بە بەشداریی 40 ئەکادیمیستی هەرێمی کوردستان؛ کۆنفرانسێکی پلاندانانی شار لە ڤییەننا بەڕێوەدەچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەی دۆست
کۆنفرانسەکە
کۆنفرانسەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ تاوتوێکردنی پلاندانانی شار و گەشەپێدانی هەرێمی، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (REALCORP) لە شاری ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا لە کۆی 300 شارەزا، نزیکەی 40 شارەزا و ئەکادیمیستی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
 
کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا بیرۆکە و زانیاری لەبارەی پلاندانانی شار ئاڵوگۆڕ دەکرێن. بە هاوکاریی دەزگای (ڤیژن ئێدیوکەیشن - Vision Education)ـی هەرێمی کوردستان و دەزگای (CORP)ـی نەمسایی، پردێک لە نێوان ئەورووپا و کوردستاندا دروست دەکرێت. بەشداربووانیش پێکهاتوون لە ئەکادیمیست، قوتابی و سیاسەتمەدارانی بواری پلاندانان.
 
تیشکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە لەسەر پەروەردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتییە. دکتۆر دانا مەولوود، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (Vision Education) ئاماژە بەوە دەکات: "کۆنفرانسەکە لایەنە سیاسی، پلاندانان و زانستییەکان کۆدەکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی لە یەکترەوە فێربن و پێکەوە بەدوای چارەسەریدا بگەڕێن. هەروەها بابەتی ژێرخانی سەوزیش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت".
 
عومەر ئەلراوی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەننا و ئەنجوومەنی شاری ڤییەننا، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی گەشەپێدانی شار و هاتوچۆیە، لەبارەی فراوانبوونی شارەکانەوە دەڵێت: "من لەو بڕوایەدام کە دەبێت مرۆڤ بیر لە بیناسازیی چڕتر و بەرفراوانتر بکاتەوە. بیناسازیی بەرفراوان بەو مانایە نییە کە مرۆڤ هەموو شوێنێک بە بەرد و چیمەنتۆ دابپۆشێت، بەڵکو ئەوەیە کە کەمێک باڵەخانەی بەرزتر دروست بکرێن."
 
ئەلراوی پێیوایە بە دروستکردنی باڵەخانەی بەرز، هەم شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر پەیدا دەبێت و هەمیش دووبارە زۆرترین رووبەری سەوزایی دەخوڵقێندرێت؛ گوتیشی: "پێموایە لەو وڵاتانەدا خانووی تاکەکەسی و هاوشێوەکانیان زۆرن، ئەمەش بۆ شارەکان چارەسەر نییە."
 
پلانەکانی لەم شێوەیە دەتوانن بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بن، بەتایبەت بۆ ئەو شارانەی کە بە خێرایی گەشە دەکەن، وەک هەولێر. شارەکانی وەک ڤییەننا نیشانی دەدەن کە چۆن پارک، سەوزایی و پلاندانانی بەردەوام دەتوانن لە درێژخایەندا کوالێتیی ژیان باشتر بکەن.
 
لەبارەی ئەزموونی شارەکەیانەوە، تۆماس مادرایتەر، بەڕێوەبەری پلاندانانی ڤییەننا گوتی: "ئەمە لە راستیدا پرۆسەیەکە کە زیاتر لە 100 ساڵە بەردەوامە، کە ئەو کاتەش هاووڵاتییانی ئەورووپا تێکۆشانیان بۆ کردووە."
 
مادرایتەر وەک نموونە باس لە پاراستنی سەوزایی دارستانی ڤییەننا و دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوز لە دەوروبەری شارەکە دەکات، هەروەها پڕۆژەی 'دوورگەی دانووب' کە رووبەرێکی سەوزە بە درێژایی 25 کیلۆمەتر لەنێو ڤییەننادا؛ ئەو جەخت دەکاتەوە کە "لە ڤییەننا ئەمە نەریتێکە."
 
کۆنفرانسی وەک (RealCorp) دەبێتە شوێنی ئاڵوگۆڕی بیروڕا، و لە داهاتووشدا دەردەکەوێت کە ئایا ئەم ئاڵوگۆڕانە لە وڵاتانی بەشداربوودا دەگەنە ئاستی جێبەجێکردن یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین

رووسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا هێرش نەکاتە سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران

لە کاردانەوەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران، رووسیا هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران، لێکەوتەی کارەساتبار و "قەرەبوونەکراوە"ی دەبێت و دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات