رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەناسان چاویان بڕیوەتە ئاسمان، نەک بۆ سەیرکردنی ئەستێرە، بەڵکو ئەمجارە بەدوای جانتایەکی ونبوودا دەگەڕێن.
رۆژی 1ـی ئەم مانگە، دوو کەشتیوانی ناسا بەناوەکانی یاسەمین موقبلی و لۆرال ئۆهارا سەرقاڵی چاکسازیی بوون لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان، یاسەمین دەڵێت، جانتای کەرەستەی چاککردنەوەکەی نابینێت و بەڕێوەبەری گەشتەکەشیان لەسەر زەوی قسەی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێت، هەوڵی زیاتر بۆ دۆزینەوەی بدات.
لەوکاتەدا، جانتاکە لە دەستی موقبیلی بەردەبێتەوە. ئەستێرەناسان دەڵێن، جانتاکە دەکرێت بە دووربینێکی ئاسایی لەسەر زەوییەوە ببینرێت.
ناسا دەڵێت، ئەستەمە جانتاکە بگەڕێتەوە بۆ نزیک وێستگەکە، بەڵام گەشتی کەشتیوانان بێ جانتاکەش کێشەی تێناکەوێت و دەتوانن بە سەلامەتی لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن.
جەک فۆستەر، ئەستێرەناس لە ناوەندی گرنویچ لە لەندەن دەڵێت، "ئێمە دەزانین جانتاکە هەر بەو خولگەیە دەڕوات کە وێستگەی بۆشایی ئاسمان دەسووڕێتەوە. ئێستا جانتای کەرەستەی چاککردنەوەکە نزیکەی 10 خولەک لە پێشەوەی وێستگەکە دەسووڕێتەوە، کەواتە ئەگەر 5 تاوەکو 10 خولەک زووتر چاو لەو شوێنە بکەی کە وێستگەکە پێی دەگات، ئەگەری هەیە چاوت بە جانتاکە بکەوێت".
ئەمە یەکەمجار نییە کەشتیوانان کەلوپەلیان لە دەست بەردەبێتەوە.
ساڵی 1965 کەشتیوانی ئەمریکی ئێد وایت، دەستکێشەکەی لێ بەربووەوە. لە ساڵی 2008، هەیدماری ستێفانی شین، جانتای کەرەستەی چاککردنەوەی لێ بەربووەوە. لە 2017شدا دوو کەشتیوانی ناسا لە کاتی چاککردنەوەدا کڵاوەکانیان بەربووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ