوودانی پزیشکەکانە.
ئاندرێ بۆچکارێڤ، جێگری سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ رایەگەیاند، "ئێمە سەرقاڵی دروستکردنی ناوەندێکین بە هەموو کەرەستە پزیشکییەکانەوە بۆ پزیشکەکان تاوەکو لەدوای هیلاکبوونیان لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، بێنە ئێرە و پشوویەک بدەن. هیوادارین هێندە خەڵک نەخۆش نەکەوێت، بەڵام ئێمە ئیدی ئامادەکاری دەکەین".
لە ساڵی 1996ـەوە هەموو هاووڵاتییەکی رووسیا مافی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی بێبەرامبەری هەیە. لە 2008ـیشەوە، زیاتر لە 600 هەزار پزیشک و ملیۆنێک و 300 هەزار پەرستار لە کەرتی تەندروستیی رووسیادا کار دەکەن.
لە شارە گەورەکانی رووسیادا هەموو 10 هەزار کەسێک 44 پزیشکیان بەردەکەوێت. لە شارۆچکە و گوندەکانیشدا نزیکەی 13 پزیشکیان بەردەکەوێت.
مارس گازیزولن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تەلارسازییە و دەڵێت، "ئێمە توانیمان لەم ماوە کورتەدا سەرجەم رێگە کاتییەکان دروست بکەین کە ئاسانکاریمان بۆ دەکات لە دروستکردنی ناوەندەکە. ئێمە ئێستا لە قۆناخی بنیاتنانی سیستەمی ئەندازیاریداین تاوەکو کارەکانمان لەکاتی خۆیاندا کۆتاییان پێبهێنرێن".
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا 71 تووشبووی دیکە لە رووسیا تۆمارکراون، ئەوەش کۆی گشتیی تووشبووانی بۆ نزیکەی 450 کەس بەرز کردەوە لەنێویاندا یەک کەس مردووە و 17 کەسی دیکەش چاک بوونەتەوە.
20:23
لە پارێزگای دیالە تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی 11 کەسی دیکە دەکرێت.
فارس عەزاوی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە رایگەیاند، "کەسێک کە دانیشتووی رۆژهەڵاتی دیالەیە وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ئەو کەسە لە ناوەندی سەرەکی لە نزیک بەعقوبە کەرەنتین کراوە. لەم هەفتەیەدا ئەمە یەکەم تووشبووی کۆرۆنایە لە پارێزگاکەدا تۆمار بکرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە روونی کردەوە، 11 کەسی دیکە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان لێدەکرێت، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانیان دەکرێت کە لە کاژێرەکانی داهاتوودا رابەگەیێندرێن.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "رۆژی دووشەممە 23-03-2020 لە عێراقدا 33 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون".
بەوەش كۆی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە عێراقدا گەییشتە 270 كەس، لەو ژمارەیەش 24 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، 62 تووشبووش چاك بوونەتەوە.
بە مەبەستی رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەخت لە پابەندبوون بە رێنمایی و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 55ی ساڵی 2020 دەكاتەوە. داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیكاران بكەن.
19:12
تەندروستیی کەربەلا: تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
تەندروستیی کەربەلا: تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا رایگەیاند، تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیانی لەدەستداوە.
سەلیم کازم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا ئاماژەی بەوە کرد، دوو تووشبووی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای کەربەلا تۆمار کراون.
سەلیم کازم ئەوەی خستەڕوو، ئەوە چوارەم تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە کەربەلا دەمرێت کە تەمەنی 38 ساڵ بوو کە دوێنێ گەیێنراوەتە نەخۆشخانە و لە دۆخێکی خراپدا بووە.
هاوکات باسی لەوە کرد، دوو تووشبووە نوێیەکەیش یەکێکیان 40 ساڵە و ئەوی دیکەشیان دایکی تووشبووە و بەرکەوتنی لەگەڵ ئەودا هەبووە.
تاوەکو ئێستا 16 کەس لە کەربەلا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، چوار کەس لە کەربەلا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردوون کە دوو پیاو و دوو ئافرەتن و سێ کەسیش چاک بوونەتەوە.
لە سەرانسەری عێراقیشدا تاوەکو ئێستا 270 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 62 تووشبوویش چاک بوونەتەوە و 24 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
18:23
ئیتاڵیا: 320 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
حکومەتی ئیتاڵیا ئاماری نوێی تووشبووان و گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆنا بڵاوکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوو 320 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 770 کەس لە هەرێمی لۆمباردیا گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لەو هەرێمەدایە.
کۆی گشتیی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گەیشتە پێنج هەزار و 796 کەس.
17:21
شانەی قەیرانەکانی پارێزگای کەربەلا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا تاوەکو 1ـی نیسان درێژ کراوەتەوە.
بە پێی راگەیێندراوی شانەی قەیرانەکان، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە پارێزگای کەربەلا بۆ 16 کەس بەرزبووونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-3-2020 وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد "33 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەمەش كۆی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە عێراق گەیشتە 266 كەس، لەو ژمارەیەش 23 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە".
هەر ئەمڕۆ سێ كەس لە بەغدا، بەسرە و دیالە گیانیان لەدەستداوە. لە تەواوی عێراق 62 تووشبوو چاكبوونەتەوە.
بە مەبەستی رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەخت لەسەر پابەندبوون بە رێنمایی و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لێژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 55ـی ساڵی 2020 دەكاتەوە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیكاران بكەن.
16:48
351 هەزار و 731 کەس لە جیهان تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە 15 هەزار و 374 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا زۆربەی تووشبووان لە چینن و دوای ئەوەش ئیتاڵیا دێت کە ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 59 هەزار و 138 کەس.
ئیتاڵیا لە رووی ژمارەی مردنەوە یەکەمی وڵاتانی گرتووە کە پێنج هەزار و 476 کەسن و زیاتر لە دوو هەزار کەس زیاتر لە چین لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
دوای ئیتاڵیا و چین لە رووی ژمارەی گیانلەدەستدان ئیسپانیا دێت کە دوو هەزار و 182 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات 33 ژەزار و 89 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لە رووی ژمارەی تووشبوون، ئەمریکا لە دوای ئیتاڵیا و چینەوە دێت کە ژمارەی تووشبوون تێیدا 35 هەزار و 225 کەسە. بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە کەمە لەچاو ژمارەی تووشبووان و 99 کەس لە نیویۆرک گیانیان لەدەستداوە.
16:19
ناوەندی تەندروستیی ئەڵمانیا: ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمێک خاو بووەتەوە
ناوەندی تەندروستیی ئەڵمانیا: ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمێک خاو بووەتەوە
سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی گشتیی ئەڵمانیا گەشبینە بە ئەنجامی ئەو رێکارانەی کە حکومەتی وڵاتەکەی گرتوونییەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەڵێت: دوو رۆژی دیکە بە تەواوەتی گەشبینییەکانم بە زانستی پیشانتان دەدەم.
لۆسار ویلەر، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند: ئەوان ئێستا دەبینن کە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمێک خاو بووەتەوە، "بەڵام ئەم قسەیەی من دەتوانم ئەم رۆژی چوارشەممەیەی کە دێت بەتەواوەتی پشتڕاستی بکەمەوە".
لۆسار ویلەر گوتیشی: هەرچەندە ئەمە تەنیا یەک هەفتەیە کە رێکارەکان گیروانەتەبەر، بەڵام من گەشبینم کە ئێستا ئەنجامی ئەو رێکارانە دەبینم.
15:18
وەزیری تەندروستی بۆ هاونیشتمانییانی دەربەندیخان و گوندی سێبیران: لە ماڵەکانتان بمێننەوە
تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە گوندی سێبیران، وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییانی قەزای دەربەندیخان و گوندی سێبیران لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات لە ماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە و هەر کەسێکیش بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبووەکان هەبووە خۆیان بدەنە دەست تیمەکانی تەندروستی بۆ پشکنینی تاقیگە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییانی قەزای دەربەندیخان و گوندی سێبیران و دەڵێت "پێویستە بە ھیچ شێوەیەك نەیەنە ناو شەقامەکان و بە تەواوی لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
لە 24 کاژێری رابردوودا حەوت کەس لە دەربەندیخان تووشی کۆرۆنا بوون و لە گوندی سێبیرانیش لە سنووری پارێزگای هەولێر 9 تووشبوو تۆمارکراوە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات "کێ بەرکەوتەی ئەو تووشبووە بەڕێزانە بووە لە ھەرکوێن خۆیان بدەنە دەست تیمەکانی تەندروستی بۆ پشکنینی تاقیگە".
لە کۆتاییدا وەزیری تەندروستیی هەرێمی کورستان تکا لە هاونیشتمانییان دەکات هاوکاربن بە پێدانی زانیاری بۆ ئەوەی "کوردستان لە کارەساتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزین".
تاوەکو ئێستا 76 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەنێویاندا یەک کەس گیانی لەدەستداوە و 22 کەسی دیکەش بەتەواوی چاکبووەتەوە. ئەوانی دیکەش بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
14:22
9 تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەوە
وەزارەتی تەندروستی: تاوەکو ئێستا 22 کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چاکبوونەتەوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 9 تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی بەتەواوی چاکبوونەوە و ئەوانەی دیکەش هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکیی دان و تەندروستییان جێگیرە.
لە نوێترین راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 23-02-2020 بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "کۆی گشتیی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (76) تووشبووە، لەنێویاندا (1) مردن هەیە و (22) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە".
لە هەرێمی کوردستان لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 12 کەس لە پارێزگای هەولێر و 10 کەس لە سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەوانەی سلێمانی دووانیان دانیشتووی شاری سلێمانی و حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان و یەکێکیان دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندنی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە و دەشڵێت "جارێکی دیکە تکادەکەین پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان و لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
کۆی گشتیی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 76 تووشبووە، لەو ژمارەیە 22 کەس چاکبوونەتەوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە. ئەوانەیشی چاکبوونەتەوە سەرجەمیان لە سلێمانین. وەزارەتیی تەندروسییش رایدەگەیێنێت "تووشبووەکانی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان".
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان
کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (76) تووشبووە، لەنێویاندا (1) مردن هەیە و (22) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆتیمەکانی وەزارەتی ناوەخۆ و تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان وە سوپاس بۆ پابەندبوونی هاوڵاتیان بە مانەوەیان لە ماڵەکانیاندا جارێکی تر تکا دەکەین پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە و بەرکەوتەی کەسی تر نەبن وە لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بکەبن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
11:09
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی نەینەوا رایگەیاند، دوێنێ یەکەم تووشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای نەینەوا تۆمار کرا و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەواش بەهۆی بەرکەوتنی بەو کەسە خۆی کەرەنتینە کردووە.
ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕیی میدیایی راگەیاند: "دوێنێ یەکەم تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە تۆمارکرا کە وێنەگرێکی کەناڵی عێراقییەیە بەناوی موهەننەد عنزی تەمەن 28 ساڵ، کە پێشتر لە گەشتی عومرە لە سعودیەوە گەڕاوەتەوە".
بەگوتەی دووبەردانی، فەلاح تائی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا بەهۆی بەرکەوتنی بەتووشبووەکە لەدوێنێوە خۆی کەرەنتینە کردووە.
بەپیی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تا رۆژی یەکشەممە 106 تووشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرانسەری عێراقەوە تۆمار کراوە، جگە لەو تووشبووەی نەینەوا. هەر دوێنێش 23 کەسی دیکە لەسەرانسەری عێراق تووشبوون.
10:21
پارێزگاری هەولێر: بۆ تووندكردنی قەدەخەی هاتووچۆ ئەگەر پێویستیكرد پێشمەرگەش بەكاردەهێنین
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان: تاوەکو ئێستا 76 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی قەدەخەی هاتووچۆ، هێشتا هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی بەكاردەهێنن و دەشڵێت، "ئەگەر پێویستی كرد هێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو ئەركە بەكاردەهێنین".
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی كارەكانی قەدەخەی هاتووچۆ بە باشی جێبەجێدەكەن و دەشڵێت، "ئەگەر پێویستیكرد هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ئەركە بەكاردەهێنین، بەڵام تاوەكو ئێستا پێویستمان بەوە نەبووە".
پارێزگاری هەولێر ئەوەی نەشاردەوە كە تاوەكو ئێستا بەشێك لە خەڵكی كە ئەو بە كەم ناویبردن، پابەندی بڕیارەی قەدەخەی هاتووچۆ نابن و دەشڵێت، "ئەوانە لەو جۆرە كەسانن كە لە گەورەیی مەترسییەكە تێنەگەیشتوون، دڵنیام ئەگەر لە جیدییەتی مەترسییەكە تێبگەن، ئەوا بێ گوشاری ئێمە خۆیان لەماڵ نایەنە دەرەوە و بەهیوام خۆیان لەمەترسی دۆخەكە تێبگەن و رێنماییەكان جێبەجێبكەن".
رۆژ دووشەممە 23-03-2020 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری تووشبووانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و کە 12 کەسیان لە شاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هەروەها شەوی رابردووش 10 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند کە دووانیان دانیشتووی شاری سلێمانی و حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان و یەکێکیان دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 76 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەنێویاندا یەک کەس گیانی لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بەتەواوی چاکبووەتەوە.
08:59
کەمترین تووشبوو بە کۆرۆنا لە رۆژێکدا لە کۆریای باشوور تۆمارکرا
دانیشتووانی سیۆلی پایتەخت بە دەمامکەوە لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون
لە دوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆریای باشوور بەشێوەیەکی بەربڵاو، رۆژی یەکشەممە کەمترین تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لەم وڵاتە تۆمارکراوە.
بەرپرسانی کۆریای باشوور رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو کەمترین تووشبوویان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە، کە تەنیا 64 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات، لە دوای چین، کۆریای باشوور دووەمین وڵاتبوو کە زۆرترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکرا، رۆژانە بە سەدان کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبوون.
حکومەتی ئەو وڵاتە هەرزوو رێکاری تووندی گرتەبەر، باری نائاسایی بۆ ئەوپەڕی لە سەرتاسەری کۆریای باشوور راگەیاند و توانی لەماوەیەکی کەمدا رێگە لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەیدا بگرێت.
تاوەکو ئێستا لە کۆریای باشوور 8961 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، 111 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 3166 کەسیش چاکبوونەتەوە.
08:33
رێکارەکانی حکومەتی هەنگاریا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەی، کێشەی زۆری بۆ شۆفێری بارهەڵگرەکان دروستکردووە، بۆ چەندین کاژێر دەوەستن تاوەکو دەتوانن دەروازە سنوورییەکان ببڕن.
حکومەتەکانی هەنگاریا و رۆمانیا بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەندین رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر یەکێک لەو رێکارانە ئەنجامدانی پشکنینە بۆ سەرجەم شۆفێرانی ئەو بارهەڵگرانەی کەلوپەل و پێویستییەکان لە وڵاتێکەوە دەگوازنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
ئەم بڕیارە وایکردووە شۆفێری بارهەڵگرەکان رۆژانە بۆ چەندین کاژێر بووەستن، تاوەکو لە خاڵە سنوورییەکان دەپەڕنەوە، هاوکات ئەمە قەرەباڵخییەکی زۆریشی لە دەروازە سنوورییەکان دروستکردووە.
حکومەتی هەنگاریا و رۆمانیا رێککەوتوون، بەتەنیا لە کاژێر 9ی شەو تاوەکو 5ی بەیانی بارهەڵگرەکان لە دەروازە سنوورییەکان بپەڕنەوە، ئەمەش لەدوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ شۆفێرەکانیان.
07:56
سیناتۆرێکی ئەمریکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو
سیناتۆر راند پاوڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
یەکێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە، ئەنجامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ بووەو دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.
سیناتۆر راند پاوڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە توویتێکیدا رایگەیاند، تەندرووستی زۆر باشە و ئێستا لە کەرەنتیندایە و هیچ نیشانەیەکی لێ نییە کە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت، بەڵام پشکنینەکانی ئەوەی دەرخستووە.
تاوەکو ئێستا روون نییە لە کێ ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە، بەڵام بەگوتەی پزیشکەکانی بێت، رەنگە بەهۆی ئەوەبووبێت لەماوەی رابردوو ژمارەیەک گەشتی ئەنجامداوەو بەشداریی لە چەندین رێوڕەسمی جیاوازدا کردووە، رەنگە لە یەکێک لە گەشتەکانیدا یانیش لە رێوڕەسمەکاندا تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت.
پاوڵ دواینجار رۆژی چوارشەممە بوو کە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیرانداکردووە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە رەنگە ڤایرۆسەکەی گواستبێتەوە بۆ سیناتۆرەکانی دیکە.
08:21
لە ئیتاڵیا لەماوەی یەک رۆژدا نزیکەی 1000 کەس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاریان بووەو چاکبوونەتەوە، بەگشتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7000 کەس چاکبوونەتەوەو 5476 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئانگێلۆ بۆڕێل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 952 کەس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاریان بووەو چاکبوونەتەوە و3957 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتاڵیا راشیگەیاند، هاوکات651 تووشبووش بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە، بەگشتیش تاوەکو ئێستا 5476 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە.