سێنتکۆم: شکستمان بە ژمارەیەک هێرشی درۆنیی حوسییەکان هێنا

23-11-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن سێنتکۆم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ژمارەیەک هێرشی درۆنییان شكستپێهێناوە کە بە گوتەی خۆی لە یەمەنەوە ئاراستە کراون.
 
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیێکی ئەمریکی لە دەریای سوور بووە و ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشاندووە، کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لەو ناوچانەوە ئاراستەکراون کە حوسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵیان بەسەریانەوەیە.
 
سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند "هێرشەکان لەلایەن کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس تۆماس هودنەر شکستیان پێهێنراوە و کەشتییەکە و تاقمی سەر کەشتییەکەش زیانیان بەرنەکەوتووە."
 
حوسییەکان بە فەرمی پاڵپشتی خۆیان بۆ حەماس راگەیاندووە و ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، ئیسرائیلیش تێکشاندنی زۆربەیانی راگەیاندووە.
 
حوسییەکان هەڕەشە لە کەشتییە بازرگانییە ئیسرائیلییەکانیش دەکەن. رۆژی یەکشەممە دەستیان بەسەر کەشتیێکی بارهەڵگری ئیسرائیلیدا گرت لە دەریای سوور کە 25 کەسی لەسەر بوو.
 
ئیسرائیل رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکە "رووداوێکی مەترسیداری جیهانییە" و، سوپای ئەمریکاش بە "پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی" ناوی برد.
 
هێرشەکەی ئەمڕۆی حوسییەکان و تێکشاندنیان لەلایەن ئەمریکاوە دوای نزیکەی 50 رۆژ دێت لە شەڕ و پێکدادان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 13 هەزار فەلەستینی و 1200 ئیسرائیل کوژراون، لەنێویاندا 391 سەربازی ئیسرائیلی هەن کە 70ـیان لە هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە