ترەمپ: گرووپەکانی قاچاخچی بە مادەی هۆشبەر داعشی نیوەگۆی رۆژئاوای زەوین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی تاوانباران و ئەوانەی بە نایاسایی چوونەتە وڵاتەکەی. دەشڵێت، گرووپەکانی قاچاخچییەتی بە مادە هۆشبەرەکان "داعشی نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی"ین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە 20ی کانوونی دووەمەوە، ئیدارەکەم 120 هەزار تاوانباری دەستگیرکردووە، کە ژمارەیەکی پێوانەییە."
ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ئیدارەی پێشوو و گوتی: "بەداخەوە، چوار ساڵی پێش من، ئیدارەی پێشوو رێگەی بە داگیرکردنی وڵاتەکەمان لەلایەن قاچاخچییانی مادە هۆشبەرەکان و تاوانباران دا".
ئیدارەی ترەمپ هێزی فیدراڵی لە ژمارەیەک ویلایەت لەوانە کالیفۆرنیا، نیویۆرک و ئیلینۆی بڵاوکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتیی گەورەی لەنێو بەشێکی دانیشتووانی ئەو ویلایەتانە و ژمارەیەک ویلایەتی دیکەش لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووندیشی کردە سەر گرووپەکانی قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکان بەتایبەت ئەوانەی لە ڤەنزوێلاوە مادەی هۆشبەر هەناردەی وڵاتەکەی دەکەن، گوتی، "ئەو گرووپانە خوێنی زۆریان رشتووە و کوشتاری زۆریان لەسەر خاکی ئەمریکا زیاتر لە هەموو گرووپەکانی دیکە بەیەکەوە کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەوان خراپترینی خراپترینەکانن. پێویستە بۆ هەموو جیهان روون بێت کە گرووپەکانی قاچاخچی بە مادەی هۆشبەر داعشی نیوەگۆی رۆژئاوای زەوین."
تاوەکو ئێستا ئیدارەی ئەمریکا لە زەریای ئارام و دەریای کاریبیدا 9 هێرشی کردووەتە سەر ئەو گرووپانە و بەهۆیەوە لانیکەم 37 کەس کوژراون. لە پاڵ هێرشەکان، ئەمریکا هێزی دەریایی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیرکردووە؛ لە وەڵامدا ڤەنزوێلا رایگەیاندووە، 4.5 ملیۆن سەرباز و چەکداری خستووەتە ئامادەباشییەوە و ئۆپەراسیۆنێکیشی بەناوی "سەربەخۆیی 200" راگەیاندووە.