هۆكارەكانی هەڵكشانی جەماوەری ترامپ چین؟

24-03-2016
نیشانەکردن دۆناڵد ترامپ
A+ A-
"دیموكراتەكان لە هۆكاری سەركەوتنەكانی ترامپ تێناگەن"

جۆرج لەیكۆف*

دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكاندا سەركەوتن لە دوای سەركەوتن تۆمار دەكات، وەها بڕوات رەنگە ببێتە پاڵێوراوی سەرەكیی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و دوور نییە ببێتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكاش. دیموكراتەكان لە هۆكاری سەركەوتنەكانی ترامپ تێناگەن و بەشێكی زۆری كۆمارییەكانیش كە دژی ترامپن، نازانن چۆن بیوەستێنن. لێكدانەوەی جۆراوجۆر بۆ سەركەوتنەكانی ترامپ دەكرێت، لەوانەش "خەڵك تووڕەن و ئەو پەنجە لەسەر تووڕەییەكانیان دادەنێ".. "خەڵك زۆر بیری لای كۆنگرێس نییە و كەسێكیان دەوێت سیاسەتكار نەبێت". ئەم دوو لێكدانەوەیە دەكرێت دروست بن، بەڵام خەڵك بۆچی وابیردەكاتەوە؟ وردەكاری ئەم بیركردنەوەیە چییە؟ هەروەها بۆچی ترامپ؟ 

خەڵكانێكی زۆر سەریان لێشێواوە، چونكە وا دەردەكەوێت ترامپ لە كونی دیوارەوە هاتبێت. هەڵوێستەكانی لەسەر پرسەكان لەگەڵ چوارچێوە باوەكەدا ناگونجێن.

ترامپ پشتگیری لە خێزانی بەپلان (رێكخستنی ژمارەی ئەندامانی خێزان)، ئاسایشی كۆمەڵایەتی و چاودێریی پزیشكی دەكات، هیچكام لەمانەش لەناو هەڵوێستی ستانداردی كۆمارییەكاندا جێیان نابێتەوە. كۆمارییەكان رقیان لە دەسەڵاتی رەهای كەرتی گشتییە و حەزیان لە رێككەوتننامەی وەكوو رێككەوتنی ترانس پاسیفیكە، بەڵام ترامپ دژی هەردووكیان دەوەستێتەوە. ئەو بڕوادار نییە و سووكایەتی بە رێوڕەسمە ئاینییەكان دەكات، بەڵام مەسیحییە كڵێساییەكان پڕ بە دڵ خۆشیان دەوێت. ترامپ پێیوایە كۆمپانیاكانی بیمە و دەرمانسازی و بەڵێندەرە سەربازییەكان قازانجێكی زۆر دەكەن و دەبێت بەربەستێكیان بۆ دابنرێت، هەروەها سووكایەتی بە گرووپە سەرەكییەكانی دەنگدان دەكات، بۆ نموونە لاتینەكان، لە كاتێكدا زۆربەی كۆمارییەكان هەوڵ دەدەن دڵیان رابگرن. ترامپ بە نیازە 11 ملیۆن كۆچبەری بێ وەرەقە دیپۆرت بكاتەوە و باوەڕیشی وایە كە ئەمە سەردەگرێ.

مەسەلە چییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە هەندێك پێشزەمینە هەیە كە هەتا ئێستا لە میدیاكاندا باس نەكراون.



پێشزەمینە

من لە بەشی زانستی مێشك و دەروونناسیی مەعریفی كاردەكەم، لە ساڵانی نەوەتەكاندا هەوڵم دا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە كە هەڵوێستە سیاسییە جۆراوجۆرەكانی  كۆنزەرڤاتیڤەكان و پێشكەوتنخوازەكان لەچیدا یەكانگیرن؟ بۆ نموونە با كۆنزەرڤاتیزم وەربگرین: چ پەیوەندییەك لە نێوان دژایەتی لەباربردنی منداڵ و پشتگیری لە هەڵگرتنی چەك هەیە؟ پشتگیری لە هەڵگرتنی چەك چ پەیوەندییەكی بە رەتكردنەوەی راستیی گەرمبوونی گۆی زەوییەوە هەیە؟ 

دژە-حكومەتبوون چۆن لەگەڵ خواستی بەهێزكردنی سوپادا یەكدەگرێتەوە؟ چۆن دەكرێت كەسێك لە یەك كاتدا پشتیوانی ژیان بێت و لایەنگری سزای لەسێدارەدانیش بێت؟ پێشكەوتنخوازەكان لەم پرسانەدا تێڕوانینێكی پێچەوانەیان هەیە، بەڵام بۆچوونەكانی ئەوانیش چۆن لەناو چوارچێوەیەكی یەكانگیردا یەكدەگرن؟

وەڵامی ئەم پرسیارانەمان كاتێك دەستدەكەوێت كە تێبگەین لەوەی ئێمە بەردەوام مەیلمان هەیە بە خوازە یان میتافۆری خێزان لە نەتەوە تێبگەین: ئێمە باوكێكی دامەزرێنەرمان هەیە، كوڕ و كچمان هەیە كە دەیاننێرین بۆ جەنگ، ئاسایشی ماڵ/ وڵاتمان هەیە. جیهانبینی كۆنزەرڤاتیڤ و پێشكەوتنخوازەكان دەكرێت لە ناو دوو جیهانبینی جیاواز بۆ خانەوادە كورت بكرێتەوە كە بریتین لە "خانەوادەی دایك و باوكی خەمخۆر" لای پێشكەوتنخوازەكان و "خانەوادەی باوكی سەختگیر" لای كۆنزەرڤاتیڤەكان.

لە خانەوادەی باوكی سەختگیردا باوك زاناترین كەسە. ئەو دەزانێت راست و هەڵە كامەن و دەسەڵاتی تەواویشی هەیە بۆ ئەوەی وەها لە منداڵ و هاوژینەكەی بكات ئەوە بكەن كە ئەو دەیڵێت و بەڕاستی دەزانێت. كاتێك منداڵەكانی ملكەچی نەبوون، ئەركی ئەخلاقیی باوكە هێندە بە سەختی سزایان بدات كە جاری داهاتوو لەترسی سزاكەش بێت نەوێرن لە فەرمانەكانی لابدەن. لە رێگەی ئەم دیسیپلینە فیزیكییەوە منداڵەكان لە ناوەوە بەهێز دەبن و لە جیهانی دەرەوەش پێشدەكەون. ئەگەر پێشكەوتنیشیان بەدەستنەهێنا، ئەوە نیشانەی ئەوەیە دیسیپلینیان وەرنەگرتووە، هەر بۆیەش خاوەن رەوشت نین و شایستەی ئەو هەژارییەن كە تێیدان. ئەمجۆرە بیركردنەوەیە بە تەواوەتی لە سیاسەتی كۆنزەرڤاتیڤیدا رەنگیداوەتەوە، كە تێیدا هەژار وەكوو تەمبەڵ و ناكارامە و دەوڵەمەند وەكوو شایستەی سامان وێنادەكرێت، كەوابێت بەرپرسیارێتیش بەرپرسیارێتی تاكەكەسییە و كۆمەڵایەتی نییە. هەركەسێك خۆی بەرپرسە لەوەی دەبێت بەچی و هیچكەس بەرامبەر بەوانی دیكە بەرپرس نییە.



سەركەوتن و سووكایەتی

لە جیهانی بەرپرسیارێتی و دیسیپلینی تاكەكەسیدا ئەوانەی سەردەكەون شایستەی بردنەوەكەن، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە دۆناڵد ترامپ دوای هەر سەركەوتنێكی خۆی، بەربژێرەكانی دیكە دەشواتەوە. لە چاوی كۆنزەرڤاتیڤێكەوە ترامپ شایستەی ئەو سەركەوتنەیە، چونكە ركابەرییەكانی هەڵبژاردن وەكوو جەنگێك دەبینرێن، لەم جەنگەشدا سووكایەتی وەكوو سەركەوتن دەبینرێ.



پلەبەندیی ئەخلاقی

لۆژیكی باوكی سەختگیر هەر بەمە ناوەستێ و فراوانتر دەبێتەوە، بەپێی ئەم لۆژیكە، لە جیهانێكی رێكخراودا ئەوانەی وەكوو نەریتێكی مێژوویی باڵادەست بوون، دەبووایە و دەبێت باڵادەست بن. ئەمە پلەبەندییەكی ئەخلاقییە كە تێیدا خوا لەسەرووی مرۆڤە، مرۆڤ لەسەرووی سرووشتە، كەسی خاوەن دیسیپلین (بەهێزەكان) لەسەرووی كەسی بێ دیسیپلین (لاوازەكان)ن، هەروەها زەنگین لەسەرووی هەژارە، خاوەنكار لەسەرووی فەرمانبەرەوەیە، كولتووری رۆژئاوایی لەسەرووی كولتوورەكانی دیكەیە، پیاو لەسەرووی ئافرەتە، سپیپێست لەسەرووی رەشپێستە، مەسیحی لەسەرووی نامەسیحییە و هتد.

دیارە لە جیهانبینی باوكە سەختگیرەكەدا دەرفەتی گۆڕانكاری و یاریكردنیش هەیە، بەم پێیەش سێ جۆری جیهانبینیی باوكی سەختگیری كۆنزەرڤاتیڤەكان لە یەكدی جودا دەبنەوە: 1- پرۆتێستانتە سپی پێستە كڵێساییەكان، 2- هەوادارانی بازاڕی ئازاد، 3- كۆنزەرڤاتیڤە پراگماتیكەكان كە پابەند نین بە بیروباوەڕەكانی مەسیحییە سپی پێستەكانەوە.



پرۆتێستانتە سپی پێستەكان:

ئەمانە بڕوای تەواویان بە باوكە سەختگیرەكە هەیە، لەبەر ئەوەی لە بیروباوەڕی ئەواندا خوا باڵاترین باوكی سەختگیرە: ئەوانەی بەگوێی فەرمانەكانی دەكەن دەچنە بەهەشت، ئەوانەشی لە فەرمانەكانی لادەدەن بۆ هەتا هەتایە لەناو ئاگری دۆزەخدا دەسووتێنرێن.

خانەوادە لە چەقی بیروباوەڕی مەسیحیەتی كڵێساییدایە، هەر بۆیە رێكخراوی وەكوو "جەخت لەسەر خێران" (Focus on Family) هەن و بەردەوام ئاماژە بە "بەها خێزانییەكان" دەدرێت كە بەهای پرۆتێستانتی كڵێساییە. لە ئەخلاقی باوكی سەختگیردا باوك كۆنتڕۆڵی هەموو شتەكان دەكات، لەوانەش سێكسوالیتە و زاوزێی ئەندامانی خانەوادە.

پرۆتێستانتە كڵێساییەكان لەڕووی سیاسییەوە زۆر رێكخراون و دەسەڵاتیان بەسەر زۆر رەگەزی ناوخۆیی سیاسییەوە هەیە. هەر بۆیە هەموو كاندیدێكی كۆمارییەكان، بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنەكان سەركەوێت، دەبێت ئاگای لە دڵی پرۆتێستانتە كڵێساییەكان بێت.



كۆنزەرڤاتیڤە پراگماتیكەكان:

ئەم گرووپە دەشێت هیچ لایەنگری و ئاراستەیەكی دیاریكراوی ئاینییان نەبێت، بەڵكو زیاتر خەم لە دەسەڵاتی تاكەكەسی خۆیان بخۆن، نەك دەسەڵاتی كڵێسا، مەسیح و خوا. ئەوان دەیانەوێت لەناو پانتایی ژیانی تاكەكەسی خۆیاندا رۆڵی باوكە سەختگیرەكە بگێڕن. لاوە كۆنزەرڤاتیڤەكان رەنگە بیانەوێت سێكسیان هەبێت بەبێ ئەوەی خەم لە پێكەوەنانی خێزان بخۆن، یانیش پێویستیان بەوە بێت بتوانن رێگە لە منداڵبوون بگرن، یانیش زانیارییان لەبارەی ئەو نەخۆشیانە هەبێت كە لە رێگەی سێكسەوە دەگوازرێنەوە، ئافرەتەكانیش دەشێت مافی لەباربردنی منداڵ بە پێویست بزانن، كاتێك دووگیان بوونە و كەچی هیچ مەیلێكیان بۆ هاوسەرگیری نییە.

ترامپ كۆنزەرڤاتیڤێكی پراگماتیكە بە مانای تەواوی وشە. ئەو دەزانێت ژمارەیەكی زۆری دەنگدەرە كۆمارییەكان بەهۆی پراگماتیستبوونی خۆیانەوە خۆشەویستییان بۆ ترامپیش هەیە. ئەو هەر لە خۆیەوە حەزی لە بیرۆكەی كۆنتڕۆڵكردنی ژمارەی ئەندامانی خێزان نییە، بەڵكو دەزانێت ژمارەیەكی زۆر لە هاوسەرەكان و تەنانەت كوڕ و كچە سەڵتە كۆنزەرڤاتیڤەكان حەزیان لەو دەرفەتانەیە كە بیرۆكەی كۆنتڕۆڵكردنی ژمارەی ئەندامانی خێزان پێشكەشیان دەكات.
بە هەمانشێوە ژمارەیەكی زۆر لە كۆنزەرڤاتیڤە گەنج و میانساڵەكان دەیانەوێت سامانی خۆیان زیادبكەن. ئەوان چیدی نایانەوێت باری قورسی چاودێریی دایك و باوكیان هەڵگرن، پرۆگرامەكانی "ئاسایشی كۆمەڵایەتی" و "چاودێریی پزیشكی" لەم ئەركە قورسانە دەربازیان دەكات. هەر بۆیەشە ترامپ دەیەوێت ئەم دوو پرۆگرامە بهێڵێتەوە.



هەوادارانی بازاڕ و بازرگانیی ئازاد:

سیاسەتە دامەزراوەییەكانی كۆنزەرڤاتیڤەكان تەنیا لە رێگەی پرۆتێستانتە كڵێساییە سپی پێستەكانەوە دیاری ناكرێت، بەڵكو لایەنگرانی بازاڕ و بازرگانیی ئازادیش دەسەڵاتێكی زۆریان هەیە لە دیاریكردنی سیاسەتی كۆنزەرڤاتیڤەكاندا، واتە ئەو بزنسكارانەی دەیانەوێت ئاستی قازانجی خۆیان بەرزبكەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دەستی حكومەت و رێنماییە حكومییەكان لە بازاڕدا كورت بكەنەوە. ئەوان سیستەمی باج وەكوو بەشدارییەك لە گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتیدا نابینن، بەڵكو پێیانوایە لەم رێگەیەوە پارە و ئاكامی هەوڵەكانی ئەوان دەچێتە گیرفانی ئەو خەڵكە هەژارەی كە شایانی پارەكە نین. ئەم لقە لە بیركردنەوەی كۆنزەرڤاتیڤی، هیچ كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەی كارگە و لقەكانی بەرهەمهێنانی خۆیان بۆ وڵاتانی دیكە بگوازنەوە كە تێیدا بازاڕی كار هەرزان دەكەوێت لەسەریان و دواتریش بە هەرزان هاوردەی بكەنەوە، بۆیە نرخدانانی حكومەت لەسەر كاڵاكانیان بە كێشەیەكی گەورە دەبینن.

ژمارەیەكی زۆر لە بزنسكارەكان كۆنزەرڤاتیڤی پراگماتیستن، كە پشتگیری لە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر موڵكی گشتیدا دەكەن، لەبەر ئەوەی لە رێگەی ئەم بیرۆكەیەوە حكومەت دەست بەسەر بزنس و موڵكە بچووكەكاندا دەگرێت و دەیدات بە كەسانی وەكوو ترامپ بۆ ئەوەی پرۆژە زەبەلاحەكانی خۆیانی تێدا دروستبكەن.

بزنسكاری وەكوو ترامپ دەیەوێت ئەوەندەی مومكینە تێچوونی دڵنیایی تەندروستیی فەرمانبەر و كرێكارەكانی كەم ببێتەوە، هەر بۆیەش پشتگیریی لە كەمكردنەوەی داواكاری كۆمپانیاكانی دڵنیایی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دەكات.



كاردانەوەی راستەوخۆ و سیستەماتیك

لایەنگرانی كاردانەوەی راستەوخۆ بەرامبەر بە كێشەكان پێیانوایە دەبێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كێشەكاندا بكرێت، بەڵام لایەنگرانی كاردانەوەی سیستەماتیك پێیانوایە هەموو كێشەیەك لە هەناوی سیستەمەوە دێتەدەر، هەر بۆیەش دەبێت لەناو سیستەمدا چارەسەر بكرێت. توێژینەوەكان دەریانخستووە زۆربەی كۆنزەرڤاتیڤەكان، وەكوو ترامپ، بڕوایان بە كاردانەوەی راستەوخۆ هەیە، ئەمەش هەر پەیوەندیی بە بیرۆكەی باوكە سەختگیرەكەوە هەیە، چونكە ئەو باوكە دەیەوێت فەرمانەكانی دەمودەست جێبەجێ بكرێن و سەرپێچیكەرەكانیش دەستبەجێ و راستەوخۆ سزای خۆیان وەربگرن. 

دۆناڵد ترامپ نموونەی ئەم كاردانەوە راستەوخۆیانەی زۆرە: كۆچبەران بە لێشاو لە مەكسیكەوە دەڕژێنە ناو ئەمریكا، كاردانەوەی راستەوخۆ بەرامبەر بەمە دروستكردنی دیوارە، 11 ملیۆن كۆچبەری نایاسایی لە ئەمریكادا دەژین، كاردانەوەی راستەوخۆ بەرامبەر بەمە دیپۆرتكردنەوەی هەموویانە. كاردانەوەی راستەوخۆ بەرامبەر بە تەقەكردن لە هاووڵاتیان ئەوەیە هەر كام لە هاووڵاتیان تفەنگێكیان پێبێت بۆ ئەوەی كە تەقەكەرەكە ویستی تەقە بكات هاووڵاتییەكە توانای بەرگریكردن لە خۆی هەبێت. بۆ رێگری لە بردنی هەلی كاری ئەمریكییەكان بۆ وڵاتانی ئاسیایی، حكومەت دەبێت نرخێكی زۆر لەسەر ئەو كاڵایانە دابنێت كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت بۆ ئەوەی پشتگیریی لەو بەرهەمانە بكرێت كە لە ناوخۆی ئەمریكادا بەرهەمدێن و هتد.



ئەدەبی سیاسی:

لە ئەمریكا دەیان ملیۆن كۆنزەرڤاتیڤ هەن كە بڕوایان بە بیرۆكەی باوكی سەختگیر و پلەبەندیی خووڕەوشت هەیە. ژمارەیەكی یەكجاری زۆری ئەم گرووپە سەر بە چینی ناوەڕاست یانیش هەژارن كە خۆیان لە كۆچبەران، ناسپی پێستەكان، ئافرەتان، نامەسیحییەكان و هاوڕەگەزبازەكان... هتد بە گەورەتر دەزانن. لیبراڵەكان بەم گرووپە دەڵێن "دەمارگیری كەلـلەڕەق". لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی ژمارەی كۆچبەران، بەرزبوونەوەی ژمارەی ئافرەتە خوێندەوارەكان و بەشدارییان لە هێزی كاری ئەمریكا، فراوانبوونەوەی مەودای مافەكانی هاوڕەگەزبازەكان و فراوانبوونەوەی گوتاری دژی "دەمارگیرەكان"، ئەم گرووپە هەستیان بە چەوسانەوە و دەمكوتكردنی زیاتر كردووە. ئەم گرووپە كۆنزەرڤاتیڤە هەست دەكەن لە رێگەی بیرۆكەی "ئەدەبی سیاسی" لە "ئازادی رادەبڕین" بێبەشكراون. 

رووداوەكانی 11ی سیپتەمبەر و دواتریش هاتنە سەركاری ئۆباما گڕوتینێكی زیاتری بەم گرووپە دا. ئەوان هیچكات ئۆباما وەكوو سەرۆكێكی شەرعیی ئەمریكا نابینن و زۆربەی بۆچوونەكانی ئۆباماش بەپێچەوانەی دروشمەكانی خۆیان دەزانن.

دۆناڵد ترامپ بەشێوازێكی بەهێز، بە تووڕەیی و بەبێ شەرم گوزارشت لە هەست و سۆزی ئەم گرووپە دەكات. ترامپ كاری ئەم دەیان ملیۆن كەسەی ئاسان كردووە، ئەوان تەنیا پێویستە دەنگ بە ترامپ بدەن و بەس، تەنانەت پێویست ناكات بۆچوونەكانی خۆیشیان دەربڕن، ئەوەی لەسەریانە تەنیا ئەوەیە دەنگ بە ترامپ بدەن بۆ ئەوەی بەبێ رەچاوكردنی "ئەدەبی سیاسی" گوزارشت لە هەست و سۆزی ئەوان بكات.



جیهانبینی دووسەرە

لە سیاسەتی ئەمریكادا هیچ ناوەڕاستێك نییە. راستە خەڵكانی میانڕەو هەن، بەڵام هیچ چوارچێوەیەكی ئایدیۆلۆژی دیاریكراو نییە بۆ ئەوەی هەموویان كۆبكاتەوە. كۆنزەرڤاتیڤێكی میانڕەو لەسەر كۆمەڵێك پرس هەڵوێستێكی تەواو پێشكەوتنخوازانەی هەیە، پێشكەوتنخوازێكی میانڕەویش لەسەر هەندێك پرس روانگەیەكی كۆنزەرڤاتیڤانەی هەیە، لە هەردوو حاڵەتەكەشدا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت. پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دوو جیهانبینی دژبەیەك دەتوانن لەسەر هەندێك پرس یەكبگرنەوە؟

ئەم دوو جیهانبینییە لەناو مێشكی كەسەكاندا بە هۆی خولگەی دەماریی تایبەت بە خۆیان دیاریكراون، هەروەها بەهۆی كۆمەڵێك خولگەی هاوبەش بە یەكدییەوە دەبەسترێنەوە. كاتێك یەكێك لەم دوو جیهانبینییە لە ناو كەسەكەدا دادەگیرسێت (یانیش چالاك دەبێت) ئەوەی دیكەیان دەكوژێتەوە، واتە سست دەبێت. زمان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم چالاكبوون و سستبوونەی جیهانبینییەكان لەناو مێشكی كەسەكاندا. هەرچی زیاتر لەناو دەزگاكانی میدیادا باسی بۆچوونەكانی ترامپ بكرێت، ئەو جیهانبینییە لەناو زەینی پێشكەوتنخوازە میانڕەو و كۆنزەرڤاتیڤە توندڕەوەكاندا چالاكتر دەبێت.

گرنگ نییە لە میدیادا هێرش بكرێتە سەر ترامپ یان پشتگیری لێبكرێت، لەهەردوو حاڵەتدا یارمەتی ترامپ دەدرێت، لەبەر ئەوەی رەتكردنەوەی جیهانبینییەك دەشێت یارمەتی جیهانبینییەكە بدات لەناو زەینی كەسەكاندا چالاك ببێت. نموونەیەكی باش بۆ ئەمە لە ناو فەرمانبەر و كرێكارە پێشكەوتنخوازە میانڕەوەكانی دەرەوەی سەندیكاكانی كاردا دەبینرێت: ئەگەرچی ئەم گرووپە لە رووی جیهانبینییەوە لە دیموكراتەكان نزیكن، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان بە بیرۆكەی باوكی سەختگیر لە ماڵەوە و لە سیاسەتیشدا هەیە، هەر بۆیە خۆیان لەناو بەشێك لە جیهانبینی و دروشمەكانی ترامپدا دەبیننەوە.



ئەنجامگیرییەكی پوخت

ئەگەر بمانەوێت لە هۆكاری سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی ترامپ تێبگەین، دەبێت سەیرێكی هەموو ئەو گرووپ و جڤاكانە بكەین كە ترامپ رووی قسە و دروشمەكانی لێیانە. دیموكراتەكان هەتا ئێستا ئەم پرسەیان بە جیدی وەرنەگرتووە و میدیاش هەتا ئەم ساتەوەختە هۆكارە ریشەییەكانی پشتگیریی جەماوەری لە ترامپ نەكردووەتە بابەتێكی جیدی بۆ قسەوباس. ئەگەر بمانەوێت لە ترامپ و جەماوەرەكەی تێبگەین دەبێت ئەم هەڵوێستە بگۆڕین!

* ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی نووسەر (www.georgelakoff.com) بڵاوكراوەتەوە.


 



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە