ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنی عێراق دەکات

23-10-2025
دیار کوردە @diyarkurda
دیمەنێکی باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا.
دیمەنێکی باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە عێراق و کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و ململانێکان تووندن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و کورسی لە نێوان لایەنەکان تاوەکو رۆڵێکی کاریگەرتریان هەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و داڕشتنی سیاسەتی ئەم حکومەتە، بەڵام لە واشنتنیش بەبایەخەوە سەیری ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت و لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
 
لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن پانێڵێکی تایبەت لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق و روانگەی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنە رێکخراوە، دەمانەوێت بزانین چۆن سەیری ئەم هەڵبژاردنە دەکەن و گفتوگۆکان لێرە لە واشنتن زیاتر لەبارەی چین.
 
لەم دیدارەدا زیاتر گفتوگۆکە لەبارەی گرنگیی رێژەی بەشداریی دەنگدەران، بایکتۆی هەڵبژاردن و هەروەها سەنگی لایەنەکان بوو، بەتایبەتیش بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕان، کێ دەتوانێت فراکسیۆنی گەورە پێکبهێنێت و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق وەربگرێت، ئەمە خاڵێکە جێگەی بایەخپێدانی ئەمریکاشەو رەنگدانەوەی گەورەی بەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا دەبێت.
 
ئاماژە بەوەشدرا، هەرچەندە ئەمریکا بە هەستیاری و گرنگییەوە لەم پڕۆسەیە دەڕوانێت، بەڵام دەستوەردانی راستەوخۆ لە پڕۆسەکەدا ناکات و ئەوەی دەیەوێت لێیی دڵنیابێت، سەرکەوتنی پڕۆسەی دیموکراسییە لە عێراق، هەرکاتێکیش پێویست بکات گوشار لە حکومەتی عێراق دەکات، وەک چۆن نەیانهێشت یاسای حەشدی شەعبی تێبپەڕێت.
 
سەرهەنگ حەمەسەعید، لێکۆڵینڤان دەڵێت: ''ئەمریکا بەبایەخەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، بەڵام دەستوەردانی تێدا ناکات، هاوکات کاریگەریی راستەوخۆیان نابێت بەو شێوەیەی کە 10 ساڵ بەر لە ئێستا هەوڵیان دەدا عەبادی یان پێش عەبادی، کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران. ئەوکاتەش ئەو بۆچوونە هەبوو کە رێگەبدەن پڕۆسەی سیاسی لە عێراق خۆی بەرهەمی خۆی حکومەتێک پێشکێش بکات، ئەگەر ئەمریکا توانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات دەیکەین، ئەگەر نەمان توانی، مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین و ئەنجامەکەی خراپ بۆ عێراق دەشکێتەوە، ئەمەش کێشەی خۆیانە. بۆیە لەم ئیدارەیەی ئێستای ترەمپ بە بایەخەوە سەیری دەکەن، بەڵام دەستوەردانی تێدا ناکەن.''
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەم هەڵبژاردنە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان نیگەرانییان لەبارەی هەژموونی ئێران بەسەر هەموو شتێکی عێراقەوە هەیە، بە پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا پێیی وایە ئەنجامی هەڵبژاردنی 11ـی نۆڤێمبەر پەیوەستە بە عێراقییەکان. واشنتن داواکاری ئەوەیە لایەنەکان لەدوای هەڵبژاردن بەخێرایی حکومەت پێکبهێنن.
 
لەگەڵ ئەم قسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو، لە چەند رۆژی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نێردەیەکی تایبەتی بۆ عێراق دیارکرد، زۆربەی ئاماژەکانیش لێرە لە واشنتن بۆ ئەوەن کە دیارکردنی ئەو نێردەیە واتە بایەخدانی زیاتری ئەمریکایە بە پرسە گەرمەکانی عێراق، بەتایبەتیش پرسی گرووپە چەکدارەکان.
 
جێنیفەر گاڤیتۆ، بەرپرسی پێشووتری مەلەفی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: ''بەر لە هەموو شتێک، سەبارەت بە دیاریکردنی نێردەی تایبەت، پێموایە ئەمە جەختکردنەوەی ئیدارەی ترەمپە بە گرنگیدان بە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق، تائاستێک شتێکی باونییە، بەڵام دەبینین سەرۆک ترەمپ، رۆڵی نێردەی تایبەت زیاتر بەکاردەهێنێت لە هەبوونی نەریتی باڵیۆزێک لەم ئیدارەیەدا، من پێموایە ئەمە ئاماژەیەکی ئەرێنییە و ئەم ئیدارەیە دەیەوێت ئەم پەیوەندییە لەگەڵ عێراق بایەخ پێبدات و هەوڵدەدات پەرە بە پەیوەندییەکان بدات.''
 
ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هاوکات بوو، لەگەڵ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ دوو خاڵی سەرەکیی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەش، پرسی هەڵبژاردنی عێراق و چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوو. ئەمریکا دەیەوێت بەهەر رێگەیەک بێت، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق نەک رۆڵیان زیاتر نەبێت، بەڵکو چەکەکانیشیان دابنێن و تێکەڵ بە سیستمی بەرگریی عێراق بن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.