رووداو- برۆکسل
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، ئەوان وەک لایەنێکی سەرەکی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکان پابەندبوونەکەیان جێبەجێ کردووە و هەربۆیە هیچ لادان و نەمانی پابەندبوونێک لای ئەوان نەبووە.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی پرسیارێکدا لە برۆکسل ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵێکی سەرەکی رێککەوتنەکەش باس لە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دەکەن، ئەگەر هاتوو روون بووەوە کە ئێران پابەندییەکانی جێبەجێ ناکات.
کایا کاڵاس گوتی، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا واتای ئەوەیە کە ئابووریی ئێران باش نابێ و دۆخەکە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتەش باش نابێ.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، هەموو لایەک هاوڕان لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و کایا کاڵاس
پرسیار: ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەوەستێنێ، هەڵوێستیی یەکێتیی ئەورووپا چی دەبێ و ئێوە چ هەنگاوێکی دیکە دەنێن؟ رۆڵی ئێوە چی دەبێ؟
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا: "ئێمە بەدڵنیاییەوە وەک لایەنێکی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 پابەندییەکانمان لە شوێنی خۆیاندا بوون. هەر لەو رێککەوتنەدا ئەو میکانیزمەمان هەیە کە باس لەوە دەکات هەموو سزاکان دەسەپێندرێنەوە، ئەگەر بێتو هیچ باشبوونێک نەبێ. بەدڵنیاییەوە، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئابووریی ئێران باش نابێ و دۆخەکە بۆ خەڵکی ئێران باش نابێ؛ هەربۆیە، پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران شتێکە کە هەموو کەس هاوڕایە نابێ ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێ و دەبێ بەو ئاراستەیە کاربکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ