رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا ئەم هەفتەیە باندێکی پێنج کەسیی ئەڵمانی دەستگیرکران کە کاریان سووتاندنی ئەو شوێنانە بووە کە کۆچبەران تێیاندا دەژین. هەروەها پلانیان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر کۆچبەران و کەسانی چەپ.
باندەکە ناویان لەخۆیان ناوە (لێتزتە فەرتایدیگونگڤێللە)، واتە دوایین شەپۆلی بەرگری. مەبەستیان لەمەش دوایین هەوڵە بۆ پاراستنی ئەڵمانیای سپی پێستەکان (وەک ئەوان دەیڵێن) لەدەست کۆچبەران و چەپەکان. داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو باندە (هەوڵیانداوە سیستمی دیموکراسی لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵیدا دابڕمێنن. ئەویش بە کردەوەی تووندوتیژانە لەدژی کۆچبەران و ئەو کەسانەی لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵیان ناکۆکن).
ئەوەش ئاشکراکراوە کە پۆلیسی ئەڵمانیا 13 ماڵ و شوێنی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا پشکنیوە و سێ کەسی دیکەی بۆ لێکۆڵینەوە دەستبەسەر کردووە. ئەوانەی دەستبەسەرن گومانیان لێدەکرێ هەوڵی کوشتنی کۆچبەران و سووتاندن کەمپەکانیان دابێت. ئاژانسی فیدراڵیی بەرەنگابوونەوەی تاوان (بوندێس کریمینال ئامت) رایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024 دا رێژەی تاوانکاری لە ئەڵمانیا لەبەر هۆکاری سیاسی 40 لەسەت زیادیکردووە.
