رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەیەکی گەورە لە کاتی دروستکردنیدا لە فلیپین بەسەر کرێکارەکانیدا رووخا و بەهۆیەوە لانیکەم 19 کەس بێسەروشوێنن. تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.
ئەم رووداوە درەنگی شەوی رابردوو شەممە 23ی ئایار لە شاری ئەنجێڵس لە باکووری مانیلای پایتەخت روویداوە.
جای پێلایۆ، گوتەبێژی شارەوانیی ناوچەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا توانیویانە 24 کەس بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکە دەربهێنن، بەڵام هێشتا گەڕان بەدوای 19 کرێکاری دیکەدا بەردەوامە، کە لە کاتی کارکردندا لەوێ بوون.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە لەناکاو دەنگێکی هاوشێوەی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە و دواتر باڵەخانەکە بە تەواوی داڕماوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەڵێن بەهۆی کەوتنی پارچە کۆنکرێتییە گەورە و شیشەوە، پرۆسەی رزگارکردن رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە و تیمەکان پێویستیان بە ئامێری تایبەت هەیە بۆ لادانی داروپەردووەکە.
رووخانی باڵەخانەکە زیانێکی زۆریشی بە هۆتێلێکی تەنیشتی گەیاندووە و دوو کەسیش لەوێش رزگارکراون.
بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کەسانەی رزگارکراون تەندروستییان جێگیرە، بەڵام هێشتا هۆکاری سەرەکیی رووخانی باڵەخانەکە ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە دەستیانپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ