سوپای ئەمریکا یاسای ژیرییە دەستکردەکان دەشکێنێت؛ ناکۆکیی لەسەر Claude هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا داوای لە داریۆ ئەمۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ژیریی دەستکردی Anthropic کردووە رۆژی سێشەممە سەردانی پێنتاگۆن بکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆیەکی "تووند" لەبارەی بەکارهێنانی بەرنامەی ژیریی دەستکردی کلاود "Claude" لەنێوانیاندا رووبدات.
پێنتاگۆن دەیەوێت کۆمپانیا گەورەکانی وەک OpenAI و Anthropic رێگە بدەن سوپای ئەمریکا بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد لە تۆڕە نهێنییەکاندا بەکاربهێنێت، بێ ئەوەی گوێ بەو مەرج و کۆتوبەندانە بدەن کە بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی دانراون، وەک رێساکانی سەلامەتی و ئەخلاقی.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت، پێنتاگۆن بیری لەوە کردووەتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ Anthropic بپچڕێنێت، چونکە کۆمپانیاکە سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت سوپاش پابەندی مەرجەکانی بەکارهێنانی بەرنامەیClaude بێت.
گفتوگۆکان بەرەو شکست دەچن؟
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێن، گفتوگۆکانی نێوان پێنتاگۆن و کۆمپانیاکە "لە لێواری شکستدان".
بەرپرسێکی باڵای بەرگری بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە: "ئەنسرۆپیک دەزانێت ئەمە کۆبوونەوەیەک نییە تەنیا بۆ یەکدی ناسین بێت، بەڵکو بۆ یەکلاکردنەوەیە."
لە بەرامبەردا، گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: "گفتوگۆی بەرهەمدارمان هەیە و بە نیازپاکی بەڕێوەدەچن."