پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ: ژمارەی کوژراوەکانی هێرشەکە گەیشتە 83 کەس
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی مۆسکۆ گەیشتە 83 کەس کە سیانیان منداڵن.
کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو هەروەها دەشڵێت، سەرووی 100 کەس بریندارن و دۆخی تەندروستی بەشێکیان جێگیر نییە.
هێرشەکە چۆن روویدا؟
هێرشەکە بۆسەر هۆڵی کرۆکۆس سیتی بوو لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و زیاتر بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەناوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێندرێت.
وەک میدیای رووسیا بڵاویکردوەتەوە، هێرشکارەکان سەرەتا بە نارنجۆک هێرشیان کردووە و دواتر بە هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کردووە.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، دوای تەقەکردنەکە، هۆڵەکە ئاگری گرتووە و بەشێک لە بنمیچی هاتووەتە خوارەوە.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی هێرشکارەکان بە روونی دیار نییە و بەرپرسانی رووسیاش هیچ زانیارییەکییان لەبارەی هێرشکارەکان ئاشکرا نەکردووە.
وەزارەتی تەندروستیی رووسیا بڵاویکردەوە، لانیکەم 115 کەس لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و لەو ژمارەیەش پێنجیان منداڵن و برینی 60 کەسیشیان سەختە.
دوای رووداوەکە، رێوشوێنی ئەمنی لە هەموو فڕۆکەخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەری مۆسکۆ تووندکرا. سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆش رایگەیاند، هەموو ئاهەنگ و چالاکییەکانی پشووی هەفتە هەڵدەوەشێندرێنەوە.
کێ بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هێرشەکە؟
لە کاژێرەکانی سەرەتای رووداوەکەدا گومانەکان خرانە سەر ئۆکراینا و گومان کرا کە ئۆکراینا هێرشەکەی ئەنجام دابێت، بەهۆی ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە جەنگدان.
دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.
مێدڤیدێڤ لە تێلیگرام رایگەیاند، "ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەم تیرۆریستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا هەموویان دەدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆریست لەنێویان دەبەین"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردووە" سزا دەدرێن.
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆییەکدا رەتیکردەوە ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت.
دواتر داعشی خۆراسان لە لە تێلێگرام بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.
داعشی خۆراسان دەڵێت، چەکدارەکانیان دوای ئەوەی هێرشەکەیان کردووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێبگات گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.