رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلا گویو، دادوەری فەرەنسی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، رایگەیاند، دوای ئەوەی بەشداریی لە دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، ئەمریکا سزای دارایی بەسەردا سەپاندووە و ژیانی رۆژانەی لێ تاڵ بووە.
گویو، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە تەلەڤیزیۆنێکی فەرەنسییەوە رایگەیاند، "لە 20ی ئابەوە لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراوم. سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بە واژۆیەک دەتوانێت هەر هاووڵاتییەکی فەرەنسی لە هەموو ئامرازەکانی پارەدان داببڕێت. هەر کە شتێک بکەیت کە ئیمپراتۆریەتێکی دەرەوەی ئەوروپا پێی ناخۆش بێت، دەتوانیت داببڕدرێیت."
ئەو دادوەرە فەرەنسییە، کە بەهۆی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2024، کەوتووەتە بەر سزای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ناتوانێت کارتی بانکییەکەی بەکاربهێنێت.
گویو، لەنێو یەکێک لە هۆڵەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای دەڵێت، "لێرە دادوەرەکان دادەنیشن، لەلای چەپ نووسینگەی داواکاری گشتییە، لەلای راست تیمی بەرگرییە و لە تەنیشت نووسینگەی داواکاری گشتیشەوە شوێنێک بۆ قوربانییەکان تەرخانکراوە."
ئەو دادوەرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دادگای لاهای دادگایی سەرکردەی جەنگ، میلیشیا و هەندێکجار سەرۆکی دەوڵەتیش دەکرێت و دەڵێت، "بۆ نموونە، من بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ سەرۆکی کاربەڕێکەری کۆسۆڤۆ دەرکردبوو. هەروەها سەرۆکە پێشووەکانی دیکەی وەک میلۆسۆڤیچ یان باگبۆش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی کراون."
سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنەکە سەرۆکی حەماسیشی گرتووەتەوە، بەڵام گویو رەتیدەکاتەوە لەسەر دۆسیەکە قسە بکات و دەڵێت، "کاتێک دادوەر بیت، دەبێت سەربەخۆ و بێلایەن بیت. بێلایەنی بۆ دادوەر ئەوەیە کە هەڵوێست لەسەر ئەو دۆسیانە نەدەیت کە چارەسەریان دەکەیت. هەر بۆیەش من لەسەر ئەو دۆسیانەی کە پێم سپێردراوە قسە ناکەم."
بەپێی بەڵگەنامەیەکی کۆشکی سپی کە لە 6ی شوباتی 2025 بە واژۆی دۆناڵد ترەمپ دەرچووە، هاتووە، "من، دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبینم کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەستی داوەتە کارە نایاسایی و بێ بنەماکان کە ئەمریکا و هاوپەیمانە نزیکەکەی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج. ئەمریکا دەرئەنجامی بەرجەستە و ماناداریان بەسەردا دەسەپێنێت، لەوانە بلۆکردنی موڵک و ماڵیان، هەروەها راگرتنی چوونەژوورەوەی بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەمریکا."
گویو، باس لە کاریگەرییەکانی ئەو سزایە دەکات و دەڵێت، "زۆربەی ئامرازەکانی پارەدان لە فەرەنسا ئەمڕۆ ئەمریکین. کارتی بانکییەکەم کار ناکات راگیراوە، چونکە تاکە کارت کە لە فەرەنسا هەمانە ڤیزا و ماستەرکارتن. ناتوانم لە ئەمازۆن شت بکڕم، ناتوانم لە ئایر بی ئێن بی شوێنێک بگرم. هەوڵمدا لە بوکینگ هۆتێلێک بگرم، بەڵام بۆم دەرکەوت مامەڵەکە رادەگیرێت. لەگەڵ ئێکسپیدیا مامەڵەیەکم کرد، ئیمەیڵێکم پێگەیشت کە تێیدا نووسرابوو 'مامەڵەکەت هەڵوەشاوەتەوە.' ئەمە لە ژیانی رۆژانەدا زۆر بێزارکەرە. 30 ساڵ دەگەڕێینەوە دواوە، وەک ئەوەی لە جیهانی پێش دیجیتاڵدا بین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ