ئودید ئیران: ئیسرائیل پێی خۆش نییە بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە

23-06-2016
گۆڤەند مستەفا
د.ئودید ئیران، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و باڵیۆزی پێشووتری ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا
د.ئودید ئیران، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و باڵیۆزی پێشووتری ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا
نیشانەکردن گشتپرسی بەریتانیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

باڵیۆزی پێشووتری ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا پێیوایە ئیسرائیل پێی خۆش نییە بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە و دەڵێت: "ئەڵمانیا لەو نێوەندەدا بەهێزتر دەبێت".


د.ئودید ئیران، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و باڵیۆزی پێشووتری ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا، لە تەلئەبیبەوە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەگەر بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیابێتەوە، بەر لە هەموو شتێک سەرەتا گۆڕانکارییەکی گەورە لە سەرانسەری هەموو جیهان روودەدات".

ئودید ئیران، دەڵێت: " ئەم گۆڕانکارییەش راستەوخۆ کار لە بەریتانییەکان دەکات، دواجار هەموو شتێک دوای ئەو گشتپرسییە دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و دیبەیتدا چارەسەر بکرێت، گەورەترین گفتوگۆش لەنێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپادا دەبێت".

ئەو پسپۆڕە سەربازییەی ئیسرائیل، پێیوایە لە ئێستاوە ترسێکی زۆر هەیە، بەر لەوەی جیابوونەوەی راستەقینەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا رووبدات، دەڵێت "گەورەترین کاریگەریش دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان دراوەکانی جیهان، بەتایبەتی لەنێوان بەریتانیا و وڵاتانی دیکە، هاوکات چەندین کاریگەری دیکە و چەندین خاڵی دیکە".

بەبڕوای ئودید ئیران یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەوەیە کە "هەلی کار زۆر لەدەست دەچێت، هاوکات پەیوەندی و دانوستاندن لەنێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بۆشایی تێدەکەوێت، لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا نامێنێت و کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە کاریگەری جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە و ئەو بۆشاییەی دروستی دەکات، ئودید ئیران پێیوایە "ئەڵمانیا لەو نێوەندەدا بەهێزتر دەبێت، لەوانەیە سوێد لە یەکێتی ئەوروپا لەهەموویان زیاتر لە رووی ئابوورییەوە سوود و قازانج بکەن، ئەڵمانیا و فەرەنساش بەهێزتر دەبن".

سەبارەت بە کاریگەری جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئیسرائیلیش گوتی: "ئیسرائیل پێی خۆشە ئابوورییەکی پتەوتر بە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەدیبهێنێت، چونکە ئێستا یەکێتی ئەوروپا هاوپەیمانێکی گەورەی ئابووری ئیسرائیلە، بە چوونەدەرەوەشی لەوانەیە ئیسرائیل دڵخۆش نەبێت، بۆ ئێستا پێویستە بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بمێنێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە